دادگایەکی سویدی ئافرەتێکی ٥٢ ساڵان بە تۆمەتی کۆیلەکردنی ئافرەتان و منداڵانی ئێزیدی لە ماڵەکەی لە سووریا، سزای ١٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند. ئەمە یەکەم کەیسی دادگاییه کردن لە سوید تایبەتە بە تاوانەکانی داعش دژی کەمینەی ئێزیدییە.
“لینا ئیسحاق”، هاوڵاتیی سویدی، بە هۆی بەشداریکردن لە “جینۆساید، تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی گەورە” لە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن داعشەوە، بەم سزایە حوکم درا. دادگا جەختی کردەوە کردەوەکانی بەشێک بوون لە هەڵمەتێکی بەرفراوانتری داعش دژی کەمینەی کوردی زمانی ئێزیدی. ئێزیدییەکان بۆ چەندین سەدە لەبەر باوەڕە ئایینیەکانیان چەوسێنراونەتەوە و لە ساڵانی دواییدا، داعش هێرشی دڕندانەی وەک کوشتن و کۆیلایەتی سێکسی دژیان ئەنجام داوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەلجەزیرە، ئەم کەیسە بە تایبەتی ئاماژە بە نۆ قوربانی دەکات کە شەش کەسیان لە کاتی ڕوودانی تاوانەکەدا منداڵ بوون. دادگا ڕایگەیاند ئیسحاق ئەم کەسانەی زیندانی کردووە و وەک موڵکی تایبەتی مامەڵەی لەگەڵ کردوون. قوربانیەکان ناچار کراون کاری ماڵەوە بکەن، ئازادی هاتوچۆیان نەبووە و لە هەندێکیان وێنە گیراوە بۆ گواستنەوەیان بۆ کەسانی تر.
دادگای سوید جەختی کردەوە “سیستەمی تەواوی کۆیلایەتی” یەکێک لە توخمە سەرەکیەکانی تاوانەکانی داعش بووە دژی کۆمەڵگای ئێزیدی و لەبەر ئەمە، تاوانەکانی ئیسحاق شایەنی سزای ١٦ ساڵ زیندان بوو. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی سزای پێشووی، ئەم حوکمە بۆ ١٢ ساڵ کەم کرایەوە. ئیسحاق پێشتر لە ساڵی ٢٠٢٢ بە هۆی ڕێگەدان بە کوڕە ١٢ ساڵانەکەی بۆ بەشداریکردن لە داعش وەک سەربازی منداڵ، بە شەش ساڵ زیندان سزا درابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای هەواڵگریی سوید (Sapo)، نزیکەی ٣٠٠ هاوڵاتی سوید کە یەک لەسەر چواریان ئافرەت بوون، زۆربەیان لە ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ لە سووریا و عێراق پەیوەندیان بە داعشەوە کرد. لەو کاتەدا، سوید یاسای نەبوو بۆ دادگاییکردنی کەسەکان بە هۆی ئەندامێتی لە گروپە چەکدارەکان، بۆیە داواکاری گشتی بۆ دادگاییکردنی گەڕاوەکان تۆمەتی دیکەی بەکارهێنا.
بەپێی یاساکانی سوید، دادگاکان دەتوانن کەسەکان لەسەر تاوانەکانیان دژی یاسا نێودەوڵەتیەکان کە لە دەرەوەی وڵات ئەنجامیان داوە، دادگایی بکەن.

هەواڵی داهاتوو