ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

نوێترین زانیاری لە بارەی مووچە و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەخرێتە روو

 

د. محەمەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی له دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەكدا ، باسی چەند پرسێكی پەیوەست بە داهات و مووچە و پلەبەرزكردنەوە دەخاتە ڕوو و دەڵێت: “هەیە پلەی بەرز دەکرێتەوە مووچەکەی زیاد دەکرێت، هەشمانە بەهۆی بڕیارێكی عێراق‌ لە پلە دوو و سێ مووچەکانیان کەم دەکات.”

بۆ چارەسەری كێشە دارایی و كارگێڕییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق چی نوێ هەیە؟
د. محەمەد زراری: لەسەر ڕاسپاردەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، تیمێک پێک هاتووە، بەناوی ڕێکارەکانی یه‌كخستنی ئیداری و دارایی لەنێوان هەرێمی كوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، هەر کێشەیەک هەبێت لەنێوان ئێمە و حکوومەتی فیدراڵ، لە ڕووی کارگێڕی و دارایی ئەو تیمە چارەسەری دەکات، ئەوەش کاتی دەوێت.
من وەكوو نوێنەری دیوانی چاودێری دارایی لە لێژنەكەم، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێركاریی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان، ئەویش نوێنەری داراییە، نوێنەری دیوانی چاودێریی دارایی بەغداشی تێدایە و هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی لە وەزارەتی دارایی لە بەغداش لە لێژنەكەدایە، هەموو ئەمانەش بە سەرپەرشتیی د. هەیسەم حوسنی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراقە.
ئەو بابەتانەی لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا کێشەیان لەسەرە، ئێمە خۆمان چارەی دەکەین، بەڵام هەندێک بابەتی داهاتی ناوخۆیی هەیە، کە گرنگن، ئێمە ئەو بابەتانە ناکەین، لێژنەی باڵا چارەسەری ئەو بابەت و کێشانە دەکات، بۆ ئەوەی زوو چارە بکرێن.
هەندێک بابەتی دیکە هەن، لە ڕووی دیاریکردنی سیستەمی بودجە، ئێمە لەگەڵ بەغدا دەمانەوێت هەموو شێوازی کارکردنمان یەک بخەین، پێویست ناکات ئەوان سیستەمێک بەکار بهێنن و ئێمەش سیستەمێکی دیکە، ئەوان یاسایەک و ئێمەش یاسایەکی دیکە، دەبێت یەکبخرێته‌وه‌.

داهاتی نانەوتی لە یاسای بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان چەندە؟
د. محەمەد زراری: هیچ ژماره‌یه‌ك لە یاسای بودجەدا له داهات بە شێوەی فەرمی لەسەر هەرێمی کوردستان نەبووە بە ماڵ.

بۆ پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران، ئەوەی ئێستا دەكرێت چۆنە؟
د. محەمەد زراری: بابەتی پلە بەرزکردنەوە ئەوەندە ئاسان نییە، بەشێوەیەکی فەرمی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 680 هەزار مووچەخۆری فەرمیی هەیە. ئەوەندە ئاسان نییە پلەی ئەو هەموو کەسە بە یەکجاری بەرز بکرێتەوە، بەپێی یاسا هەر فەرمانبەرێک پلەی بەرز دەبێتەوە، دەبێت شوێنێکی بەتاڵ و جێگرەوەی هەبێت، بۆ نموونە، كاتێپلە پێنج دەبێتە پلە چوار دەبێت ئه‌ركێكی به‌رزتری پێ بدرێت، ئەگەر ببێت بە پلە سێ به‌ هه‌مان شێوه‌. ئەوە لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی جێبەجێ نەکراوە، لە عێراقیش ئەوەندە بەئاسانی جێبەجێ ناکرێت.
ئەگەر هەموو ئەوانە بەشێوەیەک لەبەرچاو نەگیرێن، هەموو فەرمانبەرێک فەرمانی دەوێت، جا ئفەرمانەکە بە لیست بێت، یاخود تاک، یان بەهەر شێوازێکی دیكە.

هەیە چەند پلەیەك بەرز دەبێتەوە، چۆن مووچەكەی زیاد دەبێت؟
د. محەمەد زراری: سەبارەت بە مووچەکانیشیان، هەیە پلەی بەرز دەکرێتەوە مووچەکەی زیاد دەکرێت، هەیە مووچەکەی کەم دەبێتەوە، چونكه ئێمە لەسەر یاسایەک دەڕۆین، کە یاسای 22ی ساڵی 2008ە، پلە یەک و دوو سێ مووچە بنەڕەتییەکەی كه‌م ده‌بێته‌وه‌، بەڵام بەغدا كار به‌ بڕیاری ژماره‌ 366ی ساڵی 2015ی تایبه‌ت به گۆڕانی مووچه‌ی مووچه‌خۆران دەكات. پلە یەک و دوو سێ مووچە بنەڕەتییەکەی کەم دەبێتەوە، لەبەرامبەردا پلە هەشت و نۆ و دە مووچەکەیان زیاد دەکات. پلە ناوەندییەکانیش لە هەردوولا وەک خۆی دەمێننەوە، هەندێکیان سوودمەند دەبن، هەندێکجاریش پلە دوو سێ مووچەکانیان کەم دەکات.

بۆ پلە بەرزكردنەوە مانگانە چەند پارە پێویستە؟
د. محەمەد زراری: ، ئەگەر پلە بەرزکردنەوەکان بکرێن، بەمەزەندەی خۆم بۆ هەر مانگێک 100 بۆ 150 ملیار دینارمان پێویست دەبێت. هەروەها بۆ دەستپێکردنی پلە بەرزکردنەوە، ئەو بابەتە تۆزێک قورسە و وا ئاسان نییە، چونکە لە بودجەدا جێی بۆ نه‌كراوه‌ته‌وه‌، بەڵام ئەگەر لە ڕووی سیاسییەوە ڕێککەوتن هەبێت، یاخود دادگای فیدراڵی بڕیار بدات، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوتای مووچەی بەغدا بكرێت، بەڵام لێرەشدا چۆن بدرێت پرسیارە؟ ئایا لە ڕێژەیە یاخود لە کاتە، وەکوو ئەوان بدرێت؟ یاخود بەهەموو ئیمتیازەکان هاوتایی بکرێت، ئەوە جیاوازە.
ئەگەر بێینەوە سەر یاسای بودجە، ئەوەندە بۆ هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە، بە فەرمانبەری مەدەنی و ئەمنی و چاودێریی کۆمەڵایەتییشەوە نزیکەی 800 بۆ 825 ملیارێک لە بودجە دیاری کراوە، هەرێمی کوردستان ئێستە مانگانە 900 بۆ 920 ملیار دیناری پێویستە، ئەگەر پلە بەرزکردنەوە بکرێت، ئەوا حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە یەك ترلیۆن و 100 ملیار دیناری پێویست دەبێ.

شوان بەرزنجی
باسنیوز

هەواڵی پەیوەندیدار

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئاگاداری قوتابیانی پۆلی نۆی بنه‌ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌

سەڵاح

چوار کەسی به‌ڕه‌گه‌ز پاکستانی بە تەقەی هێزی سنووری ئێران کوژران

سەڵاح

له‌سه‌ر ناردنی مووشەکی بالیستیکی بۆ ڕووسیا، ئەمەریکا هۆشداری بە ئێران ده‌دات

سەڵاح