ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئه‌ڵمانیا… ژن و مێردێك لەسەر تاوانكردن دژ به‌ ئێزدییەکان دەستگیر كران

 

مافپه‌روه‌رانی ئەڵمانیا باسیان له‌وه‌ كرد كه‌وا پۆلیسی وڵاته‌كه‌ ژن و مێردێكی عێراقییان دەستگیرکردووە، گومانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئەندامی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی داعش بن و بەشدارییان لە کۆمەڵکوژی و تاوانکردنی دژ بە مرۆڤایەتی هەبووبێت، بەهۆی ئەوەی دوو کچی ئێزدییان بە کۆیلە گرتبوو.

ئەو دوو هاوسەرەی دەستگیرکراون، یەکێکیان ناوی (توانا سین)ە و ئەوی تریشیان ناوی (ئاسیا ڕێ) ە و ڕۆژی سێشەممە دەستگیر کراون بەهۆی خراپ مامەڵە کردنیان لەگەڵ دوو کچە ئێزدییەکەدا لە ساڵانی 2015 تا 2017 لە عێراق و لە سوریاشدا.

دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ناوی تەواوەتی ئەو دوو گومانبارەی ئاشکرا نەکردووە، چونکە بەپێی یاساکانی تایبەتمەندێتیی لە ئەڵمانیا، ئاشکرا کردنی ناوەکان ڕێگەپێدراو نییە.

نوێنەرانی دادپارێزان دەڵێن ئەو دوو کچە ئێزدییە، ئەشکەنجە دراون، بەردەوام دەستدرێژییان کراوەتە سەر و ڕێگەشیان پێنەدراوە سروتی ئاینیی خۆیان بەجێبگەیەنن؛ هەروەها لە ڕاگەیەندراوێکیشدا دەڵێن “توانا و ئاسیا، بەر لەوەی لە مانگی یازدەی ساڵی 2017 سوریا جێبهێڵن، ئەو دوو کچە ئێزدییەیان داوەتە دەست ئەندامانی تری دەوڵەتی ئیسلامی.”

هەر لەو ڕاگەیەندراوەی نوێنەرانی دادپارێزانی فێدراڵی ئەڵمانیادا هاتووە “ئەو ڕەفتارانە لە خزمەت ئامانجی ڕێکخراوی داعشدا بووە بۆ لەناوبردنی ئاینی ئێزدی.”

دادپارێزان لە ئەڵمانیا، پشتیان بەستووە بە یاسا جیهانییەکانی دەسەڵاتدانی دادوەریی کە ڕێگەیان پێدەدات بڕواننە ئەو دۆسێیانەی پەیوەندییان هەن بە تاوانەکانی دژە مرۆڤایەتی جا لە هەرچ شوێنێکی جیهاندا ڕوویدابن و دەشتوانن بیدەنە دادگا.

لە ساڵی 2021دا دادگایەکی ئەڵمانیا بڕیاری زیندانیکردنی هەتا هەتایی داوە بەسەر ئەندامێکی پێشووی داعشدا لەسەر بنچینەی تاوانەکانی دەست هەبوون لە کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە بەرامبەر ئێزدییەکاندا. دوای 2 ساڵیش لەو بڕیارە یاسادانەرانی ئەڵمانیا بەرنوسێکیان پەسەند کرد و ئەو تاوانانەی لە ساڵی 2014دا چەکدارەکانی داعش کردبوویان دژ بە ئێزدییەکان، بە ژینۆساید ناسێنران.

داعش بە هەزاران کەسی ئێزدی کوشت و زیاتر لە 7 هەزار ژن و کچی ئێزدی ڕفاند و زۆربەی ئێزدییەکانیش کە ژمارەیان نزیکەی 550 هەزار کەس دەبێت لە زیدی خۆیان ئاوارەبوون.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

بەهۆی سکاڵایەکی ریال مەدرید و پێرێز کەسێکی باڵا سڕ دەکرێت

sirwan

گەشتی ئاسمانیی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەولێر و توونس دەكرێتەوە

یاسین

بەشە خۆراکی مانگی رەمەزان دابەش دەکرێت

یاسین