ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

یعقوب جادر: پڕۆژەی “هەژماری من” سوودی زۆری دەبێت بۆ مووچەخۆران

مامۆستایێکی زانکۆ و شارەزاری ئابووری رایگەیاند، کە بەبانکی کردنی مووچەدان هەنگاوێکی گرنگە بۆ بە مۆدێرن بوونی دارایی و پڕۆسەی مووچەدان، پڕۆژەی “هەژماری من” کە لەسەر بنەمای “کرێدیت کارد”ە سوودی زۆری دەبێت بۆ مووچەخۆران.

یعقوب جادر ابراهیم، مامۆستای زانکۆ و شارەزاری ئابووری، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: بەبانکی کردنی مووچەدان هەنگاوێکی گرنگە بۆ بە مۆدێرن بوونی دارایی و پڕۆسەی مووچەدان، کۆمەڵێک ئاسانکاری پێشکەش بە مووچەخۆران دەکات، لەوانە نەهێشتنی جەنجاڵی، نەهێشتنی نۆرەی مووچە وەرگرتن، وەرگرتنی مووچە لە کاتی خۆیدا و نەهێشتنی دواکەوتنی مووچە و هەروەها سوودمەندبوون لە هەموو ئەو خزمەتگوزاریانەی کە بانکەکان پێشکەش بە بەشداربووەکان دەکەن لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتییەوە.

مامۆستای زانکۆ گووتی: پڕۆژەی “هەژماری من” کە لەسەر بنەمای “کرێدیت کارد”ە سوودی زۆری دەبێت بۆ مووچەخۆران لە لایەک و بۆ هەموو جۆرە بازرگانییەکان لە لایەکی دیکەوە چونکە ژێرخانێکی پتەوی دارایی دابین دەکات بۆ زیاتر بەبانکی بوونی ئالۆگۆڕیەکان و بەرەو پێش بردنی جۆری ئالۆگۆڕە بازرگانییەکان و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ درووست بوونی چەندین جۆری تازە لە شێوازی بازرگانی و هەروەها ئاسانکاری بۆ کڕیار و فرۆشیارەکان دەکات کە هەر ئەمەش وا دەکات کە مووچەخۆر هەم لە ڕووی وەرگرتنی مووچە و هەم لە ڕووی خەرج کردنی و هەروەها پاشەکەوت کردنی مووچەکەی سوود لە هەژماری من ببینێت، لە گرنگترین سوودەکانی “هەژماری من”، سوودمەند بوون لە قەرزە بچوک و مامناوەندەکان کە بانکە بەشدار بووەکان پێشکەش دەکە، بەکارهێنانی “کرێدیت کارد” لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمێ کوردستان بۆ کڕینە ئۆنڵاینەکان، ئەژمار کردنی نرخی دۆڵار بە نرخی بانکی ناوەندی لە ئەگەری ئالۆگۆڕی بە دراوی دۆلار، وەرگرتنی قەرزی بەکارهێنان.

شارەزاری ئابووری گووتیشی: بە دڵنیایەوە، ئێمە دەزانین کە پڕۆژەی “هەژماری من” لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە پەسەند کراوە و هەروەها ئەو بانکانەی کە بەشدار دەبن لە پڕۆژەی “هەژماری من” بە هەمان شێوە لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتیان پێدراوە و لە پڕۆسەی مۆڵەت پێدان بە چەندین مەرجی قورس تێپەڕ دەبن و بڕێکی نەختینەیی دیاری کراو وەک ئەمانەت دادەنرێت و بەردەوام لە لایەن بانکی ناوەندییەوە چاودێری دەکرێن، هەروەها لە ڕووی نهێنی پارێزییەوە پابەند دەبن بە یاسا و ڕێنماییەکان، وە لە لایەکی دیکەشەوە خودی پڕۆژەی “هەژماری من” ڕێوشوێنێکی دیاری کراوی هەیە بۆ پەسەند کردنی ئەو بانکانەی کە بەشدار دەبن لە پڕۆژەی “هەژماری من”، کە هەموو ئەمانە ئەو دڵنیاییە دەدەن کە بانکە بەشدار بووەکان تەواو متمانە پێکراون و مووچەخۆران دەتوانن بە ئاسوودەیی پشت بەم بانکانەوە ببەستن و دڵنیا بن لە پاراستنی پارە و سامانیان.
هەروەها یعقوب جادر ابراهیم، مامۆستای زانکۆ و شارەزاری ئابووری ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە لەوانەیە بەشێک لە هۆکارەکان سیاسی بن بۆ بە دژ وەستان لە بەرامبەر پڕۆژەیەک کە لە ماوەیەکی درێژخایەن زیاتر سوودەکانی بۆ فەرمانبەر و لایەنەکانی دیکە و تەنانەت کەرتی تایبەتیش دەردەکەوێت و هەر ئەمەش هۆکارێک بێت کە ئەو لایەنانەی کە دژی ئەم پڕۆژەیەن حەز بەوە نەکەن کە ئەم خزمەتگوزاری و ئاسانکارییە وەکو خاڵێکی باش لەسەر ئەو لایەنانە ئەژمار بکرێن کە دەستپێشخەری پڕۆژەکەن یاخود پشتگیری پڕۆژەکە دەکەن، هەروەها بەشیک لە هۆکارەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پڕۆژەی “هەژماری من” لە درێژخایەن ڕێگری دەکات لە بەشێک لە کارە نایاساییەکان و سپی کردنەوەی پارە و بابەتی چەند مووچەیی و لە لایەکی دیکەش شەفافیەت دەبەخشێت بە ئالوگۆڕییە بازرگانییەکان کە ئەمانەش دژی بەرژەوەندییەکانی ئەو لایەنانەیە کەدژایەتی پڕۆژەی “هەژماری من” دەکەن.

رێباز یونس

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری نێوخۆی تورکیا: لە خۆرهەڵاتی تورکیا پێنج چالاکی پەکەکەمان کوشتووە

سەڵاح

پرسەنامەیەک لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان

یاسین

شاخەوان عەبدوڵڵا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی جووتیارانی پەلکانە دەدات

یاسین