ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدییەکان: ئێزیدییەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کورد و یەک نەتەوەن

 

ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزیدییەکان هەوڵەکانی هەندێک لایەن بۆ گۆڕینی ناسنامەکەیان ڕەت دەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، “ئێزیدییەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کورد و داب و نەریتەکانیان لەگەڵ کولتووری گشتیی کوردیدا دەگونجێت”.

ئەمڕۆ شەممە، 08-06-2024، ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزیدییەکان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هەوڵی ژمارەیەک لایەن بۆ گۆڕینی ناسنامەی “ئێزیدییەکان” لە کوردەوە بۆ نەتەوەیەکی سەربەخۆ، لە ڕێگەی پەرلەمانی عێراق؛ بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزیدییەکان بە توندی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ناسنامەی ئێزیدی لە کوردەوە بۆ هەر نەتەوەیەکی دیکە و دەستکاریکردنی ئەم شوناسە ڕەت دەکاتەوە.

ئێزیدییەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کورد و ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و ڕۆشنبیرییان بە قووڵی لە خاکی کورددا چەسپاوە”.

ئێزیدی، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی لێ کراوەتەوە، “ئایینێکی کۆنە و مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و بەشێکە لە میراتی مێژینەی گەلی کورد.

ئێزیدییەکان بە زمانی کوردی قسە دەکەن، داب و نەریتی ئەوانیش لەگەڵ کولتووری گشتیی کوردیدا دەگونجێت. ئێزیدییەکان بە درێژایی سەدەکان سەرەڕای ئەو تەحەددا و گۆشەگیرییانەی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، ناسنامەی ئایینی و نەتەوەیی خۆیان پاراستووە.”

ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزیدی جەخت لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە ناسنامەی کوردی ئێزیدی و هەوڵنەدان بۆ گۆڕین و ساختەکردنی دەکاتەوە. دەشڵێت، “پاراستنی ئەم ناسنامەیە مافێکی سروشتی و ئەرکێکی پیرۆزە و بەشێکی دانەبڕاوە لە پاراستنی میراتی کولتووری و ئایینی گەلی ئێزیدی و گەلی کورد بە گشتی”.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

سەڵاح

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار گرێبەستی پرۆژه‌ی ئاوی چه‌مچه‌ماڵ به‌ گوژمه‌ی 78 ملیۆن دۆلار واژوو ده‌كات

یاسین

لە کاتی هەورە بروسکە ماڵێک ئاگر دەگرێت

دڵشاد