ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ڕاگەیندراوێک لە لیژنەى ئەمنى پارێزگاى هەولێرەوە

له‌ پێناو به‌ڕێوه‌چوونى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان به‌ شێوازێكى شارستانى و سه‌رده‌میانه‌ له‌ سنوورى پارێزگاکەمان و به‌رگریكردن له‌ ناو و ناوبانگى هه‌ولێرى پایته‌خت كه‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌ پێشه‌نگ بووه‌، هەروەها بە ئامانجى فه‌راهه‌مكردن و ده‌سته‌به‌ركردنى ئازادى بۆ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌بێ جیاوازى و پارێزگاریكردن له‌ كاندیدان و پاراستنى ئارامى و پاك ڕاگرتنى شار و به‌ڕێوه‌چوونى ماوه‌ى دیاریكراوى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌سه‌ركه‌وتوویى، ئێوارەى ئەمڕۆ لیژنەى ئەمنى پارێزگاى هەولێر بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر کۆبۆوە و کۆبوونەوە گەیشتە ئەو بڕیارانەى لاى خوارەوە:-

یه‌كه‌م/ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ كاروانى زۆرى ئۆتۆمبێل له‌ شه‌قامه‌ گشتییه‌كان بكرێت، كه‌ ببێته‌ هۆى دروستكردنى ئاسته‌نگ له‌ ڕێگاى هاتووچۆى خەڵک، هه‌روه‌ها نابێت ئامێرى بێزاركه‌ر به‌كاربهێنرێت كه‌ ببێته‌ هۆى ناڕه‌حه‌تى هاوڵاتییان.

دووه‌م/ نابێت وێنه‌ و پۆسته‌ر و دروشمى كاندیدان له‌و شوێنانه‌ى كه‌ ڕێگه‌ دراوه‌، به‌ ماده‌یى لێكده‌ر وه‌ك (له‌زگه‌ یان غه‌ره‌) لێبدرێت، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌ڵبواسرێت، یان له‌سه‌ر ستاند له‌ شوێنیك دابنرێت كه‌ ڕێگا نه‌گرێت، هەروەها بەکارهێنانى قوم، لم ، چیمەنتۆ بۆ ڕاگرتنى دروشم و پۆستەر و وێنەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

سێیه‌م/ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ چوار ڕێییان و ترافیك لایته‌كان وێنه‌ و پۆسته‌ر و دروشمى كاندیدان لێبدرێت.

چواره‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت وێنه‌ و پۆسته‌رى كاندیدان له‌ فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان، نه‌خۆشخانه‌، قوتابخانه‌كان، هتد .. بدرێت.

پێنجه‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت پۆسته‌ر و دروشمه‌كانى تایبه‌ت به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر دیوار و شوێنه‌ گشتییه‌كان وه‌ك (مزگه‌وت، كلێساكان، شوێنه‌ پیرۆزه‌ ئاینیه‌كان و شوێنە کەلتوورى و مێژووییەکان) هه‌ڵبواسرێت.

شه‌شه‌م/ نابێت پارك و باخچه‌ گشتییه‌كان بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بەکاربهێنرێت.

حه‌وته‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت وێنه‌ و تابلۆى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ (قه‌دى داره‌كان، دورگه‌ى ناوه‌ندیی شەقامەکان) دابنرێت و وێنه‌ و دروشمى کاندیدان له‌ دارى باخچه‌ و پاركه‌كان بدرێت.

هه‌شته‌م/ له‌كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن نابێت ئۆتۆمبێلى (میرى) حكومى به‌كاربهێنرێت.

نۆیه‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ پێدار و نییه‌ ڕسته‌ى ئاڵاى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ستوونى ڕۆناككه‌ره‌وه‌ى شه‌قامه‌كان و هێماکانى هاتووچۆ لە ناوشار و دەرەوەى شار و بەردەم کامێراکانى چاودێرى هه‌ڵبواسرێت.

ده‌یه‌م/ له‌هه‌ره‌ حاڵه‌تێكى سه‌رپێچى پاش دیكۆمێنتكردن، به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن پێبژاردن بۆ كاندیدان و لایه‌نه‌كان ده‌كرێت.

یازده‌یه‌م/ له‌ ڕۆژى هه‌ڵبژاردن ژوورى عه‌مه‌لیات له‌ پارێزگاى هه‌ولێر به‌ به‌شدارى نوێنه‌رى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌بێت، له‌ ده‌ستپێكردنى پڕۆسه‌ى ده‌نگدان تا كۆتایى هاتنى پڕۆسه‌كه‌، هه‌ر سه‌رپێچیه‌ك له‌ بنكه‌كانى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت ئاگادارى ژوورى عه‌مه‌لیاتى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌، پاشان له‌گه‌ڵ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.

دوازده‌یه‌م/ بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى به‌ مه‌به‌ستى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژرادن، له‌ پێناو پاراستنى ئاسایشى شاره‌كه‌مان و گربوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كه‌، ده‌بێت ڕه‌زامه‌ندى لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى هه‌ولێر وه‌ربگیرێت.

سێزدەیەم/ هەر بەربژێرێک پابەند نەبێت بە ڕێنماییەکان، پۆستەر و بانگهێشتەکەى لەلایەن تیمەکانى شارەوانى لادەدرێت و کاردانەوەى یاسایی لەگەڵ دەکرێت.

لیژنەى ئەمنى پارێزگاى هەولێر
2024.9.22

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆكی حكومه‌تی و باڵیۆزی به‌ریتانیا باسیان له‌ گرنگی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان كرد

سەڵاح

هەولێر و بەغدا لەسەر چەند پرسێکی گرنگ رێککەوتن

یاسین

هه‌ولێر … دوو حاڵه‌تی تووشبوون به‌ تای خوێنبه‌ربوون تۆمار كرا

سەڵاح