له‌باره‌ی دیداری نێوان جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا و محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ، به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌ش بڵاو كرایه‌وه، كه تێیدا بایدن سوپاسی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی كرد بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتن و دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.
له به‌شێكی به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شی سه‌رۆكی ئه‌مریكا و سوودانیدا هاتووه: هه‌ردوو لا گفتوگۆیان له‌سه‌ر پلانی داهاتوو كرد، بۆ گه‌شه‌پێدانی سامانی عێراق و گره‌نتی ئه‌وه‌ی هه‌موو عێراقییه‌كان سوود له سامانه‌كه وه‌ربگرن، وه‌ك له ده‌ستووری عێراقدا هاتووه.
هه‌روه‌ها بایدن و سوودانی، گرنگیی گره‌نتی گه‌یشتنی نه‌وتی عێراقیان به بازاڕی نێوده‌وڵه‌تی دووپات كرده‌وه و خواستیان بۆ دووباره كردنه‌وه‌ی بۆڕییه‌كانی نێوان عێراق و توركیا ده‌ربڕی.
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: بایدن پاڵپشتیی ئه‌مریكای بۆ عێراق له به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی ناوچه‌كه، بۆ گره‌نتیی ئاسایش و سه‌قامگیری و خۆشگوزه‌رانیی گه‌لانی عێراق.
هه‌روه‌ها له گفتوگۆی نێوانیاندا، دووپاتیان كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان، به‌شێكی دانه‌بڕاوه له خۆشگوزه‌رانی و به‌رقه‌راربوونی ئاسایشی ته‌واو له عێراق، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، بایدن ئاماژه‌ی به ڕۆڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كرد بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری كێشه هه‌ڵواسراوه‌كان، كه به‌و هۆیه‌وه مووچه‌ی دوو مانگی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان درا، هانیشی دان به‌رده‌وامی به‌و پێشكه‌وتنه بده‌ن، دووپاتیشی كرده‌وه كه پاڵپشتیی ڕه‌خساندنی دیموكراتی له عێراق ده‌كات، به ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و دادپه‌روه‌ر و شه‌فاف له هه‌رێمی كوردستان و عێراق.