ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و وەزیری دادی عێراق جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ دەکەن

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-05-2024، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ د. خالید شوانی، وەزیری دادی حکوومەتی عێراق کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوی نوسینگەی راسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پێویستی بوونی هەماهەنگی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە  جێبەجێکردنی ڕاسپاردە  نێودەوڵەتییەکان لە بارەی مافەکانی مرۆڤ کردووەتەوە.

لە راگەیەندراوی نوسینگەی راسپاردە نێودەوڵەتیەکاندا هاتووە، “تیشک خراوەتە سەر گرنگیی بەشداریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوە و گفتوگۆیانەی کە لە دەرەوەی عێراق لە بواری مافەکانی مرۆڤ دەبەسترێن وەک ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانیان و پەرەپێدان بەو میکانیزمەی پیادە دەکرێت لە چوارچێوەی لیژنەی نیشتمانی وەڵامدانەوەی راپۆرت و راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی ئەو ڕێککەوتننامانەی عێراق تێیدا ئەندامە لە بارەی مافەکانی مرۆڤ و مرۆیی”.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جێبەجێکردنی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی داوە، لەم بوارەشدا هەنگاوی بەرچاو نراوە لە بواری دەرکردنی یاسا و ڕێنمایی مافی ئافرەتان و منداڵان، مافی پێکهاتەکانی توندوتیژی خێزانی. بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، گەندەڵی، ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان و چەندین بواری دیکە.

لەلایەن خۆیەوە د. خالید شوانی وەزیری دادی حکوومەتی فیدراڵی ڕایگەیاند، سەرەڕای هەوڵی بەردەوام بۆ پابەند بوون بە جێبەجێکردنی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ڕووبەڕووی ئالنگاری جۆراوجۆر دەبنەوە کە ئاستەنگن لە جێبەجێکردنی راسپاردەکان لە زۆر بواردا وەک زانینی چارەنووسی بێسەروشوێنبووەکان، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و چەندین بواری دیکە.

لە بارەی گرنگی بوونی هەماهەنگی نێوان هەردوولا وەزیری دادی عێراق گوتی: “لە ماوەی ڕابردوودا ئاستی هەماهەنگی نێوانمان هەنگاوی باشی بڕیوە و داتا و زانیاری و تێبینییەکان و بەشداری نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق بەشدارییەکی کارا و سەرکەوتوو بووە و تەواوکەری ڕاپۆرتەکانی کۆماری عێراق بووە، لەم ڕوانگەیەوە پێویستە ئەم هەماهەنگییە پەرەی پێ بدرێت”.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی : پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە

سەڵاح

ئۆنروا: لەهەر سێ منداڵێکی غەززە یەکێکیان بەدەست بەدخۆراکیەوە دەناڵێنێت

یاسین

گەمارۆی ئەمریکا ناهێڵێت، ژاپۆن گۆلی ورمێ ببووژێنێتەوە

سەڵاح