بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، هێزە نا یاساییەکان ڕێگریی لە شنگالییەکان دەکەن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان وهیچ خزمەتگوزارییەکیشیان پێشکەش ناکەن.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ناساندنی کتێبێکی وێنەیی هونەرمەند ڕۆستەم ئاغەلە گوتی: چیرۆکی خەمناکی ئێزیدییەکان کۆتایی نەهاتووە، ئەوان لە کەمپەکان و تاراوگە دەژین، ئێمە چەندین ساڵە ڕووبەڕووی لەناوچووین دەبینەوە، لەکاتێکدا شانازیی بە پێکەوە ژیان دەکەین، خەڵکێک ویستی ئەو پێکەوە ژیانە لە کوردستان وێران بکات، ئاماژەی بەوەشکرد کە، خەڵکێک لە دەست داعش هەڵاتن و کوردستانیان کردە پەناگە بۆخۆیان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دزەیی گوتی: ئێمە پێویستمان بە هاوکاریی بەردەوامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، دەشڵێت: هێزەکانی بە نایاسایی لە شنگالن، ڕێگرن لە گەڕانەوەی خەڵکەکە بۆ سەر ماڵەکانیان و هیچ خزمەتگوزارییەکیشان نییە، هاوکات پێویستە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و ئەو گرووپە نایاساییانەی لە شنگالن، ناوچەکە بۆ شنگالییەکان بەجێ بێڵن کە ئێستا داگیرییان کردووە.