ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆ بووەوە

مڕۆ پێنجشەممە 5/9 ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەی بوو، برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازاديی ئایینی و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال تاوتوێ کرا.
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، خۆشحاڵيی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشان دا و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هاوپەیمان و هاوبەشێکی ستراتیژی 360 پلەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە لە عێراق و ناوچەکەدا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و کارکردن لەپێناو برەودان بە بەها هاوبەشەکانی دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازاديی بیر و ڕا و ڕاگەیاندن و ئازاديی کارکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی و هاریکاریی بەردەوامی ئەمەریکای کرد و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و پاراستنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی دووپات کردەوە.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کات و پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکانی کوردستان و چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنن.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، جەخت کردنەوە بوو لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و گرووپە نایاساییەکان و زەوینە خۆشکردن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.

هەواڵی پەیوەندیدار

له‌ سعوودیه‌ كار بۆ دۆزینه‌وه‌ی حاجییانی ونبوو دەكرێت

سەڵاح

بڕیاری ڕاگرتنی پڕۆژەکان یەکەکانی کرێنشینان ناگرێتەوە

یاسین

ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان کەمپینی هاریکاریکردنی لێقەوماوانی لافاوەکەی شاری دهۆکی راگەیاند

سەڵاح