ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

وەزیری دارایی لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من کۆدەبێتەوە

ئاوات شێخ جەناب: پرۆژەی هەژماری من هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو موچەیی. ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٤/٦/٢٤ بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من کۆبۆوە و ڕایگەیاند جێبەجێکردنی پرۆژەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو موچەیی و ڕێگری لە سپی کردنەوەی پارەو خۆدزینەوە لە باج و چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی پێشکەش بە فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات. پرۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەران لە پرۆژەی هەژماری من لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە ڕێگای هەشت بانکی ئەهلی و حکومییەوە بەردەوامە کە سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە باوەڕ پێکراون و ڕەزامەندی بەشداری پرۆژەکەیان پێدراوە. وەزیری دارایی بڕیاریدا چەندین کارئاسانی زیاتر بۆ تیمەکان بکرێت تا پرۆسەکە خێراتر بکرێت و پێش ئەو وادەیەی بۆی دیاری کراوە سەرجەم مووچەخۆران ببنە خاوەن هەژماری بانکی خۆیان ، هەروەک بڕیاریشدرا مۆڵەتی تا یەکی ئەیلولی ئەمساڵ بە فەرمانبەرانی مەدەنی و کارمەندانی لیوا هاوبەشەکان بدرێت لە پارێزگای هەولێر کە تا ئێستا خۆیان لە پرۆژەکە تۆمار نەکردووە. لە بەشێکی تری دیدارەکەدا تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من دواین داتاو ئاماری پرۆژەکەیان خستەڕوو بەجۆرێک تا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار فەرمانبەر لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە پرۆژەکە تۆمارکراون و نزیکەی ٢٤٠ هەزار کارتی بانکیش دابەش کراوە، هاوکات ئەم مانگە زیاتر لە ٥٠ هەزار مووچە خۆر کە لە ١٣٥ یەکەی ژمێریاری لەسەرجەم وەزارەتەکان پێکهاتبوون بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەیان وەرگرتووە و مانگەکانی داهاتوو ڕێژەکە بۆ دوو هێندە بەرز دەکرێتەوە. هاوکات تا ئێستا ٩٤ ئامێری ڕاکێشانی پارە لە ٣٢ شوێنی جیاوازی پارێزگای هەولێر دانراون و لە ئایندەیەکی نزیکدا ١٤٠ ئامێری ڕاکێشانی پارە لەسەر تاسەری هەرێمی کوردستان دادەنرێت. بەپێی دواین ئامارەکانیش تا ئێستا لیستی نزیکەی ٤٥٠٠ فەرمانبەر ئاڕاستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ( TBI ) کراوە و بە چەند قۆناغێک کارتی بانکی گەڕاوەتەوە بۆ فەرمانبەران. پرۆژەی هەژماری من پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەلایەن نوسینگەی بەڕێز سەرۆک وەزیران بەهەماهەنگی وەزارەتی دارایی و ئابووری جێبەجێ دەکرێت، کە ئامانج لێی دابین کردنی چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی و دەستەبەرکردنی سیستەمی شەفافیەت و کارئاسانییە بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران تا بتوانن بەشێوەیەکی سەردەمیانە مووچەکانیان وەربگرن و لەداهاتوشدا کارمەندانی کەرتی تایبەتیش سودمەند بن لە پرۆژەکە. شایەنی باسە پرۆژەی هەژماری من بریتییە لە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران ( توطين رواتب )،جگە لە دەست ڕاگەیشتنی مووچە بە ئاسانترین شێوە فەرمانبەر دەتوانێت هەرکات و لە هەر کوێ بێت مووچەکەی ڕابکێشێت و سودمەند بێت لە خزمەتگوزاری کڕین و فرۆشتن لە ڕێی سیستەمی ئۆنلاین و دەتوانێت بە ئاسانترین شێوە پارە بنێرێت و پارەش بخرێتە سەر هەژمارەکەی، ئەوە جگە لە سودمەند بوون لە چەندین قەرزو پێشینەی بانکەکان بۆ هاوسەرگیری و خانووبەرەو چەندین بواری تر، وە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت دەسەڵاتی بەسەر هەژمارەکەتەوە هەبێت و هەرکات بتەوێت دەتوانیت تەواوی مووچەکەت ڕابکێشیت.

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسی ئه‌ڵمانیا ده‌كات

یاسین

دەست بەسەر 90 کیلۆ حەبی هۆشبەردا گیرا

یاسین

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكوەزیران پاركی ڕەشكین بە ڕووبەری 120 هەزار مەتر لە هەولێر دروست دەكرێت

دڵشاد