ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

وەزیری وزەی توركیا ئامادەیی بۆڕیی نەوتی كوردستانی لە دیوی توركیا راگەیاند

 

وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی توركیا، ئامادەیی وڵاتەكەی نیشان دا بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بەندەرەكانی جیهان و ئاماژەی بەوە دا، بۆڕیی سیلۆپی _ جەیهان ئامادەیە و دەتوانرێت بەكاربهێنێت بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستان.

ئاڵپئارسڵان بایراكتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی توركیا، لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی، ئامادەیی وڵاتەكەی نیشان دا بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ بەندەری جیهان لە رێگەی بۆریی سیلۆپی _ جەیهان.

بایراكتار لەبارەی ئەو بۆڕییەوە گوتی: ”دوای بوومەلەرزەكەی شەشی شوباتی ٢٠٢٣، بۆڕیی نەوتی عێراق (هەرێمی كوردستان) و توركیا بۆ ماوەی پێنج مانگ وەستا، بەڵام توانیان چاكی بكەنەوە و ئێستا ئەو بۆڕییە ئامادەیە نەوت بگوازێتەوە.”

ئەو بە گرنگییەوە باسی لەو بۆڕییە كرد و ئاماژەی دا، دەیانەوێت بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق (هەرێمی كوردستان)، ئەو بۆڕییە بەكاربێت كە درێژییەكە ٦٥٠ كیلۆمەترە.

لە ئاداری ٢٠٢٣ەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بوو، وەستا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی بۆ دۆسیە بازرگانییەكان لە پاریس، لە بەرژەوەندیی حكوومەتی عێراق بڕیاری دا و حكوومەتی توركیای بەوە تۆمەتبار كرد كە رێككەوتنی ساڵی ١٩٧٣ی لەگەڵ عێراق پێشێل كردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەهۆی پێکدادانی پاسێک و بارهەڵگرێک 32 کەس بوونە قوربانی

سەڵاح

په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌رباره‌ى مامۆستايان و فه‌رمانبه‌رانى مانگرتوو

یاسین

لەسەر ساختەکاری سزای حەوست ساڵ بەسەر بەرپرسێکی حکوومەتدا سەپێندرا

سەڵاح