ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

هه‌ولێر.. یەکەمین کۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ یەکشەممە 30-6-2024، بە ئامادەبوونی هەریەک لە ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و  د. سەرباز نەجیب نوێنەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی دیكه‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار، لەژێر درووشمی گرینگی ڕۆڵی نەخشەدانانی ئاوەدانی لەجێبەجێکردنی سیسته‌می حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی شاروشارۆچکەکان، یەکەمین کۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانی لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

سەرەتا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی وگەشتوگوزار لە گووتەیەکدا ئامانج و مەبەستەکانی کۆنفرانسەکەی بۆ ئامادەبووان شیکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمە یەکەم کۆنفرانسە لەبواری نەخشەدانان و ئاوه‌دانی لەمێژووی وەزارەتی شارەوانی، وه‌ك به‌شێك له‌ كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت.

راشیگه‌یاند، كاركردن بۆ بایه‌خدان به‌ كولتوور و ناسنامه‌ی میللیی نیشتمانی و تێكه‌ڵكردنی له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌ باوه‌كانی نه‌خشه‌دانان و به‌كارهێنانی نه‌قش و هونه‌ره‌كانی كۆن و دووباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی له‌ كاره‌ ته‌لارسازییه‌كان، به‌شێكن له‌ ئامانجه‌كانی كۆنفرانسه‌كه‌.

پاشان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی گوتارێك ئاماژه‌ی به‌ دیدگا و ڕوانگەی سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی بۆ بابەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی كرد و رایگه‌یاند، ئه‌م پرسه‌ لە ئەولەویەت و کاری لەپێشینه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانییه‌.

داواشیکرد، ناوچەی بەفرەزۆنی سنووری پارێزگای هه‌ولێر له‌ راسپارده‌ و پێشنیازه‌كانی ئه‌م كۆنفرانسه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت.

پارێزگاری هه‌ولێر ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بابه‌تی پشتێنەی سەوزی شاری هه‌ولێر  و برەوپێدان به‌ بابه‌تی سه‌وزایی و ژینگه‌ بخرێتە بەرنامە و کارەکانی کۆنفرانسەکە.

باسی لەپرسی لافاو و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای کرد و رایگه‌یاند، پێویسته‌ ئه‌م پرسه‌ به‌ گرنگییه‌وه‌ لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بكرێت.

دەستخۆشیشی لە رێکخەرانی کۆنفرانسەکە کرد و داوایكرد ئەنجام و راسپاردەکانی بۆ داهاتووی نەخشەدانانی ئاوەدانی هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستان به‌ گشتیی بەهێند وەربگیرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشىناسی : پلەکانی گەرما  نزم  دەبێتەوە

سەڵاح

وەزارەتی دارایی چەند بڕیارێک دەردەکات

یاسین

وەزارەتى کارەبا: بۆ وەرزی گەرمای ئەمساڵ کارەبای زیاتر بە هاولاتیان دەدەین

دڵشاد