ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

لە هەولێر .. کۆنفرانسى بەرەوپێشبردنى مافى ئاوارە ناوخۆییەکان بەڕیوەچوو

ئەمڕۆ سێشەممە 2024.8.27، بە ئامادەبوونى فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و بەرپرسی نووسینگەی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی IOM و بەڕێوەبەری قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و نونێنەرانی ڕێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە حکومى و ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەولێرى پایتەخت، “کۆنفرانسى بەرەوپێشبردنى مافى ئاوارە ناوخۆییەکان بەپێى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان” کە لەلایەن نووسینگەى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە هاوبەشى ڕێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى (IOM) ڕێکخرابوو، بەڕێوەچوو.

لە کۆنفرانسەکەدا، پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانان و ئامادەبووانی کۆنفرانس، دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و ڕێکخەرانی کۆنفراس کرد و هیوای خواست ڕاسپاردە و پێشنیارەکان ئامانجی خۆیان بهێنێتە دی، پاشان تیشکی خستە سەر ڕەوشی ئاوارە و پەنابەرانی کەمپەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئاماژەی بە هاریکارییە مرۆییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، گوتیشی، لە ئێستا 340 تا 350 هەزار ئاوەرا و پەنابەر لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای هەولێر هەن، دەستخۆشی لە هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەین کە بەردەوام لە هاوکاریی و یارمەتیدانی ئەو ئەزیزانەدان، هەروەها سوپاس بۆ ڕێکخراوی IOM و ئاژانسە نێودەوڵەتیەکان کە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بوونە، بەڵام بەهۆی بڕینی هاوکارییەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، ئاوارە و پەنابەرانی کەمپەکان پێویستیان بەزیاتر ئاوڕ لێدانەوە هەیە.

هەروەها دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامێزی گەورەی خۆی بۆ ئاوارە و پەنابەران کردۆتەوە و لەنێویشیدا هەولێری پایتەخت بۆتە پەناگەیەک بۆیان، ڕاشیگەیاند، بە فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەک لەگەڵ گەڕاندنەوەی بەزۆرەملێی ئاوارە و پەنابەران نین، تا ئەو کاتەی ئەو ئەزیزانە خۆیان ئارەزوومەندانە و سەربەرزانە دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

پاشان لەلاین پسپۆڕان و یاساناسان و داکۆکیکارانى مافى مرۆڤ، سەبارەت بە ڕەوش و گوزەرانى ئاوارە ناوخۆییەکان جەخت لە پابەندبوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەمافەکانى ئاوارە ناوخۆییەکان کرایەوە و ئاماژەبە پلانى هەرێمی کوردستان درا بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانى مرۆڤ.

جێگەى باسە، ئامانج لە ئەنجدامدانى ئەو کۆنفرانسە، هۆشیارکردنەوەیە لە بەرامبەر مافەکانى ئاوارە و پەنابەران لە چوارچێوەى یاسا پەیوەندیدارەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى زیاترى هاوکاریکردن و پشتگیریکردنیان بە هاوبەشى لە نێوان حکومەت و کۆمەڵگاى مەدەنى و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، لە پێناو دەستنیشانکردنى ڕێکارى توکمەى باشترکردنى پاراستن و بە هێزکردن و یەکخستنى ئاوارەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی پێشوازيی لە مەحموود ئەلمەشهەدانی دەکات

یاسین

کەشناسى پێشبینییەکانی  بۆ 48 کاتژمێرى داهاتوو راگەیاند

سەڵاح

وەزیری دارایی عێراق: مووچە بۆ ئەمساڵ زامنکراوە و بەپێی لیست مووچە خەرج دەکەن

سەڵاح