ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

رێكارەکانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر و مامۆستایان دەستی پێكرد

سەرجەم شارەوانییەکانی سنووری سلێمانی، بە ناردنی فۆڕمێك لەبارەی پرسی دابەشكردنی زەوی ئاگادار دەكرێنەوە و جەخت لە ناردنی ناوی فەرمانبەران و مامۆستایانیش دەكرێتەوە.

بەپێی راگەیاندراوێكی شارەوانیی سلێمانی، لەدوای کۆبوونەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکان لەگەڵ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە مەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، دەبێت چەند زانیارییەك بەپەلە بنیردرێت.

ئاماژە بەوە دراوە: “لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری شارەوانی و بەمەبەستی ئامادەکردنی ئەو زانیارییانەی لە فۆڕمی هەڵسەنگاندنی دۆخی شارەوانی بۆ دابینکردن و دەستنیشانکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شایستەی هەمیشەیی، بە فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، تکایە ئەو زانیارییانەی داواكراون لە فۆڕمی هاوپێچدا پڕ بکرێنەوە، لەگەڵ ناردنی نەخشەی ئەو زەوییانەی، کە لە فۆڕمەکەدا ئاماژەیان پێکراوە.”

ئەوەش خراوەتە ڕوو: “ئەو زەوییانەی لەدەرەوەی ماستەرپلانی سنووری شارەوانیدان ئاماژەیان پێ بکرێت و بە جیا دەرخستەیان بۆ ئامادە بکرێت و بە نووسراوێك داوای بڕی تێچوو و فراوانکردن و جیاکردنەوەکە بکرێت.”

جەختیش كراوەتەوە، كە دەبێت ئەو زانیارییانە سبەی دووشەمە 13ی 5ی 2024 بگات بە بەشی زەوی و زار لە شارەوانیی سلێمانی.

سەبارەت بە ناردنی ناوی فەرمانبەران، باسی ئەوە كراوە، كە لەم قۆناغەدا تەنیا ناوی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و مامۆستایان بنێرن، لە قۆناغی دووەمدا بڕیارەكە فەرمانبەرانی گرێبەستیش دەگرێتەوە، كاتێك كە دەبنە فەرمانبەری هەمیشەیی.

دوێنێ شەممە، 11ی ئایار، د. چوارس عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی رایگەیاند: “دوای بڕیاری سەرۆكی حكوومەت بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، چەند كۆبوونەوەیەك لە وەزارەتی شارەوانی لەگەڵ شارەوانییەكان كراوە، بۆ خستنەڕووی كۆمەڵێك پێشنیار و راسپاردە، سەبارەت بە بابەتی زەوی و دیاریكردنی ئاستەنگ و كێشەكان.”

ئاماژەی بەوەش دا، هەفتەی رابردوو كۆبوونەوەیەكی فراوان بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی كرا، گوتیشی: “سەرجەم لایەنەكان لە شارەوانییەكان راسپێردران، پرسی دیاریكردنی زەوییەكان یەكلایی بكەنەوە، ئەم هەفتەیە هەفتەیەكی یەكلاكەرەوە دەبێت و بە كردەوە ژماری زەوییەكان دەخرێنە ڕوو.”

ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستا بەشێك لە شارەوانییەكان زەویی پێویستیان هەیە و بەشێكی دیكەش خەریكی چارەسەركردنی كێشەكانن.

ڕۆژی 27ی03ی2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە بەپێی یاسا و رێنوێنییەکان سوودمەند نەبوون و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ڕاسپارد.

ئەو بەرپرسەی شارەوانی جەختی كردەوە، رێنوێنی و رێكارەكانی چۆنیەتیی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران لە لایەن وەزارەتی شارەوانی تەواو كراوە و دراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسندكردنی، گوتیشی: “ئەنجوومەمی وەزیران گفتوگۆی لەسەر كردووە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا رێنوێنی و رێكارەكان پەسند بكرێن و لە رۆژنامەی (وەقایعی كوردستان) بڵاو بكرێتەوە.”

شوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار

رێگەیەکی سەرەکی لە گەرمیان قیرتاو دەکرێت

یاسین

ڕوسیا: ئامادەین دوای دەرچوونی ئەمریکا هاوکاریی عیراق بکەین

یاسین

پارێزگاری هەولێر: لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی ئاگرەکەی بەردەم بازاڕی نیشتیمان دەستی پێکردووەوە و دواتر هۆکارەکەی ڕادەگەێندرێت

دڵشاد