ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

دوای جەژن پرۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

 

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کە شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دانوستان لەگەڵ بەغدا لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکاتەوە و خۆیان ئامادە کردووە کێشە و گرفتەکان بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن.

دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دانوستان لەگەڵ بەغدا لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکاتەوە و خۆیان ئامادە کردووە کێشە و گرفتەکان بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن و هەروەها تێچووی دەرھێنانی نەوتیش چارەسەر بکرێت، بە جۆرێک لەگەڵ کۆمپانیاکان بگونجێت و دوو ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار تەرخان کراوە بۆ دەرھێنانی نەوت، کە لە خشتەکانی بودجەدا پەسەند کراوە، ئەمەش کارێکی باشە و ئیرادەیەکی باش لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەیە ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت.

ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گووتی: وەزیری نەوتی عێراق ھەندێک تێبینیی لەسەر گرێبەستەکان ھەیە، کە ئەوانیش چارەسەر دەکرێن و دواتر مەلەفی نەوت کۆتای پێدێت، چونکە دوێنێ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ وەزیرەکان ئەنجام دا لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نەوت و ئالیەتێک دانرا لە رێگای ئەوەی دانوستان بکرێت لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکان و دواتر لەسەر داوەتی وەزارەتی نەوتی عێراق بچنە بەغدا و کێشەکان چارەسەر بکرێن.

ھەروەھا دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی بۆ ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە پێشتر عێراق بۆ تێچووی دەرھێنانی ھەر بەرمیلێک نەوت شەش دۆلاری دانابوو و کۆمپانیاکانیش داوای ٢٢ دۆلاریان دەکرد، ئێستا لە بودجەی پەسەندکراودا کراوەتە ١٤ بۆ ١٥ دۆلار، کە رێژەیەکی باشە بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە دوای جەژن پرۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە.

رێباز یونس

هەواڵی پەیوەندیدار

كشتوكاڵی هەولێر: ئەو جووتیارەی زووتر گەنمی ڕادەست کردبێت زووتر پارە وەردەگرن

دڵشاد

ئەو ‎هۆكارانە چین دەبنە هۆی سوتانی ئۆتۆمبێل

گوران

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی نه‌مسا چەند بابەتێکی گرنگ تاوتوێ ده‌کەن

یاسین