ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆکی حكومه‌ت: پێویستە زانکۆکانمان، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە و گرفت و قەیرانەکان یارمەتیدەرمان بن

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیداری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و ئوردن لەژێر ناونیشانی (وێناکردنی ئایندە لەرێگەی پەرەپێدانی بەردەوام) لە هەولێری پایتەخت، بە بەشداری شاندێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵای ئوردن و ژمارەیەکی زۆر لە زانکۆکانی ئوردن و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکوومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێشخستن و پەرەپێدانی خوێندن و ناوەند و دامه‌زراوه‌ ئەکادیمییەکانمان، یەکێکە لە کارە لە پێشیەکانمان و دەمانەوێ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە، له‌ ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدابن و ببنه‌ یارمه‌تیده‌ری پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئابووریمان.

وتیشی، پێویستە زانکۆکانمان، هاوکار و بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە و گرفت و قەیرانەکان یارمەتیدەرمان بن کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە و لە ڕێگەی پلان و نەخشەڕێگەیەکی زانستییانەوە.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بە ناوی خوا گەورە و میهرەبان

میوانان و ئامادەبووانی بەڕێز

زۆر بەخێر بێن

بەخێرهاتنێکی گەرمی میوانانی بەڕێز، شاندی شانشینی هاشمی ئوردنی دەکەم بۆ هەرێمی کوردستان و سوپاسی ڕێکخەرانی ئەم دیدارە گرنگە دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانی دەخوازم .

هیوادارم لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا، ئەنجام و ڕاسپاردەی گرنگ و بە سوود بخرێنە ڕوو هەروەها ئەم دیدارە، ببێتە مایەی پێشخستنی زیاتری خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.

ڕێز و پێزانینمان هەیە بۆ هاریکاری و هەماهەنگیی شانشینی ئوردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.

خۆشحاڵین کە پەیوەندییەکی لەمێژینە و دۆستانەمان لەگەڵ شانشینی هاشمی ئوردنی بەڕێبەرایەتی خاوەن شکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم هەیە کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا، هاوکار و پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بووه.

بەڕێزان:

پێشخستن و پەرەپێدانی خوێندن و ناوەند و دامه‌زراوه‌ ئەکادیمییەکانمان، یەکێکە لە کارە لە پێشیەکانمان کە دەمانەوێ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە، له‌ ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدابن و ببنه‌ یارمه‌تیده‌ری پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئابووریمان.

ڕاستە لە ساڵانی ڕابروودا، ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی جۆراوجۆر بووینەوە و بەسەر زۆریشیاندا زاڵ بووین، بەڵام چەند کێشە و قەیرانەکانیشمان هەبێت، هەرگیز ساردمان ناکەنەوە لەوەی بایەخ و گرنگییەکی تەواو، بە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی خوێندن و زانکۆکانمان بدەین. پێویستە زانکۆکانمان، هاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە و گرفت و قەیرانەکان کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە و لە ڕێگەی پلان و نەخشەڕێگەیەکی زانستییانەوە، هاریکاریی حکوومەت بکەن بۆ ئەوەی درێژە بە بەرنامەی چاکسازیی هەمەلایەنەی خۆی بدات.

ئێمە چاوەڕوانییەکی زۆرمان لە زانکۆکان هەیە بۆ ئەوەی ڕۆڵی کاریگەر و کارای خۆیان نەک تەنیا وەک مەڵبەندێکی زانستی فێرکاری و پێگەیاندنی نەوەکانمان بگێڕن، بەڵکوو دامەزراوەیەکی زیندووی ڕۆشنگەریی و بزوێنەری نوێخوازی و داهێنانیش بن.

هەمیشە خوازیاری ئەوەین کە ئارامی و سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان بەگشتی هەبێت. لەم چوارچێوەیەشدا، هەمیشە هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە و کاری کردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی ئەرێنی هەبێت لە دابینكردن و پاراستنی سەقامگیریدا، چونکە تەنیا لە دۆخێکی سەقامگیردا، دەتوانین کار لەسەر پێشخستنی کۆمەڵگەکەمان لە هەموو بوارەکاندا بکەین بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵات و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، کە ئێمە لە ڕووی سامانی مرۆیی و ماددییەوە، هیچمان لەو کۆمەڵگەیانە کەمتر نییە و تەنیا بارودۆخێکی ئارام و سەقامگیر و بەڕێوەبردنێکی ژیر و زانستی و داهێنەرانەمان پێویستە بۆ ئەوەی لە ئاست پێشکەوتنەکانی سەردەمدا بین.

جارێكی دیكه بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکانمان دەکەم و ده‌ستخۆشیتان لێ ده‌كه‌م بۆ ئەنجامدانی ئەم دیدارە و هیوای سەرکەوتننان بۆ دەخوازم.

 

هەر شاد و سەرکەوتووبن .

No photo description available.

May be an image of 7 people and newsroom

May be an image of 9 people, dais and text

هەواڵی پەیوەندیدار

کونسوڵخانەی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر هاوڵاتیان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌

سەڵاح

سێ پارێزگاری خۆرهەڵاتی کوردستان باس لە گرنگیی هەرێمی کوردستان دەکەن

سەڵاح

ئاسایشی هەولێر دەست بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی پزیشکی و پاکەتی جگەرە دادەگرێت

یاسین