ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئەمەریکا ده‌یه‌وێ به‌بێ ئیسرائیل گفتوگۆ لەگەڵ حەماسدا بكات

دوێنێ دووشەممە ئێن بی سی نیوز بڵاویکردەوە، لەسەر ڕێککەوتنێک دەربارەی بارمتەکان، بەرپرسانی ئەمەریکا بیرییان لە گفتوگۆیەکی تاکلایەنە لەگەڵ حەماسدا کردووەتەوە ، ئەوەش لە پێناو ئازادکردنی پێنج بارمتەی ئەمەریکی کە لەلایەن حەماسەوە لە غەززە گیراون. ئەمەش لە حاڵەتێکدا کە ئەگەر گفتوگۆکانی ئاگربەست کە ئیسڕائیلیشی تێدایە شکست بهێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، کە لە زاری دوو بەرپرسی ئێستا و دوو بەرپرسی پێشووی ئەمەریکاوە سەرچاوەی گرتووە، هێشتا ڕوون نیە ئەمەریکا چی پێشکەشی حەماس دەکات لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو بارمتانەدا.

ئەمەریکا دەڵێت حەماس پێنج ئەمەریکایی گرتووە کە لە ماوەی هێرشە کوشندەکەی چەکدارەکانیدا لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل بە بارمتە گرتوونی، ئەو هێرشەی حەماسیش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا. ئێن بی سی دەڵێت بەرپرسان هیوادارن بتوانن لاشەی ئەو سێ ئەمەریکاییەی دیکە وەربگرنەوە کە لەو ڕۆژەدا کوژراون.

کاتێک سەبارەت بەو ڕاپۆرتە پرسیار لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن کرا، بلینکن لە کاتێکدا کە قاهیرەی جێدەهێشت وتی ” باشترین ڕێگە و کاریگەرترین ڕێگە بۆ ئەوەی سەرجەم بارمتەکان بە بارمتە ئەمەریکاییەکانیشەوە بگەڕێنیتەوە ماڵەوە، لە ڕێی ئەم پێشنیارەوەیە، لە ڕێی ڕێککەوتنەکەی ئاگربەستەوەیە کە ئێستا لەسەر مێزەکەیە.”

بەرپرسە نەناسراوەکان کە نزیکن لە گفتوگۆکانەوە بە ئێن بی سییان وت هەر گفتوگۆیەکی تاکلایەنە لە ڕێی دانوستکارانی قەتەڕییەوە دەبێت و ئیسڕائیل بەشدار نابێت تێیدا.

بەرپرسەکان وتییان حەماس ڕەنگە بە پەرۆشەوە بێت بۆ گەیشتن بەو جۆرە ڕێککەوتنە لەگەڵ واشنتندا چونکە ئەوە گرژی زیاتر دەخاتە نێو پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسڕائیلەوە و فشارەکانی سەر سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو زیاتر دەکات بۆ ئەنجامدانی کاری زیاتر بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 37,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

جێی ئاماژەیە ئەمە هەشتەمین جارە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن سەردانی ناوچەکە بکات لە دوای هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ەوە.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

ترەمپ:له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی مندا ھیچ جەنگێک ڕووی نەدا

سەڵاح

مەسرور بارزانی و قەیس خەزعەلی کۆبوونەوە

سەڵاح

به‌وێنه‌… سه‌دا 73 رێگه‌ی كه‌لار – ده‌ربه‌ندیخان ته‌واو بووه‌، قۆناغی دووه‌م كاری تێدا ده‌كرێت

سەڵاح