کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدرید گومانی لەسەر ئامادەیی کیلیان مباپێی ئەستێرەی تیپەکە ڕەواندەوە، پێش ئەوەی سبەی چوارشەممە لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی جامی پاشای ئیسپانیا ڕووبەڕووی یانەی ڕیاڵ سۆسیداد ببنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ئەنچیلۆتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ مباپێ بەهۆی دەرهێنانی ددانەکەیەوە بەشداری مەشقەکانی نەکرد، بەڵام ئامادە دەبێت لەگەڵ ئێمە گەشت بکات و بەشداری یارییەکە بکات.
ڕاهێنەرە ئیتاڵییەکە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە خافێر تیباس سەرۆکی خولی ئیسپانیا “لالیگا” کرد، کە ڕیال مەدریدی بەو یانەیە وەسفکرد کە زۆرترین گریان لە جیهاندا و دەڵێت “تیباس زۆر باسی ڕیال مەدرید دەکات بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی هیچ ڕێزێک بۆ یانەکە یان هاندەرانی نەبێت، پێویستە سەرنجی لەسەر بابەتەکانی دیکە بێت بۆ چاکسازی لە تۆپی پێی ئیسپانیا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، نازانم تیباس چەندە شەرم دەکات باسی هاندەری یانەی ڕیال مەدرید دەکات، هەرکەسێک شانازی بەوە دەکات کە سەر بە ئەم یانەیە بێت یان پاڵپشتی بکات.