ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چل و هەشتەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا

جەماوەری كۆڵنەدەری كوردستان
ئەندام و لایەنگرانی تێكۆشەری پارتیمان
پێشمەرگە قارەمانەكان

ئەمڕۆ چل و هەشت ساڵ بەسەر هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی پێشکەوتنخوازی گوڵاندا تێدەپەڕێ، ئەو شۆڕشەی بە ڕابەرایەتی و ڕێنوێنیی بارزانیی نەمر و سەرکردایەتیی پارتیمان، بەرپا بوو. هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان خەونی داگیركەر و دوژمنانی خستە چاڵ و سەلماندی کە كورد نابەزێ و لە پیلان و گەلەكۆمەكێی نێودەوڵەتی بەهێزترە.

چوار ساڵ دوای ڕێكەوتننامەی یازدەی ئازار و ئەو كاتەی ڕژێمی بەعس خۆی لە پابەندییەكانی ڕێكەوتنەكە و مافە ڕەواكانی كورد و كوردستانییەتی كەركووک دزییەوە، سەركردایەتیی پارتی و شۆڕشی كوردی لە نێوان ڕازیبوون بەو واقیعە تاڵە و دووبارە ڕووكردنەوە چەک و چیا، ڕێی دووەمی هەڵبژارد و بە پشتیوانیی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان درێژە بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و داكۆكی لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان درا و، دیسان خۆ سازدرایەوە و لە بیست و شەشی گوڵانی ١٩٧٦ و لە چیاكانی كوردستانەوە دووبارە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی جاڕدرا و سەنگەرەكانی شەرەفمەندیی بەرگریی ئاوەدان كرانەوە.

هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان بە دۆست و دوژمنانی سەلماند، كە شۆڕشی میللەتێكی هەقخواز و خاوەن کێشەیەکی رەوایە، بۆیە نە بە ئاگر و ئاسن، نە بە پیلان و گەلەكۆمەكێی نێودەوڵەتی و نە بە نكووڵی و فشار خامۆش ناكرێ و لەناو نابرێ، پارتی و رێبازی بارزانییش ئەو پارت و رێبازە نین، كە بەو فشار و هەڕەشە و دوژمنكارییانە كۆڵ بدەن و گۆڕەپانەکە چۆڵ بكەن و ڕێگا بدەن سەودا بە مافەكانی كوردەوە بكرێت، هەروەها سەرهەڵدانەوەی شۆڕش سەلماندی تاكە ڕێگا چارەی دۆزی كورد داننانە بە سەرجەم مافە نەتەوەیییەکانی ئەو میللەتە.

شۆِڕشی گوڵان، وەک درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و ئامانجەكانی، جگە لەوەی ئەو نائومێدییەی ڕەواندەوە، كە لە نسكۆدا هاتە ئاراوە، بووە دەسپێكی قۆناغێكی دیكەی خەباتی كوردایەتییش، كە سەرباری ئاستەنگ و كێشەوبێشەكان، توانیی ئەو خەباتە ڕەوایە درێژە پێ بدات تا پێكهێنانی بەرەی كوردستانی و كۆبوونەوەی هەموو هێزە سیاسییەكان لە دەوری یەک ئامانج و ئەوەش بووە هەوێن و داینەمۆی ڕاپەرینی پیرۆزی ساڵی ١٩٩١، كە ئاسۆیەكی نوێی لەبەردەم گەلی كورددا كردەوە، دواجار گەلی كورد سەربەرزانە و لەسەر خاكی خۆی دەسەڵاتی دیموكراسییانەی میللیی خۆی لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان دامەزراند و كۆی ئەوانەش، كە پیلانی جەزائیریان لە گەلی كورد و شۆڕشەكەی گێڕا، نابووت بوون و لە لایەن گەلانی خۆیانەوە سەرنگوون كران.

ئەمڕۆ كە یادی ئەو شۆڕشە مەزنە دەكەینەوە، گەلەكەمان قۆناغگەلێكی دوورودرێژی بڕیوە و سەدان هەوراز و نشێوی دیكەی تێپەڕاندووە و چەندین لوغم و مین و پیلانی دیكەی پووچەڵ كردۆتەوە و دووبارە لە ئایندە و ئاسۆیەكی گەش دەڕوانێ. پارتی كە ئەو هەموو پیلان و گەلەكۆمەكییەی لێ كرا، وەک پێشڕەوی كوردایەتی و كۆڵنەدان، وەک هەمیشە شۆڕەسواری مەیدانە و بە پاڵپشتیی گەل، حزبی ژمارە یەكی عێراق و كوردستانە، هەڵوێستە سیاسییەكانی و خۆڕاگری و داکۆکیی مەردانەی لە خاک و مافی گەلی كوردستان، هێندەی دیكە پێگە و متمانەی لەسەر هەموو ئاستەكان بەهێز كردووە و بەرنامە نیشتمانسازی و ئاوەدانخوازییەكەشی جێی ئومێدی جەماوەرە؛ پتەویی ڕیزەكانی نێوەخۆشی وای كردووە ئەهلی ئەو پڕكێشییە سەختانە و پێشڕەوایەتیی خەبات و ئاواتەكانی گەلەكەمان بێت.

لە كاتێكدا یادی شۆڕشی گوڵان دەكەینەوە، بە متمانەیەکی زۆرەوە بەرەو كوردستانێكی ئاسوودە و سەقامگیر هەنگاو دەنێین، بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی هەرێم و، دووپاتی پشتیوانیمان لە دامەزراوە سەروەرییەكانی سەرۆکایەتی هەرێم و حكوومەتێكی بەهێز و سەرتاسەری دەکەینەوە، كە لە ئاست ئەركەكانی قۆناغەكەدا بن و، بتوانن سەقامگیریی كوردستان وەک هەمیشە بپارێزن و ژیان و گوزەرانی خەڵك بەرەو باشتر و باشتر ببەن، هاوکات کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە هەڵبژاردنێکی گەل پەسەند، هەڵبەتە ئەمەش پێویستی به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هه‌یه‌، ئەو یەكڕیزییەی، كە پارتیمان زۆرترین نەرمیی لە پێناودا نواند بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی ناو هەرێم و ئەوانەی پەیوەستن بە دانوستانەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە بارەی هەڵبژاردن و بوودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. لەلایەکی دیکەوە و لەو دەرفەتە جارێکی تر جەخت دەکەینەوە سەر پرەنسیپەکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بۆ چارەسەرکردنی كێشەكان لە عێراقێکی فیدڕاڵدا.

لەو یادە پڕ شکۆیەدا، هەمیسان بەڵێن و پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) دووپات دەکەینەوە، وەک هەمیشە لەسەر هەمان ڕێبازی نەگۆڕ و ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی شەرعییانەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان، هەروەها بەهێزکردنی بنەماکانی ئاشتەوایی و دیموکراسی و کولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان.
لەو یادە پیرۆزەدا سڵاو و دروود بۆ دامەزرێنەر و ڕابەر و داڕێژەری ڕێبازی کوردایەتی (مستەفا بارزانی نەمر) و کاکە (ئیدریسی هەمیشە لەیاد) و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای سەروەری و ئازادی و ڕزگاریی کوردستان.

لە یادی شۆڕشی گوڵاندا، به‌ڵێن بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان نوێ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ درێژەپێدەری ڕێبازەكەیان بین، كە رێبازی كوردایه‌تی و نیشتمانپەروەرییە بۆ پاراستنی ئه‌و ئه‌زموون و ده‌سكه‌وتانه‌ی، كه‌ به‌رهه‌می خوێنی بەنرخی ئەوانە.

دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدان و سڵاو و رێز بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزیان ده‌نێرین. سڵاو بۆ یادی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ی سه‌رقافڵه‌ی گه‌شانه‌وه‌ی ژیله‌مۆی شۆڕش بوون.

گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگر و دۆستان و جەماوەری پارتیمان و كۆی خەڵكی كوردستان دەكەین، بە تایبەتیش یەک‌بەیەكی پێشمەرگە قارەمانەكانمان كە بە جوامێری و لە سایەی سەری ئەواندا كوردستان پارێزراو و سەربەرز و ئارامە.

سەرکەوتن هەر بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمانە..
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای کورد و کوردستان..

مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٤

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری نێوخۆی تورکیا: لە خۆرهەڵاتی تورکیا پێنج چالاکی پەکەکەمان کوشتووە

سەڵاح

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری

یاسین

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین

دڵشاد