ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

راپۆرتێکی نێودەوڵەتی: عێراق کەوتە ریزبەندی خراپترین وڵاتان لە پاراستنی ئازادییەکاندا

 

دوای 21 ساڵ لە رووخانی رژێمی دیكتاتۆریی سەدام لە عێراق، تاوەكوو ئێستا عێراقییەكان دروشمی ئازادی و دیموکراسی بەرز دەكەنەوە. چالاکوانان و سیاسەتمەدارانیش پێیانوایە، هێشتا عێراق زۆر لە ئازادییەكانی تیادا دەستەبەر نەكراوە و لە زۆر بواریشدا لە پاشەکشەدایە.

بەپێی راپۆرتەكانی پەیوەست بەو پرسەش، عێراق لە پێوەرەکانی دیموکراسی بۆ ساڵی 2023، چوار پلە دابەزیوە و ئەوەش بە نزمترین ئاست دادەنرێ، كە ئەو وڵاتە لەدوای رووخانی رژێمی سەدامەوە لە ساڵی 2003ەوە پێی گەیشتبێت.

خەڵكی عێراق هیوای ئەوەیان دەخواست کە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكان لەدوای 2003ەوە، پشتیوانی لە ئازادییەکان بکات، بەتایبەتی دوای خۆپیشاندانە ملیۆنییەكانی ناسراو بە (تشرین) لە مانگی تشرینی یەكەمی 2019، بەڵام لە واقیعدا ئەوە لە عێراق بەدی نەهاتووە و ئەو وڵاتە بۆ رۆژنامەوانان و ئازادییەكان بووەتە دۆزەخ و لەپاشەكشێیەكی گەورەدایە.

ئازادییەکان لە عێراق… دۆخێکی ناسەقامگیر

بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی هەواڵگریی ئابووریناسانی بەریتانیا، عێراق لە پێوەرەکانی دیموکراسی بۆ ساڵی 2023، (4) پلە دابەزیوە و پێدەچێت لەدوای رووخانی رژێمی سەدامەوە لە ساڵی 2003، نزمترین ئاست بێت، کە وڵاتەکەی پێی گەیشتبێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕوانگەکە، “ساڵی ڕابردوو ساڵێکی نەخوازراو بووە بۆ دیموکراسی، بەو پێیەی تێکڕای نمرەی جیهانی ئەو وڵاتە گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی لەوەتەی پێوەرەکە لە ساڵی 2006 دەستی پێکردووە.“

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ”لە کۆی 165 وڵات عێراق لە پلەی 128ی جیهانیدا بووە لە پێوەرەکانی دیموکراسیدا، بەو پێیەش بێت، پێدەچێت عێراق بە بەراورد بە ساڵی (2022) چوار پلە دابەزیبێت، بەوپێیەی تەنیا 2.88 خاڵی بەدەست هێناوە، كە ئەمەش وڵاتەكە دەخاتە ناو (ناوچەی سوور)ەوە كە لەوێدا وا وەسف دەکرێت، کە لەژێر (حوکمی دەسەڵاتی دەسەڵاتداراندایە).“

ئەم ڕاپۆرتە هاوکاتە لەگەڵ ڕێنماییەکانی موحسین ئەلمەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەوەکالەت، بۆ تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر هەر دامەزراوەیەک، یان كەسێك، کە تۆمەت ئاراستەی دامەزراوەی یاسادانان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بكات.

مەندەلاوی جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کە ئەنجوومەن هەر لایەنێک بانگهێشت دەکات، کە ڕێگری لە ئەرکەکانی چاودێریکردنی نوێنەران بكات.

ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراق، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی عێراقی تووڕە کردووە و ئەوە بە سنووردارکردنی توانای ڕەخنەگرتنیان لێكدەدەنەوە، لەكاتێكدا كە دامەزراوەی یاسادانانیش بەدەر نییە لە رەخنە لێگرتن.

لای خۆشیانەوە، ڕوانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەم بڕیارەی بە “مەترسیدار” وەسف کردووە، کە دەتوانرێت بەرامبەر هەر کەسێک بەکار بهێنرێت، کە ڕەخنە لە بۆچوونێک بگرێت، یان بۆچوونێک دەرببڕێت، کە دەسەڵاتداران پێیان خۆش نییە.

ڕوانگە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: “ئەو ڕێنماییە پێشێلکارییەکی گەورەی دەستوورە، بەپێی مادەی 38ی دەستوور و ئاماژەیەکی ڕوونیشە کە هەوڵی سیستماتیک هەیە بۆ تێکدانی ئازادیی دەربڕینی بیروڕا.”

سەرۆك بارزانی دەمێكە هۆشداریی داوە

سەرۆك بارزانی، سەبارەت بە پرسی ئازادییەكان لە عێراق، دەمێكە هۆشداریی داوە و ئاماژەی بەوە كردووە “دیموکراسی لە عێراق لەناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەوە مەترسیی جدیی لەسەرە.“

ئەمەش لەژێر ڕۆشنایی ئەو هەڵمەتە چڕەی، كە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بۆ سنورداركردنی رۆژنامەنووسان و چالاكوانان دەستی پێكردووە، بۆ دروستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم كارەكان و لێپێچینەوە لە ڕۆژنامەنووسان و بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان و سنووردارکردنی ئازادیی بیروڕا و ڕادەربڕین.

لەو چوارچێوەیەشدا، محەمەد عەنووز، ئەندامی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: “ئێمە لەبەردەم ئالنگاریداین بۆ چەسپاندنی ئازادییەکان و “ئازادییەکان لە عێراق جێگیر نین، هەروەها جووڵەیەکی بەردەوامی چالاکییە کۆمەڵایەتییە مەدەنییەکان هەیە، بۆ ڕێگریکردن و لێسەندنەوەی ئازادییەكان لە دەنگی خەڵكی نەتەوەیی و بیرمەندان و ڕۆژنامەنووسان.“

عەنووز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) دەشڵێت: ”عێراقییەکان هیوادارن فەزای فراوانی ئازادی بۆ دەربڕینی بیروڕا، دوای دەیان ساڵ لە سەرکوتکردن و دزینی ئیرادە و هەڵبژاردنە فکرییەکانیان سنووردار نەكرێت.“

سنووردارکردنی زیاتر

لەم ماوەیەی دواییدا عێراقییەکان سەریان سوڕ ما لە دەستگیرکردنی چالاکوانانی سیاسی و بلۆگەرەکان، بەتایبەتی دوای دەستگیرکردنی چالاکوان یاسر ئەلجبووری لە (شوباتی ڕابردوو)، کە بەهۆی ئەو پۆستانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی دەكردنەوە، هەروەها پێش ئەوان محەمەد نانعە، شرۆڤەکاری سیاسی لە (مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو) دەستگیر کرا، بەهۆی داوایەکی یاسایی، کە لەلایەن محەمەد شیعاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە تۆمار كرابوو.

لەسەر بابەتی ئازادییەکان لە عێراقدا، حوسام ئەلحەج، ڕۆژنامەنووس و پێشکەشکاری بەرنامەی سیاسی ئاماژەی بەوە داوە، کە “دەسەڵاتدارانی ئێستا بە ئەنقەست ئازادیی دەربڕینی بیروڕا دەشێوێنێت و توانیویەتی هەندێ رۆژنامەوان و چالاكوان بە پێدانی پارە بێدەنگ بكات.“

دەشڵێت: “دۆخی ئێستا لە عێراق خراپترینە لەڕووی ئازادییەکانەوە ودەسەڵات لەسەر بنەمای یەکسان مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا ناكات.”

دەشڵێت “هیوامان ئەوەیە کە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق ڕۆژنامەگەریی ئازاد و چالاکوانان بپارێزێت، لە خراپ بەکارهێنانی سیاسی لەلایەن بەرپرسانەوە.”

لەبەرامبەردا، حوسام ئەلروبەیعی، توێژەر لە سەنتەری (ئەلڕەشید) بۆ گەشەپێدان، پێی وایە قۆستنەوەی دۆسییەی ئازادییەکانی عێراق و مافەکانی مرۆڤ لە ململانێی سیاسیدا دیارترین تایبەتمەندیی حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقە لەدوای 2003ەوە، دەڵێت: ”هەڕەشە و هەڵمەتەکانی بەشەیتانکردن و ناوزڕاندن کە لەلایەن لایەنە سیاسی و میلیشیاكانەوە ئەنجام دەدرێن، ئەوە پێشێلکردنی یاسایە و ئاماژەیە بۆ ڕەوتێکی سیستماتیک، بۆ تێکدانی دیموکراسی لە وڵاتەکەدا، بەئامانجگرتنی تاکەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان، کە بەرگریی لە ئازادی و مافەکان دەکەن.“

هەواڵی پەیوەندیدار

‎سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتەوە هەولێر

گوران

زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی چا و قاوە تووشی چەند کێشەیەکت دەکەن

یاسین

خولە بەهێزەکان.. خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ شەممە

sirwan