ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆکی حکومەت: ئایندەی نیشتمانەکەمان بەندە بە هەوڵ و کۆششی نەوەکانی داهاتوومان

ئەمڕۆ یەکشەممە 6/2 بە ئامادەبوونی عەبدولەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزرێنەر و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک و سەرۆکی موحسین مەندەلاوی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەکالەت، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەچوو.
لە ئاهەنگەکەدا مەسرور بارزانی دامەزرێنەر و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، گوتارێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە بەدرێژایی ئەم چەند ساڵە، زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بووەتە بەردی بناخەی تێڕوانینی ئێمە بۆ کوردستان وەک نەتەوەیەکی زانخواز و خاوەن زانست؛ شوێنێک بووە گەلی ئێمەی لەڕێگەی فێربوون و پەروەردەوە بە جیهان بەستووەتەوە.
ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی گوتارەکەیە:

بەڕێز د.عەبدولەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق،
بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان،
بەڕێز موحسین مەندەلاوی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەکالەت ،
میوانانی هێژا ، ئەندامانی فاکەڵتی، خێزانە بەڕێزەکان، هاوڕێیان، دەرچووانی ساڵی 2024.
زۆر زۆر بەخێر بێن.
من زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە بەشدارم لە ئاهەنگی دەرچووانی ژمارەیەکی دیکە لە قوتابیان , پیرۆزبایی لە دەرچووان دەکەم و هیوادارم لە هەموو قۆناخەکانی ژیانیان سەرکەوتوو بن.
ئەمشەو شەوێکی وەرچەرخانە بۆ هەمووتان. بە تایبەت بۆ ئێوەی دەرچوو، ئەمە دەستپێک و خاڵی دواتری ئامانجەکەتانە. لەم ساتە بەدواوە، ئێوە داواتان لێدەکرێت لە جیهاندا بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن، ئەو بەهرانەی لە زانکۆ فێری بوون بەکاریان بهێنن. ئێوە دەچنە پاڵ ئەو 406 دەرچووە خۆشەویستانەی، لە دەیەی ڕابردوو کە بەم هۆڵانەدا تێپەڕیوون و بەردەوامن لە بەشداریکردن لە بازاڕی کاری بەهرەدار لە ناوخۆ و دەرەوە. من زۆر دڵخۆشم بەوەی ئەمە دەبێتە دەیەمین ساڵەی دامەزراندنی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان. دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەوانە بکەم، کە لە دەیەی رابردوودا پاڵپشتییەکی بێپایانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستانیان کردووە.
بەدرێژایی ئەم چەند ساڵە، ئەم دامەزراوەیە، بووەتە بەردی بناخەی تێڕوانینی ئێمە بۆ کوردستان وەک نەتەوەیەکی زانستخواز و خاوەن زانست؛ شوێنێک بووە گەلی ئێمەی لەڕێگەی فێربوون و پەروەردەوە بە جیهان بەستووەتەوە، لە هەمانکاتیش لە ناوخۆ پەرەی بە گەشەسەندن و شارەزایی داوە و بەردەوامە. ئێمە نەک دەمانەوێت ئێوە سەرکەوتوو بن، بەڵکو دەخوازین ببنە باشترین ئەو کەسانەی دەتوانن ببن ڕۆڵیان هەبێت لە خۆشگوزەرانی ئێمە لە داهاتوودا.
من وەک دامەزرێنەر و سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی کوردستان، پێشبینی ئەوەم کرد، ئەم زانکۆیە ببێتە بەردی بناخەی گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووریمان، ببێتە دڵی کۆمەڵگەی دهۆک و کوردستان بە شێوەیەکی فراوانتر.
خۆشحاڵم بەوەی ئامانجەکەمان پێکاوە. دەرچووانی ئەم زانکۆیە ،داینەمۆی حکومەتەکەمانن و لە ناوچە هەستیارەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا گەشە دەکەن. بە درێژایی هەوڵەکانمان بۆ یەکخستنی ئابووریمان لەگەڵ بازاڕە جیهانی و هەرێمییەکان، ژمارەیەکی زۆری دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان دەبینین کە کەسایەتی و پێگەی خۆیان دروست دەکەن.
دەرچووان بەشێکی دانەبڕاون لە هەوڵەکانی ئێمە بۆ بنیاتنانی ئابووریی و داراییەکی نوێ. ئێمە لە کەرتی کشتوکاڵ دەرفەتی کارمان بۆ ئێوە هەیە، لەوێوە ڕێگە خۆشدەکەین بەرەو خۆبەردەوامی و خۆبژێویی و هەناردەکردن. ئێمە پێویستمان بە شارەزایی هەیە لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان، دارایی و دیپلۆماسیی و هەروەها لەو بوارانەی کە تابیەتن بەوەی چۆن بتوانین رووبەڕووی گۆڕانی خێرای کەشوهەوا بینەوە.
ئەگەر بەباشی کاربکەن و هەوڵ بدەن، رۆڵێک لە کوردستانی نوێ بەدەست دەهێنن، یان لەوانەیە لە دەرەوە زیاتر بەردەوامی بە پڕۆسەی خوێندنتان بدەن بە پشتبەستن بەم هەوڵانەی لێرە داوتانە. شانازیی دەکەین بەو کوڕ و کچانەمان لە دەرەوەن. ئامانجمان ئەوەیە، بارودۆخێکتان بۆ بڕەخسێنین بگەڕێنەوە نیشتمان و بەخۆشی بژین. ناوەندی ئەکادیمیمان لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان و هەر شوێنێکی دیکە هاندەدەم، هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئامادەکردنی دەرچووانمان بۆ بازاڕ و هێزی کار. دەبێت ئێمە کار بکەین بۆ ئەوەی خۆمان بگونجێنین لەگەڵ خواست و دەرفەتی نوێ لە هێزی کاردا.
پڕۆگرامەکانی بەرەوپێشبردن و ئەو کۆرسانەی فێرکردن، پەیوەندیدارن بە پێداویستییەکانمان، وەک ئابووری نوێ، خوێندن و پەروەردە، کشتوکاڵ و جیهانی سەرسوڕهێنەری زیرەکیی دەستکرد، ئەم بوارانە زۆر گرنگن.
پێویستە پڕۆگرامەکانی خوێندن ڕەنگدانەوەی خواستەکانی جیهان بن. سەبارەت بەمە، چەند سەرنج و تێبینییەکم هەیە و دەمەوێت بیانخەمە ڕوو، ئەوانیش پەیوەندیدارن بە دۆخی داهاتووی ژیانمانەوە.
لەکاتێکدا هیچ کام لە ئێمە نازانێت لە چەند ساڵی داهاتوو، زیرەکیی دەستکرد بەرەو کوێمان دەبات، هەموومان هەستێکمان لەلا دروستبووە، کە زیرەکیی دەستکرد لەکوێوە ئێمەی گەیاندووەتە ئێستا. ئەو زانیاریی و ئەپڵیکەیشنانەی ئێستا بەردەستن، زۆر لەوە زیاتر ئەنجامدەدەن، کە مرۆڤایەتی لە رابردوو ئەنجامیداوە و دروستیکردووە. لەکاتێکدا بەرنامەکانی زیرەکیی دەستکرد بە بەڕێوەبردنی ئەرکەکان، خشتە و پەیوەندیکردن، ژیانی رۆژانەمان ئاسان دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا رێگریی لە دەربڕینی راستەقینە و بەهرەکانی پەیوەندیکردنمان دەکەن. لە نووسینی ئیمەیلەوە بۆ ئەگەری دزەکردن بە نووسینی ئەکادیمی، زیرەکیی دەستکرد چەندین ئاڵنگاریی دروستدەکات، ئەوەش ەکرێ ببێتە هۆی ئەوەی توانای دەربڕینی بیرۆکەکانمان بەشێوەیەکی روون و دروست لاواز بکات. ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانی لە شوێنی کار و دامەزراوەکان. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمە، دەبێت هێزی دەنگی خۆمان، بیرۆکەکانمان، هزر و دیدگە و تێگەیشتنمان گەشە پێ بدەین، ئەوانەش لە هاندانی گوتاری مانادار و گەشەسەندن، جێگرەوەیان نییە.
ڕاستە ئێستا دەستڕاگەیشتن و پەیوەندیکردن بە زیرەکیی دەستکرد، گونجاو و ئاسایی دێتە بەرچاو، بەڵام نابێت لە بیرمان بچێت کە زیرەکیی هەست و نەستی مرۆڤ، هەمیشە بناخەی پەیوەندیی رەسەن و پێشکەوتنی زانست دەبێت. رێگە مەدەن تەکنەلۆژیا دەنگی بێوێنەتان بێدەنگ بکات ، بەرەو پێشەوە بڕۆن و بە متمانەوە پەیوەندیی بکەن و قسە بکەن، هەروەک هزر و تێگەیشتنەکانتان لەڕێگەی پەروەردە و ئەزموونەوە بەهێز دەکرێن، ئەوە ئەو شتەیە کە جیات دەکاتەوە و هەمیشە لە بیرۆکە دروستکراوەکانی ئامێرێک بەنرختر دەبن. ئەم جیهانەی خێرا گەشە دەکات، ئەوانەی لەگەڵ پێشکەوتنی ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایە گەورە نەبوون، بەجێدەمێنن.
دەرچووان هاندەدەم هاوکاریی ئەندامانی خێزانەکانتان بکەن و لەگەڵ ئەم جیهانە نوێیە رایان بهێنن. زانکۆی ئەمەریکی کوردستان هاندەدەم ڕەچاوی ئەو پڕۆگرامانە بکەن بۆ هەرکەسێک بیەوێت زیاتر بزانێت. ئەگەر کات بۆ پەروەردەکردنی هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگەکانمان تەرخان بکەین، نابێت تەکنەلۆژیا ببێتە رێگر. ئەو ئابوورییە نوێیەی بنیاتی دەنێین، پێویستی بە شێوەیەکی جیاواز لە بەشداریکردنی هاووڵاتیانمان هەیە، من داوا دەکەم هەموو کوردستانییەک، بە تایبەتی بەتەمەنەکانمان،پشتیوانییان بکرێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ تەکنەلۆژیای نوێ. سیستمی بانکیی دیجیتاڵی بە تایبەتیی، توانای شۆڕشکردنی هەیە لە چۆنیەتی هەڵگرتن و گواستنەوەی داراییمان. داوا لە قوتابیان دەکەم، چۆن لێرە فێربوون، بەو شێوەیەش کات تەرخانبکەن بۆ فێرکردنی ئەندامانی خێزانەکانیان. ئێمە هەموو پێکەوە لەم گەشتەداین و ناکرێت هیچ کەس لەدواوە جێبمێنێت.
بەدرێژایی مێژووە کورتەکەی، زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، چرای فرەچەشنی و تێکەڵبوون بووە، شانازی دەکەم بەوەی بڵێم، 72 لەسەدی قوتابیانی ئێرە لە چەند جۆرێک لە سکۆلەرشیپ سوودمەند بوون. باوەڕم بەوەیە، توانای خوێندن و پەروەردە ژیان بگۆڕێت. ئێمە پابەندین بەوەی دەرفەت بۆ هەمووان بڕەخسێنین، بێ گوێدانە پێشینە و باکگراوند. بەدواداچوونی بەردەواممان بۆ متمانەبەخشینی ئەمەریکا، جەخت لە پابەندیمان دەکاتەوە بۆ دڵنیایی کوالێتی و بەرەوپێشبردنی بەردەوام.
وەک یەکەم دامەزراوە لە وڵاتدا بۆ گەڕان بەدوای ئەم دانپێدانانە شکۆدارەدا، ئێوە توانای ئەوەتان دەبێت داهاتوو بنەخشێنن و بەردەوام گۆڕانکاریی دروستبکەن.
بۆ دەرچووانی 2024، بەرەوپێشەوە هەنگاو بنێن و ئەو دەرفەتانە بقۆزنەوە کە ئەم زانکۆیە بۆی ڕەخساندوون. شانازیی بکەن بەوەی لێرە بەدەستتان هێناوە، شانازی بکەن بەوەی ئێوە کێن. وەک کوڕ و کچانی ئەم نیشتمانە، هەرگیز لەیادی نەکەن لەکوێوە هاتوون و هەرگیز خۆتان بە کەم مەزانن. هانتان دەدەم لەسەر بەهاکانتان بژین، هاوکاریمان بکەن بۆ رابەرایەتیکردنی هەوڵەکان بۆ گۆڕانکاریی لە بوارە گرنگەکان.
داهاتووی نیشتمانەکەمان و بوونی هەسارەکەمان لە دەستی نەوەی ئێوە دەبێت. لەوانەیە ئەمە بەرپرسیاریەتییەکی قورس بێت، هەر واش دەبێت. بەڵام هانی هەمووتان دەدەم، لەبەرامبەر ئاڵنگارییەکان هەمیشە ئامادە بن و جیاوازیی دروستبکەن. خوێندن و پەروەردەکەتان بەکاربهێنن بۆ گۆڕانکاریی ئەرێنی، بۆ داهێنان و نوێگەریی، بۆ رابەرایەتیکردن بە دڵسۆزیی و دەستپاکییەوە.
دەرچووانی 2024 : جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێ دەکەم. ئێمە بەپەرۆشین بۆ ئەوەی بزانین داهاتوومان چۆن دەبێت. بە باوەڕ و متمانەوە بەرەو پێشەوە بڕۆن، پابەند بن بەوەی جیهان بکەن بە شوێنێکی باشتر.
سوپاس.

هەواڵی پەیوەندیدار

حوسیی یەمەنی هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی نەوت‌هەڵگری چینی

یاسین

کەشناسى پێشبینییەکانی  بۆ 48 کاتژمێرى داهاتوو راگەیاند

سەڵاح

سوپای ئەمریکا دوو فڕۆکەی حوسییەکان لەناو دەبات

سەڵاح