ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ڕێبەری گەشتیاری بۆ کۆمپانیاکانی کوردستان و عێراق دەستەبەر دەکرێت

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١١ی ٧ی ٢٠٢٤، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، کە لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاری عێراقی ڕێک کەوتوون، بۆ دیاریکردنی ژمارەیەک ڕێنوێنیی تازە، تاوەکوو لەلایەن کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و هەروەها هەرێمی کوردستانیش پەیڕەو بکرێ.

باسیشی لەوە کرد، کە لەمەودوا بەپێی ئەو ڕێنوێنییانەی دەرچوون، دەبێ هەموو کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانەوە هەماهەنگی بکەن بۆ دیاریکردنی شوێنی حەوانەوە و خواردن و شێوازی هاتن و گەڕانەوەی ئەو گرووپە گەشتیارییانەی، کە لە لایەن کۆمپانیا مۆڵەت پێدراوەکانی حکوومەتی عێراقەوە دێننە هەرێمی کوردستان.

ئەمەل جەلال گوتیشی، کە لە هەرێمی کوردستان ٨٠٠ کۆمپانیای گەشتیاری مۆڵەتپێدراو هەن، لە عێراقیش زیاتر لە ١٢٠٠ کۆمپانیای مۆڵەتپێدراوی گەشتیاری هەن، هەر کۆمپانیایەک بەدەر لەو کۆمپانیایانە کاری گرووپی گەشتیاری و هێنانی گەشتیار بکات، لە بازگەکانەوە ڕێگەی هێنانی هیچ گرووپێکی گەشتیارییان پێ نادرێت.

هاوكات، ئەمەل جەلال ڕوونیشی کردەوە، کە ئێستا لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێک کەوتوون، کە هەر کۆمپانیایەکی گەشتیاری لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هەر گرووپێکی گەشتیاری بێنێ، دەبێ ڕێبەرە گەشتیارییەکانیان کورد بن، هەروەها ڕێنوێنییەکانیان بە زمانی کوردی و عەرەبی بن، بۆ ئەوەی گەشتیار سوودی زیاتر لە کاتی گەشتەکەی وەربگرێت و کاتێکیش گرووپی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، دەبێ ڕێبەرە گەشتیارییەکانیان عەرەب بن، بۆ ئەوەی گەشتیاری کورد سوودی زیاتر وەربگرێت.

باسیشی لەوە کرد، کە لە ڕێگەی ئەو تایبەتمەندییانەی بۆ ڕێنوێنییەکان و گرووپە گەشتیارییەکان دیاری کراوە، ئەوا دەبێت لەمەودوا هەموو هەماهەنگییەک لە نێوان گرووپە گەشتیارییەکان لە ڕێگەی ئەو داتابەیسەوە بێت، کەوا هەردوو دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و عێراق دایان ڕشتووە و پێکەوە کاری لەسەر دەکەن و لە یەکەم هەنگاویشدا هەموو کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەخەنە نێو لیستێکی داتابەیسی تۆمارکراوەوە و لە ڕێگەی ئەم داتەبەیسانەوە جموجۆڵ و کارەکانیان دیاری دەکرێت و هەروەها بابەتی پێدانی باجیش بەو گرووپە گەشتیارییانە ئاسانکاری بۆ دەکات، بۆ هاتوچۆی گەشتیاران لە ڕێگای گرووپە گەشتیاری و کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە

یاسین

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق: دەبێت بکەرانی هیرشەکەی سەر کێلگەی گازی کۆرمۆر ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە

سەڵاح

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

یاسین