ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرچاوە عێراقییەکان: شاندی ئەمنیی عێراقی پەیامی ئەمریکای بۆ ئێران پێبووە

میدیای عێراقی لە زمان چەند سەرچاوەیەکی سیاسییەوە دەڵێن، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە سەردانی ڕۆژانی ڕابردوویدا بۆ تاران پەیامێکی ئەمریکای بە بەرپرسانی ئەم وڵاتە گەیاندووە و تێیدا هۆشداری دراوە، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ناوچەکە دەخاتە نێو شەڕێکی ئاشکراوە و لێکەوتەی زۆر خراپی لێ دەکەوێتەوە
شارەزایەکی کاروباری ئەمنییش دەڵێت، سەردانەکەی ئەلعەرەجی نەخشەڕێگایەکی نوێیە بۆ ئەوەی هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە ڕوون بۆ ئێران بکاتەوە.
سەرچاوە عێراقییەکان دەڵێن، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە سەردانی ڕۆژانی ڕابردوویدا بۆ تاران پەیامێکی ئەمریکای بە بەرپرسانی ئێران گەیاندووە کە لە پەیامەکەدا هاتووە، هێرشی چاوەڕوانکراوی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی لە ٢٦ی مانگی ئۆکتۆبردا ئیسرائیل کردییە سەر ئێران، ناوچەکە دەخاتە ناو شەڕێکی ئاشکراوە.
قاسم ئەعرەجی بە سەرۆکایەتیی وەڤدێکی باڵای ئەمنی و بە بەشداریی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی تاران کرد و لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کۆ بووەوە.
ئەعرەجی دوای دیداری لەگەڵ ئیسماعیل قائانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیی، جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە، ڕێگە نەدرێت ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەرە بستێنن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکار بێت بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
هەروەها ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دوای دیدار لەگەڵ حوسێن سەلامی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەو دیدارەدا پەیوەندییە هەمەلایەنەکانی هەردوولا و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان تاوتوێ کران.
هاوکات ئەحمەد ئەلتەمیمی، شارەزای کاروباری ئەمنی، بە میدیای عێراقی ڕاگەیاندووە، بەغدا ئاگاداری گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان تاران و ئەلئەڤیڤە کە تێیدا ئاسمانی عێراق دەبێتە ڕێڕەوی فڕۆکە و مووشەکی لایەنەکانی ئەو شەڕە و شەڕەکەش تەنیا لەو چوارچێوەیەدا نامێنێت، چونکە ناوچەکە چەندین باڵ و لایەنی بەرەی مقاومەی سەر بە ئێرانی تێدایە.
ئەلتەمیمی هەروەها گوتی، سەردانەکەی ئەلعەرەجی نەخشەڕێگایەکی نوێیە بۆ ئەوەی هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە چەندین مەلەف ڕوون بکاتەوە، لەوانە بەڵێنەکانی سەبارەت بەوەی ڕێگە نەدرێت لە خاکی عێراقەوە پایتەختی وڵاتانی دراوسێ بکرێتە ئامانج. چونکە لەوانەیە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هێڵە سوورەکان ببەزێنێت و ئیسرائیلیش دامەزراوە نەوتی و ئەتۆمییەکانی ئێران بکاتە ئامانج، ئەوەش جەنگێکی هەمەلایەنەی لێ دەکەوێتەوە و زیان بە عێراقیش دەگەیەنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی زێڕ لە هەلکشانە

یاسین

نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له‌ كونسولى گشتیی نوێى به‌ريتانيا كرد

سەڵاح

ئەحمەد رەئوف : بۆ بەهێزی قەوارەی هەرێم دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن

گوران