ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: ناچینەوە كۆبوونەوەكان

 

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیەنێت، تاوەكوو سەرۆك و جێگری ئەنجوومەنەكە لانەدرێن، ئەوان ناچنەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنەكە.

ئەوەش ئاشكرا دەكات كە رەیان كلدانی، فەرماندەی میلیشیای بابلیون (كە لەنێو لیستی رەشی ئەمریكاشدایە) و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ دروستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم ئەو دۆخە ئیجابیەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە، بڕیارەكانیان بە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دا.

هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە كۆبوونەوەیەكی نایاساییدا، 20 قایمقام و بەڕێوەبەری یەكەی كارگێڕی لە سنووری پارێزگاكە لەكار لادا و كەسانی سەر بە میلیشیای بابلیون و پاشكۆكانی ئەو میلیشیایەی (لەوانە یەكێتی) لە شوێنیان دانا، بەم هۆیەشەوە فراكسیۆنی پارتی و فراكسیۆنی (نینوی الموحدة) هەڵوێستیان نواند و ئەندامێتیی خۆیان لە ئەنجوومەنەكە هەڵپەسارد.

لەمبارەیەوە ئەمڕۆ یەكشەممە 7ی تەمووزی 2024، ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، هەفتەیەك لەمەوبەر ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە 16 ئەندام كە دەكاتە پەنجا كۆ یەك، كۆ بووەوە، تێیدا بڕیار بوو بەرپرسی شەش یەكەی كارگێڕی بخرێنە دانوستانەوە، كەچی كردیان بە 20 بەرپرسی یەكەی كارگێڕی و هەموویان لادان و 20 كەسی تریان لە جێگەیان دانان. ”ئەمە شتێكی نایاساییە، ئێمە هەڵوێستی خۆمان دەربڕی و ئەندامێتیمان لە ئەنجوومەن هەڵپەسارد.

كەچی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە رایگەیاند كە ئەو لە بڕیارەكانی خۆی ناكشێتەوە، بۆیە ئێمە گوتمان، كە مادام زیادەڕۆیی لەسەر بڕیارەكە دەكەن، ئیدی تا سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگرەكەی لانەدرێن، پێكەوە دانانیشین.“

هەروەك جەختی لەوەش كردەوە: ”ئەوانەی ئەمەیان كرد، میلیشیاكانی نزیك لە رەیان كلدانی بوون لەگەڵ یەكێتی. پارتی و نەینەوای موەحەد كە 13 كورسیی ئەنجوومەنمان هەیە، لە لایەكین و ئەوانیش لە لایەكی ترن. سیاسەت، قانوون و عورفی خۆی هەیە، حكوومەتێكی تەوافوقی دروست كراوە، پاش ئەوەی پۆستی خۆت وەرگرت و دوایی كوتلەیەكی نوێ دروست بكەی و زۆرینە بەكار بهێنیت، ئەمە كارێكی نالۆژیكییە! ئێمە پێشتر لێكتێگەیشتنمان هەبوو و پۆستەكانمان پێیان دا.

كەچی دواتر زۆرینەیان بەكار هێنا و هەر كەس پۆستی بۆ خۆی برد، یەكێتییش لەبەر سێ پۆست چووە پاڵ ئەوان.“

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە داوایان لە فراكسیۆنی پارتی كردووە، گفتوگۆیان لەگەڵدا بكات، بەڵام ”ئێمە دانوستان ناكەین، چونكە تۆ پاش ڕێككەوتن زیادەڕۆیی بكەیت، دانیشتن چ سوودی هەیە؟ ئێمە مەبەستمانە یاسا جێبەجێ بكرێ، كە ئەوان پیشێلكاری دژی یاسا بكەن، ئیتر چۆن لەگەڵیان كۆ بینەوە؟“

گوتیشی: ”مەبەستی سەرەكیی ئێمە شنگالە كە دۆخەكەی تایبەتە، خەڵكەكەی لە دەرەوەی شنگالن و ئاوارەن، پێویستە حكوومەت بچێت شوێنەكانیان ئاوەدان بكاتەوە و قەرەبوویان بكاتەوە. حكوومەتی عێراق دەڵێ هەر خێزانێك بگەڕێتەوە چوار ملیۆن دیناری پێدەدەین كە ئەمە تەنانەت بۆ پاككردنەوەی شوێنی خانووەكانیش ناشێت! جگە لە هەبوونی پەكەكە لە شنگال كە ئەمانە هەموویان مەترسیین لە شنگال. پەكەكە لە شنگال دەرناكەن، دەچن قایمقام دەگۆڕن!“

لە كۆتاییشدا باسی لەوە كرد: ”ئەم كێشەیەی دروستیان كردووە زۆرتر سیاسییە، ئەوان (یەكێتی و رەیان كلدانی) حەزیان كرد ئاستەنگ دروست بكەن بۆ ئەو كەشە ئەرێنییەی ماوەیەكە لەنێوان هەولێر و بەغدا هاتووتە ئارا، بینیتان سەردانی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا لەم رۆژانەدا چەندە گرنگ بوو و چ پێشوازییەكی گەورەی لێ كرا.“

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆكوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازى له‌ كونسوڵى نوێى به‌ريتانيا کرد

سەڵاح

په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ يادى ئه‌نفالدا

یاسین

مەحما خەلیل: ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕانەوەی خەڵکی شنگال بوونی ژمارەیەکی زۆر گرووپی چەکداری نایاساییە

دڵشاد