ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

کۆمسیۆن سەرجەم ئەوانەی بەدرۆ خستەوە كە بانگەشەی بوونی ساختەكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەكەن

 

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە رێگەی بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانەوە، ئەو گرووپ و لایەن و كەسانەی بەدرۆ خستەوە كە بانگەشەی بوونی ساختەكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.

ڕۆژی یەكشەممە 20ی ئۆكتۆبەری 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو كە پێچەوانەی ئەو قسانەی پێشتر سەرانی یەكێتی و هەموو حزبەكانی هاوشێوەی یەكێتی دەیانگوت، پارتی لەجیاتی ئەوەی دەنگەكانی كەم بكات، متمانەی زۆرینەی خەڵكی كوردستانی بەدەست هێنا و زیاتر لە 200 هەزار دەنگی زیادی كرد و متمانەی زیاتر لە 809 هەزار دەنگدەری كوردستانی بەدەست هێنا.

لە بەرامبەردا، ئەو حزبانەی كە شكستیان هێناوە و ئەو دەنگانەیان نەهێناوە كە خۆیان چاوەڕێیان دەكرد، بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە لە هەڵبژاردندا ساختەكاری كراوە، لە كاتێكدا پێشتر خۆیان دەیانگوت هەڵبژاردنەكە لە لایەن كۆمسیۆنی عێراقەوە دەكرێ و ساختەكاریی تێدا ناكرێت! تەنانەت هەندێك لە میدیاكانی یەكێتیش هاوشێوەی ئەو گرووپانە بانگەشەی بوونی ساختەكاری دەكەن! هەرچەندە لە بازنەكانی سلێمانی و هەڵەبجە بە ئاشكرا پێشێلكاریی یاسا و ڕێنماییەكانی كۆمسیۆن كرا و تەنانەت هێزی چەكداری یەكێتی لە نوێنەری قەوارە سیاسییەكانیان دا.

لە بەرامبەر ئەو دەنگۆیانەدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی ئۆکتۆبەری 2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پرێس كۆنفرانسێكی كرد و ئاشكرای كرد كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ”زۆر سەركەوتوو بووە.“ هەروەك روونی كردەوە كە 160 سكاڵا تۆمار كراوە، لە كاتێكدا ”ئێمە شەش هەزار و 318 وێستگەمان هەبووە لەو ژمارەیە تەنیا 26 وێستگە کێشەی هەبووە لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی.“

بەرپرسەكەی كۆمسیۆن جەختی كردەوە كە كارەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ”زۆر سەرکەتوانە بەڕێوە چوون، تەنیا دەنگی پووچەڵ زۆرە، لە هەولێر 97 هەزار و لە سلێمانی 90 هەزار، لە دهۆکیش 18 هەزار دەنگ پووچەڵ بوون كە لە تەواوی كوردستاندا 208 هەزار دەنگی پووچەڵ هەبووە.“

هەروەك وەڵامی ئەوانەشی دایەوە كە بانگەشەی بوونی ساختەكاری دەكەن و گوتی: ”ئەو قسانەی دەکرێن یاخود ئەو کێشە و گرفتانەی کە هەیە، ڕاست نین، چونکە ئێمە شەش هەزار و 318 وێستگەمان هەبووە لەو ژمارەیە تەنیا 26 وێستگە کێشەی هەبووە لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی.“ دووپاتیشی كردەوە: ”كۆمسیۆن وێنە و کارتی دەنگدان دەداتەوە هەموو لایەنە سیاسی و بەربژێرە سەربەخۆكان و هاوپەیمانێتییەكان و هەریەكەیان دەتوانن بێنە ئۆفیسەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی و وێنەكان وەربگرنەوە.“

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدییەکان: ئێزیدییەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کورد و یەک نەتەوەن

سەڵاح

مامەڵەی لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% ده‌ستی پێكرد

سەڵاح

پرێمەرلیگ.. نکۆنکۆ بووە فریادڕەسی چێڵسی و سەرکەوتنیان بەدەستهێنا

sirwan