ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

مۆڵه‌تی هه‌نارده‌كردنی چەک به‌به‌های ملیارەها دۆلار بۆ ئیسرائیل له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ ده‌رێت

 

میدیا بەناوبانگەکانی جیهان باس لە پەسەندکردنی مۆڵەتی هەناردەکردنی ملیارەها دۆلار چەکی جەنگی لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەکەن.

ئەم مۆڵەتە لە کاتێکدا دەرچووە کە حکومەتی ئەمەریکا لەم دواییانەدا چەندین جار نیگەرانی خۆی سەبارەت بە ئەگەری هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح دەربڕیوە.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ڕۆژی شەممە 30ی مانگی سێ لە زاری بەرپرسانی پنتاگۆنەوە بڵاویکردەوە کە ئەو چەکانە زیاتر لە 1800 بۆمبی “مارک 84” کە کێشی دوو هەزار پاوندە و هەروها 500 بۆمبی “مارک 82” بە کێشی 500 پاوند لەخۆدەگرێت.

کۆنگرێسی ئەمەریکا ساڵانێک پێش ئێستا مۆڵەتی ناردنی ئەو چەکانەی بۆ ئیسرائیل دابوو، بەڵام بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن ئێستا دەیەوێت ئەم پاکێجە سەربازییە بگەیەنێتە ئێسرئیل.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دەرکردنی ئەو مۆڵەتانەی لە سەرچاوەکانی خۆیەوە پشتڕاست کردوەتەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکایی بەو میدیایانەیان ڕاگەیاندووە، هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوە ڕێگەی بە گواستنەوەی 25 فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 بۆ ئیسرائیل داوە، بەهای نزیکەی 2.5 ملیار دۆلارە. پێشتریش لە ساڵی 2008 کۆنگرێسی ئەمەریکا مۆڵەتی هەناردەکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی “F-35″ی پەسەند کردبوو.

پەسەندکردنی مۆڵەتی ناردنی چەکی قورس و پێشکەوتووی ئەمەریکایی بۆ ئیسرائیل لەلایەن بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدنەوە لە کاتێکدایە کە کۆشکی سپی و زۆرێک لە یاسادانەرانی ئەمەریکایی ڕەخنەکانیان لە ئیسرائیل چڕتر کردووەتەوە لەسەر بەردەوامبوونی شەڕەکەی لە غەززە.

ژنەڕاڵ چارڵز کیو براون، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندبوو ئیسرائیل هەموو ئەو چەکانەی کە لە ئەمەریکای دەیەوێت وەرینەگرتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد هۆکاری ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن ئامادە نەبووە لانیکەم بەشێک لەو جۆرە چەکانە بۆ ئیسرائیل دابین بکات.

بەڵام بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ڕاگەیاندووە سیاسەتی ئێمە “پشتیوانی بێ مەرجە” بۆ ئیسرائیل سەبارەت بە مافی بەرگریکردن لەخۆی.

بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی هێرشی کتوپڕ بۆ سەر ناوچەی ڕەفەح لە باشووری غەززە، لەلایەن ئەمەریکاوە نیگەرانییەکی زۆری لێکەوتەوە. ئیسرائیل دەڵێت ئەندامانی گرووپی حەماس و بەشێک لە سەرکردە باڵاکانی لە شاری ڕەفەح خۆیان حەشارداوە، بەڵام ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا هێرشی سەر ناوچەکەیان بە کارەساتێکی مرۆیی ناوبردووە.

شارەزایانی سەربازی دەڵێن بۆمبەکانی مارک 84 دەتوانێت بیناکان بە تەواوی تێکبدات و تەنانەت چالێک بە قووڵی 40 پێ لە زەویدا دروستبکات. وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئەم بۆمبانە لە ئۆپەراسیۆنە شارییەکان بەکارناهێنن، بەڵام زۆر ڕاپۆرت هەیە کە ئیسرائیل ئەم چەکانەی لە شەڕی غەززە بەکارهێناوە.

کاربەدەستانی ئەمەریکایی و ئیسرائیلی باس لەوە دەکەن کە چوار کەتیبەی گرووپی حەماس لە ڕەفەح ماونەتەوە. بەڵام جگە لە دانیشتووانی خودی ڕەفەح، زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار فەلەستینی لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باکووری غەززە پەنایان بۆ ڕەفەح بردووە.

جۆو بایدن داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە لەم هەفتەیەدا تیمێک لە بەرپرسانی ئەمنی بنێرێتە واشنتۆن بۆ ئەوەی گوێ لە پێشنیارەکانی ئەمەریکا بگرن بۆ سنووردارکردنی خوێنڕشتنەکان.

ناتانیاهۆ پێشتر پلانەکانی بۆ ناردنی شاندێکی ئیسرائیلی بۆ ئەمەریکا هەڵوەشاندبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا لە بڕیارنامەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئاگربەستی کاتی لە غەززە دەنگی بێ لایەنی دا، بەڵام ڕۆیتەرز ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە تەلئەبیب پاشەکشەی لە بڕیارەکەی خۆی کردووە.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

٣١ تایبه‌تمه‌ندی سیر که تا ئێستا نایزانن

یاسین

پێكهاته‌كانی کلدان، ئاشووری و ئەرمەن راگه‌یه‌ندراوێك ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن

گوران

لە كۆبوونەوەی سەرۆكی حكوومەت و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا باس لە پڕۆژەی هەژماری من كراوە

سەڵاح