ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئەمەریکا و عێراق له‌سه‌ر کۆتاییهاتن بە ئەرکی هاوپەیمانان ڕێككه‌وتن و واده‌یه‌كیان دیاری كرد

عێراق و ئەمەریکا لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لەعێراق تا مانگی نۆی 2025 و گواستنەوە بۆ قۆناغی هاوبەشییەکی ئاسایشی دوولایەنە ڕێککەوتن.

ئەم بڕیارە دوای چەند مانگێک گفتوگۆی نێوان کۆمیسیۆنی باڵای سەربازی ئەمەریکا و عێراق و هاوبەشەکانی هاوپەیمانان ڕاگەیەندرا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی بەیاننامەیەکی هاوبەشی بڵاوکردەوە و تیایدا کاتە دیاری کراوەکەی ڕاگەیاند .

لە بەیاننامەکەدا سێ خاڵی سەرەکی خراوەتە ڕوو:

یەکەم -کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازی

لە ماوەی 12 مانگی داهاتوودا هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە عێراق کۆتایی پێدەهێنن و دەگۆڕێت بۆ هاوبەشییەکی ئاسایشییەکی دوولایەنە کە ئامانجی پاڵپشتیکردنی هێزە عێراقییەکانە و بەردەوام دەبێت لە فشارخستنە سەر داعش بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی لە وڵاتەکەدا.

دووهەم- بەردەوامی ئۆپراسیۆنەکان لە سوریا

لە کاتێکدا عێراق ئەندامێکی گرنگی هاوپەیمانیەکەیە، بۆ ڕاگرتنی گەڕانەوەی هەڕەشەکانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەرکی سەربازی هاوپەیمانان لە سوریا تا مانگی نۆی 2026 بەردەوام دەبێت، ئەم بڕیارە پەیوەستە بە دۆخی ناوچەکە و گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا و ئەندامانی هاوپەیمانی.

سێهەم- قۆناغی گواستنەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربازی پابەندە بە دروستکردنی پلان و هێڵی کاتی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی پێشتر باسکراون. ئەمەش ڕێوشوێنەکانی پاراستنی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە عێراق لە کاتی گواستنەوەدا دەگرێتەوە، کە لەگەڵ دەستوور و یاساکانی عێراقدا بگونجێت. هەنگاوی پراکتیکی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانانە لە ئێستاوە دەستیپێکردووە.

عێراق سوپاسی هاوپەیمانی و بەتایبەت ئەمەریکای کرد بۆ پاڵپشتییەکانیان لە شکستپێهێنانی داعش و جەختی لە بەهێزکردنی هاوکارییەکانی داهاتوو لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و ڕێککەوتنە ستراتیژییەکانی پێشووی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.

ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازیی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازیی لە سوریادا هەیە، ئەوەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکەی دژ بە داعش کە لە ساڵی 2014 دا پێکهێندرا.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار

لە هێرشێکی ئیسرائیلدا 12 کەس لە سووریا کوژران

یاسین

راگەیندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە

یاسین

وەزارەتی دارایی رێنوێنیی نوێ بۆ خەرجكردنی شایستەی دارایی بەشێكی فەرمانبەران و هێزەكانی ناوخۆ دەردەكات

یاسین