ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

 دیبەیتی دوو بەربژێرەکەی سەرۆ‌ک‌کۆماری ئێران بڵاو کرایەوە

 

دیبەیتی یەکەمی بەربژێرانی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماریی ئێران، مەسعوود پزیشکیان و سەعید جەلیلی لەسەر مژاری ”سیاسی و کولتووری” بەڕێوە چوو.

هەردوو بەربژێرەکە نیگەرانیی خۆیان لە بەشداریی کەمی خەڵک لە دەنگدانی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا دەربڕی و باسی سیاسەتی دەرەوەیان کرد و ڕوانگەی خۆیان سەبارەت بە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان و ئینتەرنێت و ڕەفتار لەگەڵ ئافرەتان وەک گرنگترین بابەتەکانی بەرباسی ئەو دیبەیتە دەربڕی.

مەسعوود پزیشکیان ئاماژەی بە کەمیی بەشداریی خەڵک کرد و گوتی ئەوە جێی نیگەرانییە کە ٦٠٪ی خەڵک دەنگ نەدەن بەهۆی ئەوەی ئێمە ڕێ نادەین ئافرەتان و گەلانی کۆمەڵگەکەمان بێنە نێو یارییەکانەوە.

پزیشکیان گوتی: خەریکە پشتیوانیی کۆمەڵایەتیمان لە دەست دەدەین بەهۆی گرانی، بەهۆی ڕەفتارمان لەگەڵ کچان و سنووردارکردنی ئینتەرنێت. دەڵێین کە خەڵک لەگەڵ ئێمەن، مافی خۆیانە بێنە سەر شەقام و خۆپێشاندان بکەن، بەڵام کە لەگەڵ ئێمە نین، ئەوە پێچەوانەی یاسایە، دەیانگرین و دەیانبەینە زیندان.

سەعید جەلیلییش گوتی، پێویستە گرنگی بە خەڵک بدەین. سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەش لایەنی بەرانبەری بە پێشێلکردنی ڕێککەوتن و بەڵینەکانیان تۆمەتبار کرد.

جەلیلی گوتی: ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی خۆی دەیگوت، ئێران ١٥ جار بەڵێنەکانی جێبەجێ کردووە، من دەڵێم لە بەڵینەکانیش زیاترمان کرد، بەڵام لایەنی بەرانبەر لێی دەرچوو، ئەنجامەکەیشی ئەمە بوو سزاکان لە ٨٠٠ سزاوە گەیشتنە ١٥٠٠ سزا.

پزیشکیان ئاماژەی بەمە کرد: سیاسەتی دەرەوە کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە یەکگرتوویی ناوخۆیی هەبێت.

ئەو گوتی: ئێمە سەرەتا دەبێت لە نێوخۆدا یەکگرتوو بین و بزانین بەرژەوەندیی ئێمە لەوەدایە لەگەڵ جیهان گفتوگۆ بکەین و پشکی خۆمان وەربگرین. ناکرێ هەر کاڵاگۆڕینەوە بکەین، ئاخر مامەڵەی ١٠٠ ملیار و ٢٠٠ ملیار بە کاڵاگۆڕینەوە ناکرێت.

جەلیلی لە وەڵامدا گوتی، وڵاتەکەی سەرباری گوشارەکانی ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاوا ئێستا ڕۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت.

بەگشتی مەسعوود پزیشکیان چاکسازیی ڕەفتارەکانی حکوومەت لە نێوخۆ و دانوستان لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانیی بە ڕێگاری دەرچوونی وڵاتەکەی لە قەیران ئەژمارد و سەعید جەلیلییش پێی وابوو جیهان هەر ئەمریکا و دوو سێ وڵات نییە، ٢٠٠ وڵاتی تێدایە و دەکرێت ئێران پێوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا هەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕووسیا هێزێکی نوێی سەربازیی لە گوندەکانی کۆبانێ جێگیر کرد

سەڵاح

سەرۆکی حکومەت: ئایندەی نیشتمانەکەمان بەندە بە هەوڵ و کۆششی نەوەکانی داهاتوومان

یاسین

وه‌زاره‌تی ناوه‌خۆ به‌رێژه‌یه‌ك له‌ سزای ئه‌م توێژه‌ خۆش ده‌بێت

یاسین