ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سه‌رۆك بارزانی به‌و شێوه‌یه‌ باسی ڕاپه‌ڕینی 1991 ده‌كات

له‌ 5/3/1991ـدا، ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی له‌ كوردستان ده‌ستی پێ كرد و یه‌كه‌م شوێن ڕانیه‌ له‌ ده‌ستی رژێمی به‌عس ده‌رهێنرا و ئازاد كرا.

ڕاپه‌ڕینی گه‌لی كوردستان و هه‌ڵمه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ سه‌ر مۆڵگه‌كانی به‌عس، تا ئازادكردنی كه‌ركووكی دڵی كوردستان، كه‌ دوائامانجی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ بوو، نه‌وه‌ستا.

سه‌رۆك بارزانی له‌ به‌رگی پێنجه‌می كتێبی (بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد) باسی ڕاپه‌ڕینی 1991 ده‌كات و ده‌ڵێ: مانگی ئاداری 1991، وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ و گه‌وره‌ بوو له‌ مێژووی گه‌لی كوردستاندا، جه‌ماوه‌ری ئازا و دڵسۆزی كوردستان دژی داموده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كانی به‌عس له‌ كوردستان ڕاپه‌ڕین و له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا هه‌موو ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی رژێم له‌ كوردستان ڕاماڵدران و كوردستان له‌ هێزی سته‌مكاری به‌عس پاك كرایه‌وه‌، كه‌ به‌رهه‌می یه‌كڕیزی و ته‌بایی گه‌لی كوردستان و پارته‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بوو.

سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێ: له‌ 6/3/1991ـدا سه‌ردانی قاسمه‌ڕه‌شم كرد و له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا و برایانی سه‌ركردایه‌تیی به‌ره له‌ ناوچه‌كه‌ كۆبوومه‌وه‌ و بڕیار درا له‌ هه‌ردوو ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستان و گه‌لی كوردستانه‌وه‌، زانیاریی ڕێنوێنیی پێویست به‌ جه‌ماوه‌ری كوردستان بدرێت.

سه‌رۆك بارزانی ده‌شڵێ: له‌ 11/3/1991 چووینه‌ ڕانیه‌ و پێشوازییه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌ و گه‌رمی جه‌ماوه‌ریمان لێ كرا و من و نه‌وشیروان مسته‌فا پێكه‌وه‌ بووین و وتارێكمان پێشكه‌شی جه‌ماوه‌ره‌ دڵسۆز و خۆڕاگره‌كه‌ كرد

سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌:  رۆژی 17/3/1991،  سه‌ردانی پردێمان كرد، له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا و كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ، پێكه‌وه‌ چۆنیه‌تی رزگاركردنی كه‌ركووكمان تاوتوێ كرد، بڕیاری پێویست درا و هێزی پێویسیتیشی بۆ دیاری كرا.

رۆژی 20ی ئادار كه‌ركووك به‌ ته‌واوی ئازاد كرا. ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ی ئازادیی كه‌ركووك، پڕ بوو له‌ سه‌ربه‌رزی و هیوا و خۆشی بۆ میلله‌ته‌كه‌مان.

سه‌رۆك بارزانی، باسی ئه‌وه‌ش ده‌كا: رۆژی 22ـی ئاداری 1991 سه‌ردانی شاری كۆیه‌م كرد و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك، وتارێكم پێشكه‌شی جه‌ماوه‌ری كۆیه‌ كرد و رامگه‌یاند كه‌ قۆناغی شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی كۆتایی هات و پێویسته‌ به‌ره‌و شه‌رعیه‌تی یاسایی هه‌نگاو بنێین، هه‌ڵبژاردن بكرێ و جه‌ماوه‌ری كوردستان و گه‌لی كورد بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆی بدات.

هه‌ر كات له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانه‌وه‌ سه‌یری ڤیدیۆی وتاره‌كه‌م ده‌كه‌م، كه‌ له‌و بارودۆخه‌دا باسی هه‌ڵبژاردن و سه‌روه‌ری و شه‌رعیه‌تی یاسام كرد، ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م بارودۆخه‌ كه‌س بیری لێ نه‌ده‌كرده‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ر كات ده‌یبینمه‌وه‌، هه‌ستێكی خۆشم بۆ دروست ده‌بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا دابەزینی تۆمارکرد

سەڵاح

شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا پێی نایە هەزارەمین ڕۆژیەوە

یاسین

نرخى نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینى تۆمار کرد

یاسین