ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

بلینکن ره‌خنه‌ له‌ ئیسڕائیل ده‌گرێت

دوێنێ یەکشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلینکن، داکۆکی لە بڕیاری ڕاگرتنی گەیاندنی 3,500 بۆمب بۆ ئیسڕائیل کرد لەسەر ئەو نیگەرانییانەی رەنگە ئەو بۆمبانە لە شاری ڕەفەحی غەززە بەکاربهێندرێن، وتی ئیسڕائیل ” پلانێکی بەجێی ” نیە بۆ پاراستنی نزیکەی 1.4 ملیۆن هاووڵاتی سڤیل کە ڕەفەحییان وەکو پەناگەیەک بەکارهێناوە.

بلینکن لە پڕۆگرامی This Week ی کەناڵی ئەی بی سیدا وتی سەرۆک جۆو بایدن سوورە لەسەر ئەوەی یارمەتی ئیسڕائیل بدات لە بەرگریکردن لە خۆی و بارە 3,500 بۆمبەکە تەنها باری چەکی ئەمەریکایە کە ڕەوانەکردنی بۆ ئیسڕائیل ڕاگیراوە.

وتی بەڵام ئەوە دەکرێت بگۆڕێت، ئەگەر ئیسڕائیل هێرشێکی بەرفراوان بکاتە سەر ڕەفەح، کە ئیسڕائیل دەڵێت پلانی هەیە هێرش بکاتە سەر ئەو شارە بۆ بنەبڕکردنی چەکدارانی حەماس.

بلینکن وتی بایدن ڕوونی کردووەتەوە بۆ ئیسڕائیل کە ئەگەر ” ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورە سەربازییە لە ڕەفەح ئەنجام بدات ئەوا هەندێک سیستمی سەربازیی هەن کە ئێمە پشتگیرییان لێناکەین لەم ئۆپەراسیۆنەدا بۆ ئیسڕائیلی دابین بکەین.”

وتی ” زۆر نیگەرانین سەبارەت بە چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو سیستمانە. ئیسڕائیل پێویستی بەوەیە پلانێکی بەجێ و ڕوونی هەبێت بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل، ئەو پلانەشمان نەبینیوە.”

لە ئێستادا نزیکەی 1.4 ملیۆن هاووڵاتی سڤیل لە ڕەفەحن، زۆربەیان ئاوارەن و لە شوێنەکانی دیکەی غەززەوە بە مەبەستی پارێزراوییان هەڵاتوون بۆ ڕەفەح، لە نێوەندی کەمی خۆراک و ئاودا دەژین.

لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و نزیکەی 1200 کەسییان کوشت و زیاتر لە 250 کەسیشیان وەکو بارمتە گرت. ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هێرشێکی سەربازیی گەورەی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد، بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن ئێستا لانیکەم 35,000 فەلەستینی لە غەززە کوژراون.

هەواڵی پەیوەندیدار

نەتەوەیەکگرتووەکان : عێراقی زیاتر لە ٦٦٠ منداڵی بەتۆمەتی دروستکردنی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دەستگیر کردووە

یاسین

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەکات

یاسین

لیژنەی تەندروستی پەرلەمان: زۆربەی تووشبوانی ئایدز لە سەنتەرەکانی جوانکاری بووە

سەڵاح