ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆکی حکومەت : هیوادارم چیتر بابەتی مووچە نەبێتە هەواڵ و نووچەی میدیاكان

ئەمڕۆ یەکشەممە 6/9، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا و سەنتەری ئیگڵ پۆست-ی لە شاری هەولێر کردەوە کە تایبەتە بە کاروباری پۆستە و گەیاندن .

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ڕێورەسمی کردنەوەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم کۆمپانیا و سەنتەرە، دەبێتە هۆی زیاتر بەیەکەوە بەستنەوەی شارو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکتر و هەروەها بە ناوچەکانی دیکەی عێراق و هەموو جیهان .

دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز:

ئەمڕۆ یەکێک لە پڕۆژە هاوبەشەکانی هەردوو کەرتی گشتیی و تایبەت دەکەینەوە، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری پێشخستنی خزمەتگوزارییەکانی گەیاندن و بەتایبەتیش خزمەتگوزاریی پۆستە کە خوازیارین ئەم کەرتە لە ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بێت.
ئەم کۆمپانیا و سەنتەرە، دەبێتە هۆی زیاتر بەیەکەوە بەستنەوەی شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکتر و هەروەها بە ناوچەکانی دیکەی عێراق و جیهان. ئەمە بەشێکە لە پلان و بەرنامەکانی حکومەت بۆ بەسەردەمیکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەدیجیتاڵکردنیان و هەروەها کەمکردنەوەی بیرۆكراسی.
لەم سەردەمەدا، پۆستە و گەیاندن، دامەزراوەیەکی زۆر گرنگ و چالاکە و خزمەتێکی زۆر بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت و ئاسانكاریی زۆر بۆ ڕاییكردنی ژیان و كاروباری رۆژانەی هاووڵاتیان دروست دەكات و كاتێكی زۆریان بۆ دەگەڕێنێتەوە و بەم هۆیەوە كاروبارەكانیان بە شێوەیەكی خێرا ڕایی دەکەن. لە هەمانکاتدا دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییە بە شێوازێکی پێشکەوتوو، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و بارگرانی لە سەر دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها کەرتی تایبەتیش.
ئەم سەنتەرە دەکرێ ببێتە هۆکارێکیش بۆ بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەتایبەتی بازرگانی ئەلیکترۆنی لە نێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوە و بەپێچەوانەشەوە.
پێویستە ئیشوکارەکانی ئەم کۆمپانیایە بە شێواز و سیستەمێکی پێشکەوتوو و لە چوارچێوەی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان ئەنجام بدرێت و کارئاسانی پێویست بۆ هاووڵاتییانی هەرێم دابین بکات و ببێتە وەرچەرخانێکیش لە بواری پۆستە و گەیاندندا.

هەر ئەم بابەتە ڕاماندەكێشێتە بوارێكی دیكە كە ئەویش سیستەمی ناونیشان و ئەدرێسە كە پێویستە لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گونجاو و سەردەمیانە ڕێك بخرێتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەبێت لە زووترین كاتدا لەسەر ئەم بابەتە كار بكەن.
پێش ئەوەی كۆتایی بە وتارەكەم بێنم، دەمەوێ جارێكی تر لێرەوە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هاووڵاتیان و بە تایبەتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكەم كە پاڵپشت و پشتیوان و پشوودرێژ بوون و خۆڕاگر بوون بەرامبەر ئەو پیلانەی هەندێك كەس و لایەن بۆ مەرامی تایبەتیی خۆیان ویستیان قەوارەی هەرێمی كوردستان بەوە لاواز بكەن كە داوای ئەوە بكەن كە مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێتە سەر پارێزگاكان. خۆڕاگریی ئێوە وایكرد ئەم پیلانە سەرنەگرێت و ئێمە بەردەوام لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بووین و گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی، هیوادارم كە ئێمە توانیبێتمان لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا كارێكی وا بكەین بابەتی بودجە و مووچە بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكرێت، هەروەك پێشتریش من باسم كردووە. هیوادارین لە ماوەیەكی نزیك لە پێش جەژن، تەواوی مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەكان و هی مانگی پێنجیش بۆ هەموو هاووڵاتیان دابین بكرێت. هیوادارم چیتر بابەتی مووچە نەبێتە هەواڵ و نووچەی میدیاكان و ئێمە بتوانین پەیوەندییەكانی خۆمان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی بخەینە ئاستێكی دروست و بەرەو پەیوەندیی باشتریش هەنگاو بنێین.
جارێكی تر زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان و پیرۆزبایی ئەم دەستكەوتەش لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەم.

هەواڵی پەیوەندیدار

سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رەخنەی توند لە ئیسڕائیل دەگرێت

سەڵاح

ساڵانە 18 ملیۆن حەبی ماددەی هۆشبەر لە عێراق دەستی بەسەردا دەگیرێت

سەڵاح

حکومەت نامەیەکی پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیرانی هیندستانەوە پێگەیشت

دڵشاد