ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

بایدن یاسایەکی لە دژی ئێران پەسند کرد

سەرۆکی ئەمریکا ئەو یاسایەی واژۆ کرد کە لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەکەیەوە پەسند کرا و بە یاسای مەهسا (ژینا) ناسراوە و تێیدا سزای توند دژی حکوومەت گیراوەتە بەر و هەناردەکردنی نەوت و چەکی ئێرانی کردووەتە ئامانج و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئەمریکا لە ئێران قەدەغە کراوە و سزاش خراوەتە سەر ڕێبەرانی باڵای ئەو وڵاتە و نووسینگەی ڕێبەر و سەرۆککۆماری ئێران دەخرێنە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا، ئەو یاسایەی واژو کرد بە ”یاسای مەهسا” یان ژینا ناسراوە و بریتییە لە سزای توند دژی حکوومەتی ئێران لە بوارەکانی هەناردەکردنی نەوت، هەناردەکردنی مووشەک و درۆن، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ پەرەپێدانی تیرۆر، هەروەهائاشکراکردنی داراییەکانی بەرپرسان، پێشگرتن لە ئاڵوگۆڕی وزە لە نێوان ئێران و چین و، سزادانی نووسینگەی ڕێبەر و سەرۆککۆماری ئێران.
یاساکە لە پەسندکردنی ٦ پرۆژەبڕیار لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاوە پێک هاتووە کە بریتین لە:
کەمکردنەوەی داهاتە نەوتییەکانی حکوومەتی ئێران، بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە نەتوانێت درێژە بە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و پشتگیری لە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بدات و، توانای پەرەپێدان و بەدەستهێنانی چەکی کۆمەڵکوژی نەبێت و دەست لە سەرکوتی خەڵکی وڵاتەکەی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەڵگرێت.
یاساکە پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی بالیستی و درۆنی ئێران دەکاتە ئامانج و سەرۆکی ئەمریکا ڤیزای سەردانی وڵاتەکەی بەو کەس و دامەزراوە و بەرپرسانەی وڵاتان نادات کە پێوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ بەرنامەی مووشەکی و درۆنی ئێران هەیە و داراییەکانیشیان لە ئەمریکا ڕادەگرێت.
یاساکە هەناردەکردنی ئەو تەکنەلۆژییە ئەمەریکییانەی ئەگەری هەیە لە بەرنامەی مووشەکی و درۆنی ئێراندا بەکار بێن بۆ هەمیشە قەدەغە دەکات.
بەپێی یاساکە، دەبێ سەرۆکی ئەمریکا بەراوردێک لە سامان و سەرمایەی بەشێک لە بەرپرسانی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە بخاتە ڕوو، وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکەش کار بکات بۆ ئەوەی هەژماری ئەو کەسانە لە دامەزراوە داراییەکانی دەرەوەی ئێراندا دابخات.
هاوکات ئەم یاسایە فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران بە چین کەم دەکاتەوە و سەرۆکی ئەمریکا لە قۆناغی جیاجیادا لەسەر ئەو دامەزراوە چینییانەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران دەکڕن ڕاپۆرتێک دەخاتە ڕوو، بانکەکان و دامەزراوە داراییەکانی ئەمریکاش هەژماری ئەو دامەزراوە چینییانە دادەخەن و هەژماری دیکەیشیان بۆ ناکەنەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە چین کڕیاری سەرەکیی نەوتی ئێرانە.
هەر بەپێی یاساکە، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پشتگیری لە تیرۆریزم، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەر و ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و نووسینگەکانیان دەخرێنە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمڕۆ شایستەی دارایی گەنمی جووتیاران دابەش دەكرێت

سەڵاح

پەیامێکی پیرۆزبایی لە فازڵ میرانییەوە

یاسین

هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی درۆنەکیان لە ئازمانی دێرەزۆر خستە خوارەوە

سەڵاح