ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

لەنامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان.. ئیسرائیل هەڕەشە لە عێراق دەکات و ده‌ڵێت حکوومەتی بەغدا بەرپرسیارە

 

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، حکومەتی عێراقی بە بەرپرسیار ده‌زانێت لە “هەموو ئەوه‌ى لەسەر خاکەکەی ڕوو دەدەن”، جەختی لەوەش کردەوە کە تەلئەڤیڤ مافی بەرگریکردنی لە خۆی هەیە.

جه‌عون ساعر، وەزیری ده‌ره‌وه‌ى ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “ئێوارەی ڕۆچى دووشه‌ممه‌ 18ى 11ى 2024، نامەیەکم ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە تێیدا داوای هەنگاوی خێرام کرد سەبارەت بە چالاکی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە عێراق، کە خاکى وڵاته‌كه‌یان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاردەهێنن .”

ئەو دووپاتی کردەوە کە: “حکوومەتی عێراق بەرپرسیارە لە هەموو ئەوه‌ى لەسەر خاکەکەی ڕوو دەدەن و ئیسرائیل مافی هەیە بەرگری لە خۆی بکات وەک لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، بۆ ئەوەی خۆی و هاوڵاتیانی بپارێزێت”.

جه‌دعون، گوتیشی: “داوام لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد بەپەلە هەنگاو بنێت بۆ دڵنیابوون لەوەی حکوومەتی عێراق ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکات و ئەم هێرشانە بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرێت”.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە سەرچاوەیەکی حکوومی، بوونی فشارێكی گه‌وره‌ى ئەمریکای ئاشکرا کرد، هەروەها هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ ڕێگریکردن لە میلیشیا چەکدارەکان له‌ بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ لێدانی ئامانجەکانی ناو ئیسرائیل.

ئەو سەرچاوەیە بۆ ماڵپه‌رى (شه‌فه‌ق نیوز) ئەوەشی خستەڕوو: “ماوەیەکە لایەنی ئەمریکی فشاری خستووه‌ته‌ سەر حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی میلیشیا چەکدارەکان نەتوانن خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان بەکاربهێنن، لایەنی ئەمریکی هەڕەشەیەکی ئاشکرای ئیسرائیلی گەیاندووە کە بەکارهێنانی خاكی عێراق لەلایەن میلیشیاكانه‌وه‌ دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و هێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌و میلیشیایانه‌ له‌ ناو جوگرافیای عێراق، لەبری میلیشیاكان له‌ سووریا”.

ڕۆژنامەی (مه‌عاریف)ی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، کە پلانەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە هەر جۆرە پەرەسەندنێک لە لایەن عێراقەوە بە لێدانی ژێرخان و تواناكانی میلیشیاكان دەست پێدەکات و دواتر دەچێتە قۆناغی به‌ئامانجگرتنى سه‌ركرده‌كانى میلیشیاكان.

ڕۆژنامەکە بە پشت بەستن بە بەرپرسانی هەواڵگری ئیسرائیل و ئەمریکا ئه‌وه‌شى ئاشكرا كردووه‌ کە ڕەنگە ئێران بریکارەکانی لە عێراق ڕابسپێرێت كرده‌وه‌كانیان زیاد بکه‌ن لە وەڵامی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل لە لوبنان و غەزە.

هەواڵی پەیوەندیدار

به‌ بڕی مليارێك و 100 ملیۆن دینار پرۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگه‌ی دێلێژە – سەنگاو جێبه‌جێ ده‌كرێت

سەڵاح

Appel لە نوێترین وەشانیدا تایبەتمەندیەکی نوێ زیاد دەکات

یاسین

رێناس دۆسکی: دێ لسەر رێبازا پارتی و بارزانی بەردەوام بین ل خزمەت کرنا خەڵکی خو

سەڵاح