ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆكی دادگای فیدڕالی: دەبێت كێشەی مووچەی فەرمانبەران بە یەكجاری چارەسەر بكرێت

 

سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕالی ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق، جەختی كردەوە كە دانیشتنێك رێك دەخەن بۆ ئەوەی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە یەكجاری چارەسەر بكەین.

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند “ئەمڕۆ دووشەممە هاوڕێ لەگەڵ خوشک و برایانم لە سەرۆکی فراکسیونە کوردستانییەکان سەردانی سەرۆکی دادگای فیدڕالیمان کرد و لەلایەن دادوەر جاسم عمیری سەرۆکی دادگاکەوە پێشوازییەکی گەرم کراین”.

راشیگەیاند “جیا لە باسکردنی پەیوەندی نێوان هەردوو دەسەلاتی دادوەری و دەسەلاتی یاسادانان، زۆر بە ڕوونی باسمان لە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان کرد کە ماوەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە بە بیانۆی جۆراوجۆر و بێ بنەما لەلایەن وەزیری داراییەوە کە ئەمە پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدڕالییە، بەوەی کە نابێت لەژێر هیچ پاساوێک ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوابکەوێت”.

هەروەها رایگەیاند “بەخۆشحالییەوە سەرۆکی دادگا دووپاتی کردەوە کە ڕاستە ناوەرۆکی بڕیاری دادگا بەو شێوەیە و نابێت دەست بۆ مووچەی فەرمانبەران ببرێت، باسی لەوەش کرد کۆبوونەوەیەک رێک دەخەن تایبەت بەو پرسە و دەبیت کۆتایی بەو بابەتە بێت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بکرێت و مانگانە لەگەل فەرمانبەرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بگاتە دەستیان”.

شاخەوان عەبدوڵا گوتیشی “باسمان لەوە کرد دیسان پێشێلی دەستوور و یاسا کراوە لە بابەتی رێگریکردن لە جوتیارانی ئێمە بۆ گواستنەوەی بەروبوومەکانیان بۆ ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاست، بۆ ئەو بابەتەش پشتڕاستی کردەوە کە دەستوور رێگە نادات ئەو رێگرییە بکرێت”.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق جەختیشی كردەوە كە لە چەند رۆژی داهاتوودا هەر بۆ ئەو پرسانە، کۆمەڵێک سەردانی و رێکاری یاسایی دیكە هەیە دەیگرینە بەر.

هەواڵی پەیوەندیدار

رێنوێنییە شەرعی و کارگێڕییەکان بۆ مانگی پیرۆزی رەمەزان بڵاوكرایه‌وه‌

سەڵاح

بەهای دۆلار دابەزی

سەڵاح

پزیشکیان داوای چاکسازی لە سیستەمی ئابووریی جیهاندا دەکات

سەڵاح