فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، لەم دواییانە هێرشەکانیان بۆ سەر ڕێکخراوی حوراس ئەلدینی سەر بە ئەلقاعیدە لە باکوور و ڕۆژئاوای سووریا زیاد کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا پێنج هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە پارێزگای ئیدلب دژی ئەم ڕێکخراوە ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا حەوت سەرکردە و ئەندامی حوراس ئەلدین کوژراون کە یەک تورک و دوو لیبیاییشیان تێدابووە.
سەبارەت بە زیادبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی سێنتکۆم و هاوپەیمانان دژی حوراس ئەلدین، لامار ئەرکەندی پسپۆڕی کاروباری ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ پابەندبوونی ئەمەریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە خۆڕێکخستنەوەیان لە سوریا.
ئەرکەندی هەروەها دەشڵێت بە هاتنە سەرکاری هەیئەت تەحریر ئەلشام، لە دیمەشق، چاودێری و بەدواداچوونی ئەم ڕێکخراوە توندڕەوانە بۆ ئەمەریکا ئاسانتر بووە.
ئەرکەندی گوتیشی”ئەو جیهادییانە ئێستا لە دیمەشق و ئیدلب دیارن، دوای ئەوەی چەندین ساڵە خۆیان حەشارداوە، بەڵام ئەمڕۆ لەژێر چاودێری وڵاتانی ڕۆژئاوادان، ئەمەریکا ئاگاداری هەموو جموجۆڵەکانیانە و تەنانەت دەتوانێت چاودێری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیشیان بکات، بۆیە ئەمەریکا دەزانێت ئەو ڕێکخراوانە چەندە مەترسیدارن و لەم ماوە زۆر کورتەدا زیاتر دەیانکاتە ئامانج”.
لای خۆیەوە نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی مونزیر محەمەد ئەو ئەگەرە بەدوور نازانێت کە زیادبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی سێنتکۆم و هاوپەیمانان دژی حوراس ئەلدین بە ڕەزامەندی و هاوکای هەیەئەت تەحریر ئەلشام یان حکومەتی کاتی لە دیمەشق بێت، چونکە لەم دواییانەدا ناکۆکی و ڕکابەریی لەنێوان هەردوولا، ڕوودیاوە.
محەمەد هەروەها باسی لەوەش کرد کە هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەیەوێت ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان لە سوریا بەتەواوی لەناوببات.
محەمەد بە دەنگی ئەمەریکای گوت “هاوپەیمانان و ئەمەریکا بە دیمەشق دەڵێن نایانەوێت سوریا ببێتە ناوەندێکی ناسەقامگیری کە نەک هەر ناوچەکە بەڵکو جیهانیش بخاتە بەردەم هەڕەشەی تیرۆر.ئەمەش پەیامێکە بۆ حکومەتی ئێستای دیمەشق خۆی بگۆڕێت و دژی گروپە توندڕەوانە بوەستێت بۆ ئەوەی ئەم حکومەتە لە داهاتوودا بتوانێت لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە.”
شایانی باسە ڕێکخراوی حوراس ئەلدین لە ساڵی 2018لە لایەن ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندرا، کە ڕێکخراوێکی توندڕەوی سەر بە قاعیدەیە و زۆرێک لە جیهادییە بیانییەکان لە خۆ دەگرێت.
بنکەکانی زیاتر لە باکووری ڕۆژئاوای سوریان، کە ئەم ناوچەیە پێش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لەژێر کۆنترۆڵی هەیئەت تەحریر ئەلشامدا بووە.
دوای ڕووخانی ڕژێم، حوراس ئەلدین وەک ڕێکخراوێک هەڵوەشایەوە، بەڵام بەشێک لە چاودێران ئەمە بە هەنگاوێکی تاکتیکی وەسف دەکەن کە بە کردەوە هەر وەک خۆی ماوەتەوە و هێرشەکانی سێنتکۆم و هاوپەیمانی نیشانەی بەردەوامی هەڕەشەکانیەتی.