ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

لە دەستوری عێڕاقدا، دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار لە سەرووی دەسەڵاتی دادگای فیدرالین

هاوار محمد یوسف

لە دوای روخانی رژێمی سەدام و هاتنە ئارای شێوازی نوێی حوکمڕانی، بۆ یەکەمینجار دەستور بە هاوبەشی پێکهاتەکانی عێڕاق نوسرایەوە وپاشان لە لە پڕۆسەیەکی راپرسیدا لەلایەن زۆرینەی خەڵکەوە بە دەنگی بەڵێ ئەرێکرا و پەیڕەوکردنی سیستەمی فیدرالی بڕیاری لێدرا وەک لە بەندی یەکەم (بنەما گشتیەکان) مادەی(١)ی دەستوردا هاتوەو دەڵێت” کۆماری عێڕاق دەوڵەتێکی فیدرالی یەکگرتووی سەربەخۆی خاوەن سەروەریە، سیستەمی حوکمڕانی تێیدا کۆماری نوێنەرایەتی(پەرلەمانی)دیموکراسیە، ئەم دەستورەش یەکپارچەیی عێڕاق دەپارێزێت”.
ئێستا دوای (٢٠) ساڵ، شیعە مەزهەبەکان رێبەرایەتی پڕۆسەی سیاسی دەکەن، سەرەڕای ئەوەی لە گۆشەنیگایەکی بەرتەسکی مەزهەبیەوە پەیڕەوی دەسەڵات دەکەن،ئەوەی ئێستا لە رەفتارو هەڵس و کەوتیشیان تێبینی دەکرێت، دەیانەوێت لە رێگەی دادگای فیدرالیەوە پایەکانی دەسەڵاتە مەزهەبیەکەیان لە سەر حسابی پیکهاتەکانی تربە تایبەتیش (کورد و سوننە) تۆکمە بکەن و تەنانەت قەرەبووی (١٠٠) ساڵی رابردوشیان بکەنەوە کە لە پڕۆسەی سیاسی و ناوەندی بڕیاری سیاسی ئەم وڵاتە پەراوێز خرابوون.
دادگای فیدرالی، کە بە پێی بنەما دەستوریەکانی عێڕاق دانەمەزراوە، خۆی لە خۆیدا سەرپێچی دەستوریە، لە ئێستادا مەترسی زۆری لە سەر خودی عێڕاق ،پێکهاتە جیاجیاکان، بنەما دیموکراتیەکان، پێکەوەژیان وتەنانەت یەکپارچەیی ئەم وڵاتەش دروستکردوە، چونکە خەریکە ناوەڕۆکی تەواوی ئەو بەند و مادە دەستوریانەی کە ٪٦٦ هاوڵاتیانی عێڕاق دەنگیان پێدا، لە رێگەی شیکردنەوەی جیاواز رەتدەکاتەوەو تەفسیری تازەیان بۆ دادەهێنێ کە نەگونجاوە لە گەڵ فەلسەفە و رۆحی دەستور.
لە بەشی دووەم، دەسەڵاتی راپەڕاندن،لقی یەکەم،مادەی (٦٧) لە دەستوری عێڕاقدا هاتوە” سەرۆک کۆمار سەرۆکی وڵات و نیشانەی یەکپارچەیی نیشتیمان و سەروەری وڵاتە، هەوڵدەدات بۆ پابەند بوون بە دەستور و پارێزگاری لە سەربەخۆیی و سەروەری و یەکێتی پاراستنی خاکی عێڕاق بە پێی بڕگەکانی دەستور”.
بە پێی ناوەڕۆکی ئەو مادەیە بێت کە دەڵێت” هەوڵدەدات بۆ پابەند بوون بە دەستور”، کەواتە سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی دەستنیشانکردنی سەرپێچیە دەستوریەکانی هەیە و لەم روەوەش دەسەڵاتەکانی لە سەرووی دەسەڵاتی دادگای فیدراڵیەوەیە و دەتوانێت داوای پێداچوونەوە بە بریارەکانی دادگا بکات لە کاتێکدا تێبینی پێشێلکاری دەستوری دەکات، بە تایبەت لەو بڕیارانەی ئەم دادگایە دەریاندەکات و تیایدا سەرجەم ئەو دەسکەوتانەی کە هەرێمی کوردستان لە دەستوری عێڕاقدا جێگیریکردوون هەڵیان دەوەشێنێتەوە.

*مامۆستای زانکۆ، شارەزای یاسا

هەواڵی پەیوەندیدار

بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق چی پێ گوتین

یاسین

کێلگەی غازی کۆرمۆر لە نێوان بەها ئابووری و ململانێیە سیاسی و نێو دەوڵەتیەکان

دڵشاد

هه‌رێمی كوردستان شوێنی په‌كه‌كه‌ نییه‌

یاسین