ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

چەند بڕیارێک لە بارەى بازاڕى قەیسەرى هەولێر دەردەچێت

 

لە ژێر فەرمان و ڕاسپاردەکانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمرۆ یەکشەممە 2024.5.12، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى بەرپرسانى لایەنى پەیوەندیدار، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیی لە سەرجەم دوکاندار و کاسبکارانى زیانلێکەوتووى بازاڕی قەیسەری هەولێر کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵیان، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى نیگەرانی دەربڕین بەرامبەر سووتانی بازاڕی قەیسەریی و هاوخەمی لەگەڵ دوکاندار و کاسبکارانى بازاڕەکە، ئاماژەى بەوەدا، وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر، لە ئێوە زیاتر دڵگران و خەمبارین بەو ڕووداوەى لە بازاڕى قەیسەرى هەولێر ڕوویدا، لە هەولێر کار و کەسابەتى کاسبکاران لە سەروى هەموو شتێکەوەیە و دڵنیابن کە بەتەنها جێتاناهێڵین و ئەوەى لە تواناماندابێت درێغى لێناکەین، جەختیشى لەوەکردەوە کە هەموو خەڵکی شاری هەولێر وەک ئێوە بگرە زیاتریش دڵگران و خەمبارن بە سووتانی ئەو بازاڕە، چونکە (بازاڕی قەیسەری و قەڵا و منارە) ناسنامەی شارەکەمانە.

ئاشکراشى کرد، لێکۆڵینەوە لە دەستنیشانکردنی هۆکاری ئاگرکەوتنەوکە بەردەوامە، ئێوەش هەر کەسێک گومانێک یان زانیارییەکى لایە سوپاستان دەکەین هاوکارى تیمەکانى لێکۆڵینەوە بکەن، دڵنییاشتان دەکەینەوە لەم نزیکانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕاى گشتیى ئاشکرا دەکرێت و هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوە ڕادەگەیەنرێت.

پاشان پارێزگارى هەولێر، ئاماژەى بە چەند بڕیارێکدا کە لە بەرژەوەندى کاسبکارانى بازاڕەکە و لە پێناو پاراستنى شوێنە گشتییەکان و سەلامەتى گیانى هاوڵاتییان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە وەرگیراوە، لەوانە:-

یەکەم/ دەستکردن بە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە هۆکارى کارنەکردنى سیستەمى جێگیرى ئاگر کوژێنەوەى بازاڕى قەیسەرى.

دووەم/ پاککردنەوە و ڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕەکە و کردنەوەى بە ڕووى هاوڵاتییان.

سێیەم/ لەو شوێنەى بازاڕى قەیسەرى کە بە هۆى ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە زوترین کاتدا دەست دەکرێت بە نۆژەنکردنەوەى ناوەوەى دوکانەکان و دەرەوە و کۆڵانەکان و سەقفى گشتیى بازاڕەکە.

چوارەم/ چارەسەرکردنى سەرجەم کەم و کوڕییەکانى ئاو و کارەباى بازاڕەکە.

پێنجەم/ هەڵگرتنى سەرجەم سەرپێچى و زێدەڕۆییەکان و هەموو ئەو مەترسیانە کە دەبنە هۆکارى دروستبوونى ڕووداوى لەمشێوەیە، بە تایبەتى نەهێڵانى هەڵواسینی پەردە لە دوکانەکان کە هۆکاری سەرەکی تەشەنەسەندنى ئاگرەکە بووە.

شەشەم/ ئەو پاسەوانانەی کە بۆ پاراستنی بازاڕی قەیسەری هەولێر دانرابوون لەلایەن کۆمپانیایەکى تایبەتى سیکیوریتی، نامێنن و لە شوێنى ئەوان پاراستن و ئەمنییەتی بازاڕەکە بە پۆلیس سپێردرا.

حەوتەم/ هەر دوکاندارێک کە کرێچى حکومەت بێت و لەو ئاگر کەوتنەوەیە زەر و زیانى پێگەیشتبێت، لە کرێى یەک ساڵى دوکانەکەى دەبەخشرێت.

هەشتەم/ سەرجەم ئەو دوکاندارانەى کە لە ئاگر کەوتنەوەکەدا زەرەمەندبوون لە کرێى (6 مانگى) زبڵ و خاشاک و تابلۆى دوکانەکانیان دەبەخشرێن.

نۆیەم/ سەرجەم ئەو دوکاندارانەى کە لە ئاگر کەوتنەوەکەدا زیانیان پێگەیشت، بۆ ساڵى 2023 لە (50%) ى باج و بۆساڵى 2024 لە (100%) ى باج دەبەخشرێن.

دەیەم/ هەر دوکاندارێک بەهۆى کەوتنەوەى ئاگر لە بازاڕى قەیسەرى زەرەرمەند بووبێت، دواى وەرگرتنى نووسراوى پشتگیرى لە بەڕێوەبەرایەتى قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر، دەتوانێت لە وەرگرتنى قەرزى بێ قازانج لە “بانکى جیهان” بەپێى ڕێنماییەکانى بانکى ناوەندى بۆ ماوەى (24) تاکوو (36) مانگ سوود مەندبێت.

یازدەیەم/ هەر دوکاندارێک بە هۆى ئاگرکەوتنەوەکە، پارەى لە نێو دوکانەکەى ((تەنها دینارى عێراقى)) سووتابێت و بەڵگەى پێویستى لە بەر دەست بێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەت هاوکارى دەبن بۆ قەرەبووکردنەوەى لە بانکى ناوەندى لقى هەولێر.

لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: “سەرجەم لایەنەکان ڕاسپێردراون لەگەڵتان دابن لە نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە و ئێمەش بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکارتانین، ئێوەش هەماهەنگى تیمەکانبن، لە ئەمڕۆوە دەست بکەن بە نۆژەنکردنەوەى دوکانەکانتان و دەست بە کار و کاسبی خۆتان بکەنەوە، دڵنیاشبن وەکوو پارێزگاى هەولێر و حکومەتى هەرێمى کوردستان هەرچى پێویست بێت درێغی لێناکەین.

هەواڵی پەیوەندیدار

دكتۆر فوئاد مه‌عسووم سه‌ره‌خۆشی له‌ سه‌رۆك بارزانی ده‌كات

یاسین

ئەمەریکا: تاكو ئێستا 3.6 ملیار دۆلار هاوکاریمان پێشکەش بە ئاوارەکان لە عێراق کردووە

سەڵاح

ئەمەریکا ده‌یه‌وێ به‌بێ ئیسرائیل گفتوگۆ لەگەڵ حەماسدا بكات

سەڵاح