ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان دادەمەزرێن

 

لەم کانینەیەدا دوو خولی سێ یەکەمەکان دامەزرێندراون کە ژمارەیان نزیک 3 هەزار دەرچوو بوو. بەپێی بەدواداچوون و ئامارە سەرەتاییەکان زیاتر لە 10 هەزار دەرچووی سێ یەکەم لەسەر ئاستی کۆلێژ و بەشەکان لە هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستا دانەمەزراون، کە ئەوانیش بریتین لە سێ یەکەمەکانی ساڵی (2017-2018)، تاوەکوو (2022-2023).

لە بارەی ناردنی لیستی ناوی سێ یەکەمەکەی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ بەغدا، عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی 1928 لە 25ی نیسانی 2024، داوای لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد، لیستی ناو و ناونیشان و کۆمەڵێک وردەکاریی تری سێ یەکەمەکانی زانکۆکان لە خشتەیەکدا ئامادە بکەن و بە نووسراوێک بەرزی بکەنەوە بۆ ئەوەی بە مەبەستی دامەزراندن ئاراستەی حکوومەتی فیدڕاڵی بکەن.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گووتی: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ تۆماری گشتیی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان خشتەیەکی ئامادە کردووە، کە بەپێی ئەم خشتەیە پێویستە زانکۆکان لیستی ناوی سێ یەکەمی دانەمەزراوی چەندین ساڵە لەسەر ئاستی بەشەکانی کۆلێژ و پەیمانگەکان بە وردەکاریی دەستنیشانکردنی مووچە و ناونیشانی کار و پسپۆڕی و زانکۆ و کۆلێژەکان بۆ وەزارەت بەرز بکەنەوە، بۆ ئەوەی بەرز بکرێتەوە بۆ حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بە مەبەستی دامەزراندن.

هەروەها عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە بەو ئومێدەین دوای ئەم هەوڵە و ئامادەکردنی لیستەکان بڕیاری دڵخۆشکەر بۆ سێ یەکەمەکان هەبێت و بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەربچێت.

رێباز یونس

هەواڵی پەیوەندیدار

کونسوڵى گشتى تازەى تورکیا لە هەرێم دەستبەکاربوو

دڵشاد

پارێزگاری هەولێر: “ئەمساڵ ئەنجامەکان زۆرباشن و جێگەی گەشبینییە، دەتوانین بڵێن وشکەساڵیمان تێپەڕاندووە”

دڵشاد

ئومێد خۆشناو: كەسێك بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەستگیر كراوە

یاسین