ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

عەلی تەتەر: پڕۆژەکان لە سەرتاسەری پارێزگای دهۆک بەبێ جیاوازی ئەنجام دەدەین

 

پارێزگاری دهۆک رایدەگەیەنێت، لە ماوەی داهاتوودا بەردی بناغە بۆ ژمارەیەکی زۆری پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەبێ جیاوازی لە سەرتاسەری پارێزگای دهۆک ئەنجام دەدەن. دەشڵێت، “زۆرینەی پڕۆژەکان تایبەت دەبن بە کەرتی گەشتیاری.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-03-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە پلانی ئیدارەی پارێزگاکە بۆ مانگی رەمەزان، جێبەجێکردنی پڕۆژەی جۆراجۆری خزمەتگوزاری و چەند بابەتێکی دیکەی کرد.

پارێزگاری دهۆک گوتی، خەڵکی دهۆک رێزێکی زۆر لە مانگی پیرۆزی رەمەزان دەگرێت, بێجگە لەوەش هەر بڕیار و رێنماییەک لەلایەن وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەربکرێت، ئێمە پێیانەوە پابەند دەبین. داوتر کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە ئەوقافیش لە سنووری پارێزگای دهۆک دەکەین.

پارێزگاری دهۆک ئەوەشی خستەڕوو، ئەم مانگە، مانگی سەیران و بەسەربردنی کاتی خۆشە لەگەڵ خزمان. پێمان خۆشە خەڵکی خۆمان بە دڵخۆشی دەبینین، سەرەڕای ئەوەی پارێزگای دهۆک پاکترین پارێزگای عێراقە، بەڵام داوا لە هەموو لایەک دەکەین ژینگە بپارێزن و کاتێ دەچنە سەیران، شوێنەکانیان بە پاک و خاوێنی بهێڵنەوە.

د. عەلی تەتەر، ئاماژەی بەوەشکرد، لەم ماوەیەدا بەردی بناغە بۆ ژمارەیەکی زۆری پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دادەنێین کە رەزامەندی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەسەر دراوە، پڕۆژەکان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی پارێزگای دهۆک بەبێ جیاوازی و بە شێوەیەکی دادپەروەردانە جێبەجێ دەکرێن.

پارێزگاری دهۆک، گۆتیشی، بەشێکی زۆری ئەو پڕۆژانەی لە ماوەی رابردوودا بەردی بناغەیان بۆ دانراوە، نزیکن لەوەی کارەکانیان تەواوببێت و دواتر دەخرێنە خزمەتی هاووڵاتییاندا. بەشێکی زۆری ئەو پڕۆژانە گەشتیارین، دەمانەوێت سیمای جوانی پارێزگاکەمان جوانتر بکەین.

هەواڵی پەیوەندیدار

فوئاد حوسێن: پێشبینی دەکرێت لەم چەند ڕۆژەیە پرسی مووچە چارەسەر بکرێت

یاسین

یەکێتی زانایان: داوا ده‌كات ئەو کەسەی بێڕێزی كردوه‌ رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتە بەر

سەڵاح

گرووپە چەکدارەکانی عێراق هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی حەیفا لە ئیسرائیل

یاسین