ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

د. دیندار زێباری: لە کابینەی نۆیەمدا جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بواری ئازاديی ڕۆژنامەگەری بە ڕێژەی زیاتر لە 70% زیادی کردووە

 

ئەمڕۆ ١٢٥ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی، لە ئێستادا رۆژنامەگەری کوردی پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینووە و کەشێکی لەبار بۆ ئازادی کاری رۆژنامەنووسی رەخسێندراوە لە هەرێمدا.
لەم بارەوە د. دیندار زێباری ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەست کردن بە گرنگیی کاری رۆژنامەنووسی بۆ خستنەڕووی شەفافییەتی زیاتر لە راپەراندنی کاروبارەکانی دا، ئەرکی خۆی بۆ خوڵقاندنی ژینگەیەکی لەبار و داکۆکیکار بۆ کاری رۆژنامەنووسی جێبەجێ دەکات، کە لە سایەی دا میدیاکاران بتوانن ئەرکی پیشەیی خۆیان راپەڕێنن، بۆ ئەم مەبەستەش کاری ڕۆژنامەنووسی بە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 رۆژنامەگەری هەرێمی کوردستان رێکخستووە کە تێیدا ئەرک و مافی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن دیاری کراوە.
ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها وتی: بە پاڵپشتی بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دوا بەدوای پەسەند کردنی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کابینەی نۆیەمدا (١١) راسپاردەی تایبەت بە کاری ڕۆژنامەنووسی کەوتنە پڕۆسەی جێبەجێکردن کە لەلایەن ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆڕگانە نێودەوڵەتییەکانی تر ئاڕاستەی دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان کرابوون، ڕێکاری تایبەتیش گیراوەتە بەر سەبارەت بە میکانیزمی لێپێچینەوە، پێدانی زانیاری، خێراکردنی پرۆسەی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانی کاری ڕۆژنامەگەری و جێبەجێکردنی یاسای ڕۆژنامەگەری.
بەپێی ڕاپۆرتی بەراوردکاریى پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی بواری ئازاديی ڕۆژنامەگەری بەم شێوەیە بوون: لە ساڵی 2022 تەنیا (١) ڕاسپاردە جێبەجێکرابوو، و (٥) ڕاسپاردە جێبەجێ نەکرابوون، و (٥) ڕاسپاردەش لە قۆناغی جێبەجێکردندا بوون. بەڵام لە ساڵی 2023 دا (٧) ڕاسپاردە جێبەجێکراون و (١) ڕاسپاردە جێبەجێ نەکراوە و (٣) ڕاسپاردەش لە قۆناغی جێبەجێکردندا بوون. بەم پێیەش جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی بواری ئازاديی ڕۆژنامەگەری لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ڕێژەی زیاتر لە 70% زیادی کردووە.
لەبارەی پاراستنی مافی یاسایی ڕۆژنامەنووسان دیندار زێباری وتی: لە ساڵی 2023 دا (٥) داوای یاسایی دژی دەزگاکانی راگەیاندن بۆ دادگا بەرز کرانەوە لەسەر بابەتی جۆراوجۆر وەک سازشکردن لەسەر ئاسایشی نیشتمانی، ناوزڕاندن و سوکایەتی و هەڕەشە کردن، پارێزەری دابین کراوە بۆ بەرگری کردن لە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن. هەروەها لە ساڵانی 2021 تاکو 2023 نزیکەی (٦٥) نووسراو لە دادگا و پۆلیس ئاڕاستەی سەندیکای رۆژنامەنووسان کراون، لەلایەکی دیکەوە (٢) داوا لە دادگاکان و (٢) داوا لە داواکاری گشتی لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە تۆمار کراون.
ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لەوە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری رۆژنامەنووسی ڕێکخستووە و وتی: لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە (٢٠٠٠) میدیای دیجیتاڵی و ڕۆژنامەوانی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە مۆڵەتیان پێدراوە لەوانە: (١٣٠) ماڵپەڕی هەواڵی، (١٣٨) ڕادیۆ، (٢٦٣) ڕۆژنامە، (726) گۆڤار، (٣١) کەناڵی ئاسمانی و (٨٥) کەناڵی ناوخۆیی، هەروەها بۆردێک پێکهێنراوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دامودەزگاکانی راگەیاندن. لەلایەکی دیکەوە ئاماری ئەندامانی سەندیکا لە ساڵی 2023 بەم شێوەیە بووە (6910) ئەندامی کارا، (242) ئەندامی مەشقکار و (2020) ئەندامی بەشدار.
دیندار زێباری ئاماژەی بەوەش کرد کە لە رووی یاساییەوە هەوڵ دەدرێت کە یاسای کاری رۆژنامەنووسی هەموار بکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت و لەم رووەوە وتی: کاتێک یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 پەسەند کرا ئەو کات تەنیا باس لە رۆژنامەنووسی خوێنراو کراوە، بەڵام ئێستا میدیای ئەلکترۆنی هەیە، و پێویستە یاساکە هەموو پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا لەخۆ بگرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک‌‌وەزیرانی پۆڵندا: ئەنجامی هەڵبژاردنی فەرەنسا ڕووسیای نیگەران کردووە

یاسین

ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان کەمپینی هاریکاریکردنی لێقەوماوانی لافاوەکەی شاری دهۆکی راگەیاند

سەڵاح

زانكۆیا دهۆك كۆلیژا په‌روه‌ردا جه‌سته‌یی و زانستێن وه‌رزشی خیڤه‌تگه‌ها خۆ یا شازدێ ڤه‌كر

سەڵاح