ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پەیامێک لە جینین پلاسخارت

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بەهۆی نزیكبوونەوەی تەواوبوونی ماوەی كاركردنی لە عێراق پەیامێكی بڵاوكردەوەوە و تێیدا رایگەیاند كە ئەو زۆر شت لە پیاو و ژنانی هەرێمی كوردستان و عێراق و فێر بووە، بۆیە هەرگیز لە بیریان ناكات.

جینین هێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە پەیامەكەدا دەڵێت: لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، من زۆر سەرسام بووم بە بەخشندەیی و میوانداریی گەلێك کە هەرگیز لە دابونەریتی پێشوازیکردن لە خەڵکی بیانی و یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتییە دانەبڕوان.

پلاسخارت هەروەها سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆی بۆ ئەو هاوکاریی و پاڵپشتییە میهرەبانانە دەربڕیوە کە لە ماوەی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان و عیراق پێشکەش بە یونامی و بنەماڵەی فراوانی نەتەوەیەکگرتووەکان و بە تایبەتی بە ئەو کراوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامە ماڵئاواییەكەی جێنین هێنیس-پلاسخارتە:-

لە کاتێکدا ماوەی کارکردنم وەك نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە کۆتایی نزیك دەبێتەوە، ئاواتەخوازم سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ هەموو عێراقییەکان و بەتایبەتی ئەوانەی چاوم پێیان کەوتووە و لەگەڵیاندا کارم کردووە، دەرببڕم.

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، من زۆر سەرسام بووم بە بەخشندەیی و میوانداریی گەلێك کە هەرگیز لە دابونەریتی پێشوازیکردن لە خەڵکی بیانی و یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتییە دانەبڕوان، هەتا ئەگەر کاریگەریی لەسەر ئاسوودەیی و کاتی خۆشیان هەبێت. من زۆر شت فێربووم لە گوێگرتن لە ژنان و پیاوانی عێراقی کە بە شانازییەوە مێژووی خۆیان ڕوون دەکردەوە. هەرچەندە زۆرێك لەوانە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی سەرخت بوونەتەوە، بەڵام زۆرجار گەشبینییەك بۆ ڕۆژانی داهاتوو دەدرەوشایەوە. ئەوان پێشوازییان لە من و هاوکارانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لە شارۆچکە و ماڵەکانیاندا، بانگهێشتیان کردووین بۆ بەشداریکردن لە ژەمێك یان بۆنەیەك و هەرگیز دەرفەتێکیان لەدەست نەدا بۆ نمایشکردنی کولتوورە دەوڵەمەند و جوانییە بێئەندازەکەی عێراق. لە سەرانسەری وڵاتدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، خەڵکی بێشومار لە هەموو تەمەنێکدا بە شێوەیەکی خۆڕسك هیوا و ئاواتی هاوبەشیان هەبووە. بۆیە من هیچیان لەبیر ناکەم.

هەروەها بەڕاستی کۆبوونەوە و گفتوگۆیە پیشەگەرانەکان بەرزدەنرخێنم کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هاوبەشەکانمان هەمانبووە، هەر لە نوێنەری کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەکادیمی و سەرۆك عەشیرەت و سەرکردە ئاینییەکانەوە تا دەگاتە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و پارێزگا و نیشتمانی و دادوەر و بەرپرسانی ئەمنی و سیاسەتمەداران. شایەنی باسە کە تێڕوانین و دیدگاکانیان زۆر شتیان فێرکردین و ڕێنمایی کارەکانمانیان کردووە. لە هەندێك لەو کۆبوونەوانەدا تاکەکان جیاوازی ڕۆژانەیان وەلاوەدەنا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ عێراق لە کاتە گرنگەکاندا. هەموو ئەو جۆرە پەیوەندییانە کاریگەرییەکی نەسڕاوەی لەسەر من بەجێهێشتووە و بێگومان هەرچەند سووپاسگوازی دامودەزگاکانی حکومەتی عیراق بم هێشتا کەمە، کە لە ڕێگەی هەوڵە بێوچانەکانیانەوە کارەکانی ئێمەیان ئاسانتر کردووە و کارمەندان و ئۆپەراسیۆنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان پاراستووە.

هیچ کام لەمانە ئەوە ناگەیەنن کە نەتەوە یەکگرتووەکان دووربووە لە ڕەخنەکان – هەندێکیان ڕەوا بوون، هەندێکیان تەنها لەسەر بنەمای تێڕوانینێکی هەڵە بووە سەبارەت بەوەی ئێمە کێین و چی دەتوانین و چی ناتوانین بکەین. بەڵام قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە بەهاکانی ڕێکخراوەکە و ئەوەی کە ئەو ڕێکخراوە چی دەگەیەنێت تێگەیشتوون، زۆر دڵخۆشی کردووین. وەك زۆر جار وتوومە نەتەوە یەکگرتووەکان عەسای سیحراوی لانییە. لە کۆتاییدا هاوسەنگی نێوان ململانێ و ئاشتی یان هەژاری و خۆشگوزەرانی بەندە بە ئیرادەی سیاسی دەوڵەتەکانەوە. بەڵام ئەگەر بتوانین گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆڤەکاندا بکەین، ئەوا شایەنی ئەوەیە هەنگاو بنێین و بەردەوام بین لە هەوڵدان. لە کۆتاییدا، نەتەوە یەکگرتووەکان یەك کاری لەپێشینەی سەرەکی لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەیە: پێشخستنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان – بەبێ گوێدانە جیاوازیی لایەنگیری یان باوەڕ یان پاشخان یان نەتەوە.

دیسانەوە دەمەوێت سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ ئەو هاوکاریی و پاڵپشتییە میهرەبانانە دەرببڕم کە پێشکەش بە یونامی و بنەماڵەی فراوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بە من بە تایبەتی کراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

له‌ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ، وڵاتانی ناتۆ گه‌وره‌ترین بوودجه‌ی سه‌ربازی دابین ده‌كات

سەڵاح

كونسوڵخانەی ئەمریكا جەخت لە گرنگیی خزمەتگوزارییەكانی نێو پرۆژەی (هەژماری من) دەكاتەوە

یاسین

نوێترین زانیاری لەبارەی مووچەی مانگی پێنج دەخرێتە روو

یاسین