ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

مەریوان قەرەنی: هەرچی لە دەستمان بێت بۆ وەستانەوە دژی ئەو زوڵمەی لە جووتیارانی كورد دەكرێت، درێغی ناكەین

 

ئه‌ندامێكی لێژنەی ئاسایش و به‌رگری پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، “ئەوانەی لە سایەی سیاسەتی تەعریبی رژێمی بەعسی رووخاو هێندراونەتە سەر زەویوزاری كوردان، جارێکی تر بە پاڵپشتی سوپای عێراق، هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی زەوییەكان ده‌ده‌ن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29ی نیسانی 2024، مه‌ریوان قه‌ره‌نی، ئه‌ندامی لێژنەی ئاسایش و به‌رگری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تیدا بڵاویکردەوە كە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: بەداخەوە هەموو ساڵێك لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی دەغڵودانی جووتیارانی كورد، زانیاری ئەوتۆمان پێ دەگات كە دەریدەخات عەرەبە هاوردەكان، ئەوانەی لە سایەی سیاسەتی تەعریبی رژێمی بەعسی رووخاو هێندراونەتە سەر زەویوزاری كوردانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بە پاڵپشتی سوپای عێراق، هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی زەوییەكانی كوردان بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیشیانەوە دەدەن.

قەرەنی دووپاتیشی کردەوە: هەرچەندە ئەم دیاردەیە لەو سەردەمانە بوونی نەمابوو كە ناوچەكە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستاندا بوو، بەڵام بەداخەوە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری لایەنێكی كوردستانی، بووە هۆی ئەوەی جارێكی دیكە شۆڤێنییەكان ورەیان بێتەوە بەر و خەون بە داگیركاری زیاتری كوردستانەوە ببینن.

روونیشیکردووەتەوە، ئەوەی نیگەرانییەكەمانی زیاتر كردووە، ئەوەیە كە لە شەوی رابردووەوە جووتیارانی هەندێك ناوچەی سنووری كەركووك، بە تایبەتیش لە چەند گوندێكی سنووری پردێ، باس لەوە دەكەن كە لە لایەن سوپای عێراقەوە هەڕەشەیان لێكراوە و دروێنەكردنی دەغڵودانیان لێ قەدەغە كراوە.

هێمای بۆ ئەوەش کردووە، “ئێمە لێرەوە دووپاتی دەكەینەوە، جووتیارانی كورد لەسەر زەوییەكانی موڵكی باب و باپیریانن، هەر جۆرە دەستدرێژییەك و هەوڵێك بۆ داگیركردنی زەوی و زارەكانیان رەت دەكەینەوە و دژی دەوەستینەوە. داوا لە سوپای عێراق دەكەین بەپێی دەستوور و یاساكان رەفتار بكات و نەبێتە ئامرازێك بۆ دژایەتیكردنی هیچ پێكهاتەیەك لە پێكهاتەكانی عێراق.

مه‌ریوان قه‌ره‌نی ده‌شڵێ: بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەم رەفتارانە بەردەوام بێت، هەرێمی كوردستان و گەلی كورد مافی گرتنەبەری هەموو رێگەیەكی هەیە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی رۆڵەكانی، ئێمەش لەم روانگەیەوە هەرچی لە دەستمان بێت لە وەستانەوە دژ بە ئەم زوڵمەی لە جووتیارانی كورد دەكرێت، درێغی ناكەین.

رێباز یونس

هەواڵی پەیوەندیدار

هێلكاریكردنی شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر ده‌كرێت

سەڵاح

خدر مەنتک: هەرێمی كوردستان سوودی گەورەی لە بواری ئابوورییدا لە توركیا وەرگرتووە

دڵشاد

نەجوا کاکەیی: ئه‌و سێ مووچه‌یه‌ ده‌بێت به‌غدا بیداته‌وه‌

دڵشاد