ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پڕۆژەی هەژماری من زۆر سەرکەوتووە و لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستانە

 

پڕۆژەی “هەژماری من” لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٣ ڕاگەیەندرا بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران، تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ هەزار مووچەخۆر هەژماریان بۆ کراوەتەوە.

لەم بارەیەوە شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: کە پڕۆژەی “هەژماری من” زۆر سەرکەوتووە و لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لەلایەن کۆمەڵێک حزب و کەسەوە هەوڵی لێدان لە پڕۆژەکە دەدرێت، شاندی پڕۆژەی “هەژماری من” سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد و باسی پڕۆژەکەیان کرد، ئەوەی ئێمە تێیگەیشتین ئەوەبوو ٪١٠٠ دەبێتە فاکتەرێک بۆ گەشەکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان، بەڵام کۆمەڵێک حزب و لایەن هەوڵدەدەن خەڵکی لێ ساردبکەنەوە، پڕۆژەی “هەژماری من” یارمەتی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە دەدات و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە فەڕمی ڕەزامەندی لەسەر داوە.

بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گووتی: تا ئێستا پێنج بانکی تایبەت بەشدارییان تێداکردووە کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دانپێدانراون، بەڵام شاندی پڕۆژەکە لەگەڵ بانکی TBI عێراق کۆبوونەتەوە کە بانکێکی حکومییە وەکو ڕەشید و ڕافیدەین، تاوەکو بێتە ناو پڕۆژەکەوە و بانکەکەش ڕەزامەندی نیشانداوە، ئەو کاتە خەڵک سەرپشک دەبن کە لە نێوان ئەو ٦ بانکە کامیان هەڵبژێرن، بانکی ناوەندی عێراق پێی باش بووە کە بانکی TBI بەشداری پڕۆژەکە بکات بۆئەوەی بانکی حکومی و تایبەتیش لە پڕۆژەکەدا بەشداربن.

شوان کەلاری گووتیشی: پرسیاری ئەوەمان لە لیژنەکە کرد کە ئایا ڕاستە حکومەت دەتوانێت پارەی قەرزی ئاو و کارەبا لە ڕێگەی بانکەکانەوە ببڕێت، بەڵام شاندەکە ڕەتیانکردەوە و ڕایانگەیاند کاتێک پارە دەچێتە سەر هەژماری بانکی، هاووڵاتییان سەرپشک دەبن لەوەی چۆن مامەڵە بە پارەکانیانەوە بکەن، بەپێی ڕێنمایی حکومەت بۆ هەر هەزار کەسێک دەبێت ئامێرێکی ATM دابنرێت بۆئەوەی خەڵک بتوانن لە ماوەیەکی کەمدا پارەکانیانی لێ ڕابکێشن.

هەروەها شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە شاندەکە لە گفتوگۆدان لەگەڵ دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بۆ ئەوەی ئاسایی بێت کە لە ڕێگەی بانکی تایبەتەوە مووچە دابەشبکرێت، لە ئەگەری بەشداریکردنی بانکی TBI ئەو کێشەیەش چارەسەر دەکرێت.

رێباز یونس

هەواڵی پەیوەندیدار

پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت

سەڵاح

ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە بەردەوامبوون لە چاکسازیکردن و ڕێکخستنەوەی کەرتی باج دەکات بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی دادپەروەریی لە پێدانی باجدا

یاسین

خشته‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی نیشتمانی پۆلی نۆی بنه‌ڕه‌تی بڵاوكرایه‌وه‌

سەڵاح