ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

بۆ ئاگربەست لە غەززە، ئەنجوومەنی ئاسایش پڕۆژه‌كه‌ی بایدینی پەسەند کرد

ئێوارەی ئەمڕۆ، ڕەشنووسی بڕیارنامەی پشتیوانی لە پێشنیازی سێ قۆناغ کە لە لایەن سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن’ەوە ڕاگەیاندراوە و لەقۆناغی یەکەمدا داوای ئاگربەستی دەستبەجێ لەغەززە دەکات، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرا.

ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە ١٥ ئەندام لە خۆ دەگرێت، بە ١٤ دەنگی بەڵێ ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی پەسەند کرد بۆ ئەوەی ڕێگر نەبێت لە پەسەندکردنی پڕۆژەکەی ئەمریکا، ڕووسیا دەنگی بێلایەنی بەکارهێنا.

ڕووسیا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی ڤیتۆی هەیە.

بۆ یەکەمجار ڕۆژی ٣١ی ئایار سەرۆکی ئەمریکا باسی لە گەڵاڵەیەکی خۆی کرد بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی غەززە و بەپێی گەڵاڵەکەی، لە سێ قۆناغدا جێبەجێ دەکرێت و پشتیوانی دیپلۆماتیکی هەریەکە لە وڵاتانی میسر و قەتەری هەیە.

بە پێی بڕیارنامە سێ قۆناغییەکە، لە قۆناغی یەکەمدا لەپاڵ ئاگربەستی دەستبەجێ، پێویستە بەدیلگیراوەکان ژن، بەتەمەنەکان و برینداران ئازاد بکرێن و لەگەڵ دیلە فەڵەستینییەکان ئاڵوگۆڕیان پێ بکرێت. گواستنەوەی بریندارەکان، گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان دابین بکرێت. فەڵەستینییە سڤیلەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵی و حاڵی خۆیان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێکردن یارمەتیدەر بێت.

بە پێی قۆناغی دووهەمی بڕیارنامەکە، بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە، بەدیلگیراوەکانی دیکەش ئازاد دەکرێن و ئیسرائیل لەسەرانسەری کەرتی غەززە دەکشێتەوە.

لە قۆناغی سێیەمدا، بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش داوا دەکات کە پلانێکی درێژخایەن بۆ داهاتووی ناوچەکە دابڕێژرێت بۆ بونیادنانەوەی ناوچەکە و تەرمی قوربانیان ڕادەست بکرێتەوە.

لە بڕیارنامەکەدا هەروەها پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی کراوە و ئاماژە بەوەش دراوە کە گرنگە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا لە ژێر دەسەڵاتدارێتییەکی یەکگرتووی فەڵەستینی دابن.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

له‌ حاجیاوا 100 ملیۆن دینار بۆ سیستەمی ئاودێری خەرج دەكرێت

یاسین

بڕیارێك بۆ به‌شێك له‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌رده‌چێت

یاسین

ڕۆژنامەنووسێکی ئەمەریکی ڕەخنە لە سیاسیەتی ئەمەریکا دەگرێت لە بەرامبەر رووسیادا

یاسین