ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

وەزیری دارایی: بە بیانووی وردبینییەوە، بەغدا هەموو مانگێک کێشەیەکی نوێ بۆ مووچە دروست دەكات

 

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، هەرچەندە بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت هیچ کێشە و هۆکارێک ببێتە هۆی دواکەوتن و نەدانی مووچە، بەڵام بە بیانوی وردبینییەوە هەموو مانگێک کێشەیەکی نوێ بۆ مووچە دروست دەکرێ.

بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی دارایی ڕۆژی دووشەممە 8ی7ی 2024، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کردووە لە لیو جیون کونسوڵی گشتی کۆماری میللی چین لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری.

ئاماژە بەوە كراوە لە دیدارێکدا گفتوگۆ لە سەر دۆخی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەت و کونسوڵخانەی چین كراوە و وەزیری دارایی سوپاسی کونسوڵخانەی چینی کرد کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا فەرمانبەرانی وەزارەتی داراییان بانگهێشتی پێنج خول و سیمیناری جیاواز لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتی چین کردبوو بەمەبەستی سود وەرگرتن لە ئەزموونی بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی ئەو ولاتە بەتایبەت لە بواری گومرگ و خاڵە سنوورییەکان.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی کورتەیەکی لە سەر چاکسازیەکانی وەزارەتی دارایی لەم کابینەیە لە بواری ڕێکخستنەوەی باج و گومرگ و بانک و خانەنشینی و بەدیجیتاڵیکردنی دامودەزگاکان و کەمکردنەوەی خەرجیەکان بۆ وەفدی میوان خستە ڕوو.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە لەسەر ئاستی حکوومەت کارئاسانی تەواویان بۆ کۆمپانیا بیانییەکان کردووە تاوەكو وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستان بکەن، گوتیشی: ” لەو ڕوەشەوە هەنگاوی باش نراوە لە بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی و سێکتەرە جیاوازەکان.”

بەپێی راگەیاندراوەكە لە بەشێکی تری دیدارەکەدا ئاوات شێخ جەناب ڕای گەیاندووە: ” لێکتێگەیشتن و بەرەوپێشچوون بۆ چارەسەری کێشەی مووچە هەیە و چەند جارێک وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنیەکان کراوە، هەرچەندە بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت هیچ کێشە و هۆکارێک ببێتە هۆی دواکەوتن و نەدانی مووچە، بەڵام بە بیانوی وردبینیەوە هەموو مانگێک کێشەیەکی نوێ بۆ مووچە دروست دەکەن، لەکاتێکدا بەپێی یاسای بودجە دەبێت سێ مانگ جارێک وردبینی لەخەرجی و داهات بکرێت.”

وەزیری دارایی جەختیشی كردەوە: “هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە لەوانە گەڕانەوەی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم و ڕادەستکردنی لیست و ناوی هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و بەردەوامی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح

دژەتیرۆری كوردستان زانیاری لەبارەی بۆردومانكردنی ئۆتۆمبێلێكی پەكەكە لە شنگال بڵاو دەكاتەوە

سەڵاح

په‌نجا ساڵ لەمەوبەر لەیلا قاسم و هاوڕێکانى لە سێدارەدران

سەڵاح