ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سه‌رۆكی حكومه‌ت دڵنیایی ده‌داته‌ زانلێكه‌وتووانی بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دەداتە زیانلێکەوتووانی ڕووداوەکەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کە حکومەتی هەرێمی کوردستان درێغی لە نۆژەنکردنەوەی شوێنی ڕووداوەکە و هاوکاریی زیانلێکەوتووان ناکات.

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە (6ـی ئایاری 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی ڕابردووی بینی.

مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە: “کاسبکارانی بازاڕەکەم دڵنیا کردەوە کە درێغی ناکەین لە نۆژەنکردنەوە و یارمەتیدانی زیانلێکەوتووان“.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: “سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم شەوی ڕووداوەکە، ماندوو بوون و گیانی خۆیان خستە مەترسییەوە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان“.

لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بازاڕی قەیسەریی هەولێر، مەسرور بارزانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ڕاسپارد کە لە زووترین کاتدا، لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونە بە ڕێنماییەکان یان دەستێکی خراپەکاری لە پشت ڕووداوەکەوەیە.

شەوی 5ـی ئایاری 2024، ئاگر لە بەشێک لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاریی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لەبەر فراوانیی قەبارەی ئاگرەکە و سەختیی گەیاندنی هۆیەکانی کوژاندنەوەی ئاگر، دوای چەند کاتژمێرێک ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا.

دوای ڕووداوەکە، ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد: “بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری، بە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێگەیشتووە“.

هەروەها ڕوونی کردەوە: “جگە لە زیانی ماددیی ڕووداوەکە، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆى قەرەباڵغیی هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، 132 کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاووڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە دۆخی تەندروستییان تێکچوو“.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

هەواڵی پەیوەندیدار

په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى تازه‌ى كۆچى

دڵشاد

به‌ بڕی زیاتر له‌ دوو ملیار دینار پرۆژەی شەقامێكی 30 مەتری و ئاوەڕۆیەك لە دارەتوو دەست پێدەكات

سەڵاح

وەیسی سەعید وەیسی: 7ی حوزەیرانی 2017 ڕۆژێكی مێژووییە لە ژیانی سیاسیی گەلی كوردستان

دڵشاد