ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

عه‌باس غه‌زالی: دکتۆر محەمەد عەلی سوڵتانی لە کۆمەڵگەی زانستیی کوردستاندا جێگەیەکی تایبەتی هەیە

عه‌باس غه‌زالی، که‌سایه‌تی چالاکی فه‌رهه‌نگی هه‌رێمی کوردستان، سه‌باره‌ت به دکتۆر محەممەد عەلی سوڵتانی، نووسه‌ر، لێکۆله‌ر، توێژه‌ر و مێژوونووسی کورد‌ جه‌ختی کرده‌وه: ئه‌م کەسایەتییه بەرز و به‌رجه‌سته زانستییه‌، بژاردەیەکە کە لە بواری مێژوو، کەلتوور و ئەدەبیاتی کوردستاندا، بە تایبەتی لە مێژووی کرماشان وەک ناوەندی شارستانیەتی کورد، کاری زانستی زۆر و گرانی پێشکەش کردووە.

غه‌زالی، ڕاوێژکاری فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری پارتی دیموکراتی کوردستان و نوێنه‌ری پێشووی په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان؛ به بۆنه‌ی بەناوکردنی یه‌کێک له شه‌قامه سه‌ره‌کییه‌کانی شاری روانسەر بە ناوی دکتۆر محەممەد عەلی سوڵتانی، وتارێکی نووسیوه که ده‌قی ته‌واویی ئه‌م وتاره سه‌باره‌‌ت به‌م ئەدیبە مەزنه کورده له خواره‌وه‌‌دا هاتووه:

“بە بۆنەی بەناوکردنی شەقامێک لە شارە جوانەکەی ڕەوانسەر بە ناوی باوکی مێژووی کرماشان، رێزدار جەنابی دکتۆر محەممەد عەلی سوڵتانی، کە لە ناو دڵی گشت رووناکبیران و کۆمەڵگەی زانستیی کوردستاندا جێگەیەکی تایبەتی هەیە، بە پێویستی دەزانین سوپاسی وەفاداران و خاوەنانی ئەو بیرۆکە بەجێیە و بەشدارانی رێزدار لەو کارەدا بکەین کە بەو کارەیان هەموومانیان دڵخۆش کرد.

مامۆستای هێژا جەنابی دکتۆر محەممەد عەلی سوڵتانی، وەک کەسایەتییەکی بەرز و زانستیی کوردستان، بژاردەیەکە کە لە واری مێژوو، کەلتوور و ئەدەبیاتی کوردستاندا، بە تایبەتی لە مێژووی کرماشان وەک ناوەندی شارستانیەتی کورد، کاری زانستی زۆر و گرانی پێشکەش کردووە کە هەمووی لێکەوتی تەمەنێک سەختی کێشان و هەوڵی بێ وچان بووە. لەو ڕووەوە بوونی بەڕێزیان لەو شارەدا، کە خاوەنی شوناسگەلێکی وەک شوناسی جوغرافیایی، مێژوویی، ئابووری و فەرهەنگییە، شوناسێکی دیکەی کۆمەڵایەتیشی پێداوە و تەواوی کوردستان شانازی بەو شوناسەوە دەکات.

لە راستیدا بەڕێزیان بەو کارانەی کە بۆ کرماشان کردوونی؛ نەک هەر دەبوو لەو پارێزگایەدا شوێنێکی بەناو بکرێت، بەڵکوو شایانی ئەوەیە کە لە هەولێر و شارەکانی دیکەشدا شوێن و ناوەندی زانستی بەناوی ئەو کەسایەتییە مەزنە بێت”.

مه‌نسوور جیهانی

هەواڵی پەیوەندیدار

وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف: ئەو كۆمپانیایانەی كە خەڵكیان بردووە بۆ حەج بە ڤیزای ساڵی و گەشتیاریی سڕ ده‌كرێن

سەڵاح

داهاتی فیلمی “The Beekeeper” لە سینەماکاندا

ART

وەرزی دووەمی “Heeramandi” بەرهەمدێت

ART