ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆكی حكومەت: بۆ پێشخستنی كەرتی پەروەردە، پێویستیمان بەوەیە قوتابخانەی زیاتر دروست بكەین

ئەمڕۆ يەکشەممە 10/13، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵگەی پەروەردەیی (بارزانیی نەمر)ی لە هەولێر كردەوە.
لە گوتارێكدا كە لە میانی كردنەوەی كۆمەڵگە پەروردەییەكەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكومەت خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە كۆمەڵگەكە بە شێوەیەكی هاوچەرخ و سەردەمیانە دروست كراوە و لە چەندین بەشی جۆراوجۆر پێكهاتووە. هاوكات هیوای خواست كۆمەڵگەكە و قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەرەكانی، لە ئاست ناوی پڕشكۆی بارزانیی نەمر بن و نموونەی زیرەكی و لێهاتوویی و رەوشتبەرزی و نیشتمانپەروەری و ژینگەدۆستی بن. سەرۆكی حكومەت جەختی كردەوە كە بۆ پێشخستنی كەرتی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان، پێویستیمان بەوەیە قوتابخانەی زیاتر دروست بكەین و ئەو قوتابخانانەشی كە پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، پەلەیان تێدا بكرێت.

ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا
سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەكەم
ئەم بەیانییە هاتم و سەردانی ئەم كۆمەڵگەیەم كرد، بەڕاستی من باوەڕم نەدەكرد بەم شێوە پێشكەوتووە ئەم كۆمەڵگەیە دروست كرابێت. جێی دەستخۆشییە و جێی شانازییە. دەستخۆشی لە وەزارەتی پەروەردە و سەرپەرشتیارانی ئەم كۆمەڵگە پەروەردەییە پێشكەوتووە دەكەم كە لەسەر ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە شێوەیەكی زۆر هاوچەرخ و سەردەمیانە دروستكراوە و لە چەندین بەشی جۆراوجۆر پێكهاتووە. جگە لە لایەنی خوێندن و فێربوون، لایەنە گرنگەكانی دیكەی ژیانیش لە دروستكردنی ئەم كۆمەڵگەیە لەبەرچاو گیراوە، وەك دابینكردنی پێداویستی و دامەزراوە وەرزشی و هونەری و تەندروستییەكان، ئەمە جگە لە سیستەمی سەلامەتی و ئاگركوژێنەوە. هەروەها ڕووبەرێكی باشیش لەم كۆمەڵگەیە بۆ سەوزایی تەرخان كراوە كە ئەمانە كەشێكی لەبارتر و خۆشتر و سەرنجڕاكێشتر دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی قوتابیان زیاتر هۆگری قوتابخانە ببن و كاتێكی بەسوودی تێدا بەسەر ببەن.
ئەم كۆمەڵگەیە بە ناوی ڕێبەری نیشتمانیی گەلی كوردستان جەنابی بارزانیی نەمر كراوە، ئەو رێبەرەی هەموو ژیانی خۆی لەپێناو سەربەرزیی نەتەوەیی بەسەر برد و یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانیشی ئەوە بوو كە گەلی ئێمە بە ئازادی و سەربەرزی لە نیشتمانی خۆی، بە زمانی خۆی بخوێنێت و گەنج و لاوانی كوردستان لە رێگەی خوێندنەوە پێش بكەون و زیاتر خزمەتی نیشتمانەكەیان بكەن.
ئەمڕۆ ئێمە ئەو ئازادی و ئاسایش و سەقامگیری و دەستكەوتانەی هەمانە، هەمووی لە سایەی خەبات و قوربانیدانەكانی پێشمەرگە قارەمانەكان و شەهیدە سەربەرزەكانمانە، بۆیە هیوادارم ئەم كۆمەڵگەیەش و قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەرەكانی، لە ئاست ناوی پڕشكۆی بارزانیی نەمر بن و نموونەی زیرەكی و لێهاتوویی و رەوشتبەرزی و نیشتمانپەروەری و ژینگەدۆستی بن.
پێشتر ئاماژەم پێداوە كە ئێمە پێداویستیمان بە قوتابخانەی نوێ و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان هەیە، بۆ پێشخستنی كەرتی پەروەردە پێویستیمان بەوەیە كە قوتابخانەی زیاتر دروست بكەین و ئەوانەی هەشن پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەبێت، پەلەی تێدا بكەین. لە ساڵانی رابردووشدا سەرەڕای بارودۆخی سەختی دارایی، بەڵام چ وەكوو حكومەت، هەروەها بە هاوكاریی كەرتی تایبەتیش، توانیومانە دەیان قوتابخانەی نوێ دروست بكەین و نۆژەن بكەینەوە. لە چەند رۆژی رابردووشدا بەردی بناغەی 15 باخچە و قوتابخانەی نوێمان لە سنووری پارێزگای هەولێر دانا و لەسەر ئەم بەرنامەیەش بۆ زیاتر پەرەپێدانی كەرتی پەروەردە و خوێندن بەردەوام دەبین.
جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەكەم، بە تایبەتی سوپاسی جەنابی وەزیر دەكەم كە زۆر ماندوو بووە بەم پرۆژەیە و هیوادارم ئەم پرۆژەیە لە خزمەت گشت هاووڵاتیانی كوردستان، بە تایبەتی هاووڵاتیانی شاری هەولێری خۆشەویست بێت.
هەر سەركەوتوو بن، كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت

هەواڵی پەیوەندیدار

پرۆژەی پاركێكی دیكە لەسەر ڕووبەری 82 دۆنم لە شەقامی هەولێر- مووسڵ دەستپێدەكات

سەڵاح

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبونەوەیەکی کەمی تۆمارکرد

یاسین

ژمارەیەك كۆمپانیای ژاپۆنی ئامادەیی خۆیان بۆ كاری وەبەرهێنان لە كوردستان دەردەبڕن

دڵشاد