ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

دوای كوژرانی ژماره‌یه‌ك فه‌له‌ستینی بۆ ده‌ستكه‌وتنی خۆراك، ئەمەریکا لە ئاسمانەوە یارمەتی هەڵدایه‌ خوارەوە

 

دوای ئەوەی ژمارەیەک لە فەلەستینییەکان لە کاتی هەوڵدانییاندا بۆ بە دەستهێنانی خۆراک کوژران و ئەوەش کارەساتە مرۆییەکەی ناو غەززەی زیاتر کرد، دوا به‌دوای ئه‌م رووداوه‌ دوێنێ شەممە، بۆ یەکەمین جار سوپای ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانی لە ڕێی هەڵدانییانەوە لە ئاسمانەوە بۆ ناو غەززە ئەنجامدا.

وڵاتانی دیکەی وەکو ژاپۆن و فەڕەنسا پێشتر لە ئاسمانەوە یارمەتییان هەڵداوەتە خوارەوە بۆ ناو غەززە، دەزگای هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت چارەکێکی دانیشتوانی غەززە (576 هه‌زار کەس) یەک هەنگاو لە مردن لە برسێتیدا دوورن.

سوپای ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەمەریکا فڕۆکەی گواستنەوەی سی 130 بەکارهێناوە کە زیاتر لە 38,000 ژەمە خۆراکی بە درێژایی هێڵی کەناری غەززەدا خستە خوارەوە، هێزەکانی ئوردنیش بەشدارییان لە ئەرکەکەدا کردووە.

سوپای ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی ” پلانەکانمان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی گەیاندنی یارمەتییەکان لە ڕێی هەڵدانییانەوە لە ئاسمانەوە جێبەجێ دەکەین.”

بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی ئەرکەکە بەسەر باشووری ڕۆژئاوای غەززە و شارۆچکەی مەواسیدا ئەنجام درا.

ڕۆژی هەینی کۆشکی سپی وتی ئەرکەکانی گەیاندنی یارمەتییەکان لە ڕێی هەڵدانیان لە ئاسمانەوە بەردەوام دەبێت، ئیسڕائیلیش پشتگیری لەو کارە کردووە.

بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن بیریش لەوە دەکاتەوە لە ڕێی دەریاوە لە قوبرسەوە یارمەتییەکان بگەیەنێتە غەززە.

چەندین مانگە ئەمەریکا داوا لە ئیسڕائیل دەکات ڕێگە بدات یارمەتی زیاتر بگەیەندرێتە غەززە، ئیسڕائیلیش هەمیشە ئەو داوایانەی ڕەت کردووەتەوە.

ڕەخنەگران لە گەیاندنی یارمەتییەکان بەو جۆرە دەڵێن کاریگەرییەکی کەمی دەبێت لەسەر ئازار و ناڵەی خەڵکەکە و مەحاڵە دڵنیا ببیتەوە لەوەی یارمەتییەکان نەچنە دەستی چەکدارەکانەوە.

پێش جەنگەکە، ڕۆژانە 500 بارهەڵگر بە یارمەتییەکانەوە دەچوونە ناو غەززەوە.

دەزگای ئونراوی کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی وتی لە مانگی دوودا ڕۆژانە تەنها نزیکەی 97 بارهەڵگر توانیویانە بچنە ناو غەززەوە، لە مانگی یەکدا ڕۆژانە 150 بارهەڵگر توانیویانە بچنە غەززەوە.

گەیاندنی یارمەتییەکانیش لە ڕێی خاڵی سنووری ڕەفەحی سەر سنووری میسڕەوە داخراوە، لە کاتێکدا کە هەندێک کات بارهەڵگرەکان بە خاڵی سنووری کەریم شاڵۆمی ئیسڕائیلدا تێدەپەڕین، لە ئێستادا بەهۆی خۆپیشاندەرانی ئیسڕائیلییەوە کارەکانییان تێکچووە، خۆپیشاندەران دەیانەوێت ڕێگری لە گەیاندنی یارمەتییەکان بکەن. ئونروا دەڵێت خاڵە سنوورییەکە لە 8-10 ی مانگی دوو و 15-17 ی هەمان مانگدا داخرابوو.

آخر أخبار غزة: البحرين تشارك في إنزال المساعدات فوق غزة - المشهد

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

دوو کەس لە زیقار و بەسرە کوژران

یاسین

چەکدارانی داعش ئەفسەریک و چوار سەربازی سووریایان کوشت

یاسین

هۆکاری لە کارکەوتنی بەشێک لە تۆرە کۆمەلایەتیەکان لە تەواوی جیهان ئاشکرا کرا

یاسین